ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

خۆشەویستم كریستینا: تێگەیشتن‌و روانگە‌و مامەڵەی كوردەكان لەسەر گیاندار‌و ئاژەڵا بە گشتی مامەڵەیەكی تەندروست‌و مرۆییانە نیە، بەوپەڕی دڵڕەقی هەڵس‌و كەوتیان لەگەڵا دەكەن‌و لێیان دەڕوانن. جەژنی قوربان جەژنێكی ئایینی ساڵانەیە‌و خەڵكی ئەو وڵاتە لە رووی قسە وای وێنادەكەن كە قوربان جەژنی ئاشتی‌و تەبایی‌و گەردن ئازاییە، لەو رۆژەدا شەققەی تەوقەو مرچەی یەكتری ماچكردن گوند‌و شار‌و كوچە‌و كۆڵان پڕ دەكات، خەڵكی بە وێنەی شارە مێروولە لەوسەر بۆ ئەو سەر سەردانی یەكتری دەكەن‌و عاشقانە ئاوێزانەی یەكتری دەبن، بەڵام چەند رۆژێك بەر لە هاتنی ئەو جەژنە دڵڕەقی‌و هەڵس‌و كەوتی خەڵكی ئەو وڵاتە لەگەڵا ئاژەڵەكان دەگاتە لوتكەی توند‌وتیژی‌و بەوپەڕی بێ‌ بەزەیی لەگەڵیان دەجولێنەوە.

سەڵانە‌و بەو بۆنەیەوە دەیان هەزار ئاژەڵا سەردەبڕدرێت، خوێنی ئاژەڵی سەربڕاو لەناو شار‌و كوچە‌و كۆڵان‌و بگرە بەر دەرگای ماڵانیش رێچكە دەبەستێت، بە بەرچاوی منداڵەكان چەقۆ دەخەنە گەردنی مەر‌وِ بزن‌و مانگاو گۆلك‌و دەنگی چەقۆ‌و ناڵەی ئاژەڵەكان لە ترسی سەربڕین دەبێتە هاوار‌و ناڵەیەكی غەمگین‌و تەواوی وڵات دادەپۆشێت.

كریستینای ئازیز: دەزانی بەشێكی زۆری كوردەكان ئازایەتی خۆیان لەسەربڕینی ئاژەڵا دەبیننەوە، دوو رۆژ پێش جەژن لەسەر شاشەی تەلەفزیۆنی كەناڵێكی ئاسمانی پیاوێكی كەتەی قەڵەوم بینی دوو چەقۆی گەورەی پێ‌ بوو، بە بەرچاوی هەموو دونیا چەقۆ گەورەكانی لە یەكتری دەسوێ‌‌و سەراپای جلە كوردییەكەشی خوێناوی ئاژەڵە سەربڕاوەكان بوو، یەك بەخۆی‌و بەوپەڕی شانازی هاواری دەكرد لە ماوەی سێ‌ رۆژدا پێنج سەد مەڕ‌و بزن‌و گۆڵكی سەربڕیوە.

كریستینا: من گلەیی ئەوەیان لێناكەم بۆچی ئاژەڵا سەردەبڕن‌و یاخود گۆشت خۆرن، چونكە ئایینەكەیان رێگای ئەوەی پێداون‌و ئێمەی ئەوروپیش وەكو ئەوان گۆشت خۆرین، بەڵكو قسەی من لەسەر ئەوەیە كە بۆچی بە ئاشكراو بە بەرچاوی منداڵەكانیان بەوپەڕی دڵڕەقی پەلاماری ئەو هەموو كار‌و بەرخ‌و مانگایە دەدەن‌و سەریان دەبڕن، قسەی من لەسەر ئەوەشە بۆ دەبێت سەربڕینی گیاندارەكان ئازایەتی‌و شانازی بێت؟ لەوەش سەیرتر ئەوەیە لەناو كوردەكان ئەگەر كەسێك سۆز‌و هەست‌و عاتیفە رێگای پێنەدا باڵندە‌و ئاژەڵا سەربڕێت بە ترسنۆك ناوی دەبەن.

 

  • 1