ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

مرۆڤێک لە مەعدەنی پۆڵا و ئەڵماس و زێڕ ماڵئاوا

باوکی چوار برا شەهیدەکەی کەرکوک ماڵئاوا

پێشمەرگەی دێرین و تێکۆشەر ماڵئاوا

جوامێرێکی خۆنەویست و قارەمان ماڵئاوا

ماڵ ئاوا مام فەتاح ماڵ ئاوا ، ماڵ ئاوا (مەلا شکور) ماڵئاوا

ماڵئاوا شیوعیەکی سەرسەخت و دڵسۆز ماڵئاوا

مرۆڤێکی کەم وێنە و تاک هەڵکەوتوو ماڵ ئاوا

مرۆڤێک خاوەن بیرو باوەڕی پوڵایین، بیرو باوەڕێک تیژ عەینی ئەڵماس، شۆڕشگێڕ، خەباتگێڕ و تێکۆشەر، قارەمانێکی کەم وێنە و خۆ نەویست و خێر لە خۆنەدیو، ئاخر ئەو بۆ میللەتەکەی قوربانی ئەدا، قوربانیەک لە بۆ وەدەستهێنانی ئازادی و سەربەستی و خۆشگوزەرانی بۆ هەمووان!

پێشووتر چوار ڕۆڵەی جوانەمەرگت لەدەست بدەیت و هاوارو باوکەڕۆ نەکەیت! تەنانەت مەرگیشیانت نەدیبو!

هەتا سەرت نایەوە (دوێنێ ئێوارە) نەشت زانی گڵکۆشیان هەیە یان نەء ، کەچی تۆ نە شکایت و نە چەمایتوە!

هاوسەرو کچەکانت و تاقە کوڕە بچکۆلانە بەجێماوەکەشت هەر ڕۆژەو لە زیندانێکدا چاویان ئەکردەوە، لەپاش زیندانی بەڕاکە ڕاک و دەربەدەری و ئەم ماڵ و ئەو ماڵ ژیانیان بەسەر ئەبرد، کەچی تۆ هەر نە شکایت و نە چەمایتەوە!

خۆت وەکو پێشمەرگەیەک تووشی چەندەها شەڕو ڕووبەڕوو بوونەوەی مەرگ بوویت و دێ بەدێ خاکی کوردستان بەپێ ئەپێواو هیچ ئاگایەکت لە هەواڵی خێزانە دەربەدەرە و کۆست کەوتووەکەت نەبوو، کەچی تۆ هەر نە شکایت و نەچەمایتەوە!

هەموو خزم و کەسان و دراوسێکانت پەنایان بۆ بردیت کە کۆتایی بەم ماڵوێرانیە بهێنیت تاکو خێزانەکەت کۆکەیتەوە و ڕزگاریان ببێت لە ئازارو ئەشکەنجەو دەردەسەری، کەچی لەبری ئەوە تێکڕای خێزانت کردبووە پێشمەرگە و شانەی نهێنی ڕووبەڕووبوونەوەی بەعسیە چەپەڵەکان و قوربانی لە پاش قوربانیت ئەدا، کەچی تۆ هەر نەشکایت و نەچەمایتەوە!

بەبرینداری و نەخۆشی تۆیان ناردە تاراوگە و ووڵاتی غەریبی بۆ چارەسەر، نەکەست ئەناسی و نەزمانت ئەزانی،

کەچی تۆ هەر نە شکایت و نە چەمایتەوە!

بە و تەمەنەی کە مابووت لە ژیانی تاراوگە و بەنەخۆشی وپیریەوە لەپاش ڕوخانی ڕژێمیش هەر بەردەوام بوویت لە کۆشش ئەمجارەیان بەجۆرێکی دیکە!ئەمجارەیان خەرجێکانت کەمکردبۆوە و لەدەمی خۆتت ئەگرتەوە ، قەرزت لەدەوڵەتی سوید ئەکرد تاکو کۆمەکی مادی و یارمەتی بۆ ئەوانی لە خێزانەکەت مابوونەوە (هاوسەرو کچەکانت) بنێریت و خانویەکیان بۆ دابین بکەیت کە تیایدا بژین (من ئاگەدار بووم، ئاخر منیش ماوەیک لە و خانوەدا لەگەڵیان ژیام)! تۆ نەتدەویست ئەوان یارمەتی لەکەسی دیکە وەرگرن، تۆ ویستت بۆ تەنها جارێک لە ژیانتا لایەک لە خێزانەکەت بکەیتەوە، تەنها ئەمجارەیان ویستت بەرپرسیاریەک بەرانبەر خێزانەکەت بگریتە ئەستۆت چونکە تۆ نە بۆ خۆت ئەژیایت و نە بۆ خێزانت تۆ بۆ میللەت و خاکت ئەژیایت، کەچی تۆ هەر نە شکایت و نە چەمایتەوە!

