ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  
 
لەڕوانگەی چینایەتەوە
هەرێمی کوردستان خاوەنی سوتەمەنی زۆر وزەوەندە ودەتوانێت بەتەواوەتی سوتەمەنی تەواو دابین بکات بۆ هەموو پێداوویستیەکانی ڕۆژانەی خەڵک وسەرجەم بوارەکانی ناو پرۆسەی کارکردن بەگشتی و شۆفێران بەتایبەتی، ئەگەر لەپرۆسەیەکی وەبەرهێنانی نیشتمانی وبەپێ بەرژەوەندی گشتی کاری لەسەر بکات ،
بەڵام حکومەتی هەرێم ساڵ لەدوای ساڵ خۆی لەم ئەرکە دەدزێتەوە کە سەرەتایترین مافی هاوڵاتیان ئەوەیە سوودمەند بێت لەسامانی سروشتی ووڵاتەکەیان و هەموو ڕۆژێ گیرۆدەی نەبوونی سوتەمەنی یان گران بوونی نرخی بەنزین نەبێتەوە وەک ئەوەی ئێستا ڕووبەڕووی شۆفێران بۆتەوە کە بەدەیان هەزار شۆفێر تاکسی ژیان وگوزەرانی خۆیان وخێزانەکانیان لەسەر کاری شۆفێری دابین دەکەن بەڵام نرخی بەنزینیان لەسەر بەرزکردونەتەوە.
دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان لەچوارچێوەی سیاسەتی ئابووری بازاڕ و لەسەر بنەمای بەرژەوەندی چینایەتی و قازانجی مادیی بۆچەند کۆمپانیایەکی حزبی وچەند سەرمایەدارێک پرۆسەی پاڵاوتن و فرۆشتن و گواستنەوەی سووتەمەنی خستۆتە ژێر دەستی چەند کۆمپانیایەکەوە و ئەم بەرپرسیارێتەی لەئەستۆی خۆی لابردووە بێ ئەوەی ڕەچاوی ژیان و گوزەرانی خەڵک و کاسبکاران وشۆفێران بکات هاوزەمان بەمەشەوە نەوەستاوە چەند ساڵ جارێک بەنزینخانەکان دەخاتە زیادکردنی ئاشکرا (مزایەدەی عەلەنی )وخەڵک و کۆمپانیای تایبەت بەخۆی دەخاتە مزایەدەکەوە و نرخ زیاددەکەن لەسەر ئەوبەنزینخانانە کە موڵکی خۆیان نین وهی خەڵکی کاسبکارە و تاکو کرێی ساڵانەی بەنزینخانەکان بەدەقات زیاد بکەن لەسەریان و بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ کاردەکەن بۆ بەرزکردنەوەی نرخی بەنزین لەپێناو پڕ کردنی گیرفانی چەند سەرمایەدارێک و کۆمپانیایەک لەسەر حسابی خەڵکی هەژارو بەشمەینەتی کورستان لەسە ر کار و کاسبی شۆفێران کەبوارێکی خزمەتگوزاری گرنگە بۆ هاتوچۆی ڕۆژانەی هاونیشتمانیان .
بۆ بەرەنگار بوونەوەی ئەم سیاسەت و بڕیارانە ناڕەزایەتیەکی زۆر لەناو شۆفێراندا دروست بووە ومانگرتنی شوفێرانی لیژنەی تاکسیەکانی سلێمانی لەبەردەم پارێزگاری سلێمانیدا نموونەیەکی زیندووی خەباتی مەدەنی خاوەن پیشە بچوکەکانە کەدەسەڵات لەجیاتی بێت بەدەم داواکاریەکانیانەوە ڕێگری لەچالاکیەکانیان دەکات ئەم هەوڵ وناڕەزایەتیانەی شۆفێران دەچێتە چوارچێوەی خەباتێکی جەماورەی لەپێناو بژێوی رۆژانەی خۆیان و لەهەمان کاتدا دژی بە بازاڕ کردنی ئابووری وبازرگانی سەرمایەداریە ودەبێت شۆفێران بەیەک دەنگ ویەک هەڵوێست دوور لە پابەند بوونی حزبی وسیاسی بەردەوام بن لەم خەباتەیاندا لەهەموو شوێنەکانی کارکردندا ئەنجومەنی خۆیان هەڵبژێرن ئەوانە بکەن دەمڕاستی خۆیان بۆ جێبەجێکردنی داواکانیان و ئەرکی هێزو لایەنی چەپ و کۆمنیست وسەندیکاکانە پشتیوانی داخوازیەکانی شۆفێران بکەن و بیکەنە بەشێک لەتێکۆشانی سیاسی خۆیان لە چوارچێوەی ململانێ لەگەڵ دەسەڵاتدارانی بۆرجوازی کوردستان ، لەپێناو دەستەبەرکردنی ژیانێکی شکۆدارو بەرزدا نەک ئەو نەبوونی ونەدارییەی لەئێستادا بەرۆکی خەڵکی گرتووە ولەولاشەوە بەئاسانی گیرفانی دەسەڵات و شەریکە بۆرجوازیەکانیان پڕ تر دەبێت لەسامانی دزراوی نیشتمان كەمۆڵکی گشتیەو دەبێت هەمووان بەهرەمەند بن لێی نەک تەنها کۆمەڵێ بۆرجوازی مشەخۆری دەسەڵاتدار .