بەر لە ٤٥ ڕۆژ هەواڵی مەرگی کچە نازدارەکەت دادە(شەرمین)ت پێگەیشت بەبێ ئەوەی بتوانی ماڵئاوایی لێ بکەیت یاخود سەردانی گڵکۆی پیرۆزی بکەی، کەچی تۆ هەر نەشکایت و نە چەمایتەوە!

پێم ناڵێیت تۆ لە چی دروستکرا بوویت؟ تۆ چ مرۆڤێکی؟

ڕەنجی دەستی کام خالق وپەروەردەی چۆن مامۆستایەک بوویت؟ کێ ئەم هەموو ووزەیەی پێ دابوویت؟

ئاخر ئەم هەموو خۆڕاگریەت لە چی؟

نەم بیست ڕۆژێک لە ڕۆژان چاوەڕوانی پاداشتێک بیت؟ هەندێ جار کە تەلەفۆنم بۆ ئەکردیت چاک ئەمزانی تەندرووستیت بەرەو خەراپی ئەڕوات و جێگیر نیە، کە چی تۆ هەر دەم ئەتووت من زۆر باشم! ئاخر ئەم هەموو تێڕوانینە پۆزەتیڤانەت لەکوێوە ئەهانی؟

کاتێ لە حزورتا دائەنیشتم هەرگیز باسی ڕۆژانی سەختی خۆتت نەئەکرد! ئاخر تۆ هێندە گەورە بوویت پێویستت بە باسکردن نەبوو! من ئەزانم تۆ نەتدەویست باسی قوربانیدانی خۆت بکەیت چونکە قەناعەتی تەواوت بەو ڕێبازەت هەبوو کە ئەو هەموو قوربانیەت لە پێناویدا دابو هەربۆیە نەچاوەڕوانی پاداشت بوویت و نەچاوەڕوانی پەیکەرێکیش بوویت بۆت بکرێت!

من تۆم چاک ئەناسی، مرۆڤێکی هەردەم توڕە بویت ، هەردەم ناخت لە جۆش و کوڵان و هەڵتۆقیندا بوو ، ناخی تۆ بورکانێک بوو لەگڕو گڵپە، ئەزانی بۆ؟ چونکە ئەو ئامانجەی تۆ بۆی تێدەکۆشایت و قوربانی زۆرت لەپێناویدا داوە هێشتا بەرجەستە نەکراوە و نەهاتۆتە دی!

تۆ دژی ناحەقی و نا عەدالەتی ئەجەنگای ، تۆ شۆڕشگێڕێکی ئازادی خۆاز بویت و لە بۆ سەروەری یاساو عەدالەتی کۆمەڵایەتی ئەجەنگای، ئازادی و سەربەستی گەل و نیشتمان لای تۆ زۆر پیرۆز بوو بەڵام مەخابن هیچیانت بەچاوی خۆت نەبینی هەر بەم هۆیەوە تۆ کەسێکی توڕە بوویت، بەڵام توڕەیەک کەناخی خۆتت پێی موتربە ئەکرد ، توڕەییەک کە ببوە خۆراکی ژیانت ، توڕەیەک تەنها لەخۆتەوە بۆ خۆت بوو، ئەگینا تۆ وەکو مۆمێک خۆت ئەسوتای و دەتویست ڕووناکی بە بەرانبەر ببەخشیت! توڕەیەکەت زۆر ئاساییە و حەقی خۆتە!

هەرکەس تۆی نەناسیبا وای دەزانی تۆ زۆر توڕەیت ، بەڵام نەیدەزانی تۆ خاوەنی پەیامێکی پیرۆزی مرۆڤایەتیت! هەندێ جار توڕەیی مرۆڤ لە جوامێریی و لایەنگیری حەقەوەیە، تۆ لەم جۆرە مرۆڤە بوویت!

ئەگەر یەک زەرە حەق مابێت ، ئەبوایە پەیکەرێکت لەبەرزایی بەرزترین چیای کوردستان بۆ بکرایە!

بنوو بە هێمنی و پشوو بدە، ئێستا کاتی ئەوە هاتووە کە بە جەمیل و ئازاد و سالارو نەوزاد و شەرمین شاد بیتەوە!

کاتێتی کەباوەشیان بۆ بگریت چونکە دەمێکە ئەوان لە باوەشی باوکایەتیدا مەحرومن!

ئۆغرت خێر ، ماڵت ئاوا ، ئەوەی کردت ناکرێتەوە!

ماڵت ئاوا هەموو چاوەکانی کەرکوک بە فرمێسکەوە چاوەڕوانتن، وا ئەسرینی دڵسۆزی و بەوەفایی و جوامێریت بۆ ئەڕێژن. گۆڕستانی شۆریجە وا ئەستێرەیەکی دیکە لە باوەش دەگرێت، زۆر تامەزرۆی لە ئامێزگرتنتە!

ڕوحت شاد، ئارامگەت ئاسودە

هەزارەها سڵاو لە تۆ و لەچوار براو دادە شەرمین

جێگەی شانازی هەموانی .

عەبدوڵا زەنگەنە - ڤیەننا.

٩-٦-٢٠٢١