ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

پەیوەندی لە زانستە مرۆییەكاندا و تەنانەت لەزانستی سیاسەتیشدا چەمكێكی گرنگ وپڕ بایەخە و لە زۆر لەبوارە جیاجیاكانی ژیانی رۆژانەدا مامەڵە وكاری پێ‌ دەكرێ‌. واتا چەمكی پەیوەندی بە خەسڵەتی تایبەتی خۆیەوە چەمكێكی زیندوی كۆمەڵایەتییە ودەكرێ‌ بەردەوام لەكۆی پێكهاتەی لێكدانەوە جیاوازەكاندا كاری لەسەر بكرێ‌ وهاوكات پێوەریش بێت بۆ بەستنەوە وگرێ‌ دانەوەی رایەڵەی هاوتەبایی ولەیەك نزیكبوونەوە.

لەمانا گشتی ومرۆییەكەیشیدا و بەدەر لەوەی چەندین تەعبیر وپێناسی تایبەتی بۆ دەكرێت كرۆكێكی هاوبەشی كۆمەڵایەتی سیاسی هەیە ولەهەر قۆناغێك لەقۆناغەكانی ژیانی كۆمەڵگادا فاكتەری بەهێزكردنی خودی پەیوەندیە كۆمەڵاتەتییەكانە و هۆكارە بۆ ئەوەی كەئێمە چۆن وبەچی شێوازێك كارلەسەر داهاتوو وپاشەرۆژمان بكەین، ئیعتباراتی پەیوەندیە وادەكات بەردەوام رویەكی ئەخلاقی كۆمەڵایەتی مومارەسە بكرێ‌ وبكرێتە پێوەری كاركردن. نەك بەشێوەیەكی هەرەمەكیانە ونائەخلاقی دەست لەبنەما وخاڵبەندییەكانی ئەم پەیوەندییە بدرێ‌. بەراستی لە كۆی كایە جیاجیاكانی پێكهاتەی كۆمەڵایەتی كۆمەڵگای ئێمەدا ئەم مەسەلەیە زۆر زەقە و لای ئێمەی كورد پەیوەندی بەمانا فراوانەكەی هیچ گرنگی نییە و لە ناوەخندا بێبایەخ دەبینرێ. واتا بەرلەوەی كە لە ڕاستی ئەو پەیوەندیە تێبگەین هەمیشە بەگومانەوە كاری لەسەردەكەین و نامانەوێ‌ وەك خۆی لەویتربڕوانین.

هەمیشە گومانیش پێوەرە لە گرێ‌ دانی بنەمای پەیوەندییەكانماندا. من گومانم هەیە لەو هاوبەشییەی كە ئێمە لەسەر پێكهاتەی سیاسی كاری لەسەردەكەین ، تۆش گومانت هەیەكە پەیوەندییەكانی هەردوولامان بۆ بەرژەوەندی گشتی بێت و بەپێچەوانەوە ئەو پەیوەندییە بۆ بەرژەوەندی تایبەتیە. ئەم گومانە لەتێڕوانینماندا بۆ پەیوەندییەكان وای كردوە كە ئێمە هەمیشە بەترسەوە دەست بدەینە دەستی یەكترو توخم ورەگەزەكانی بەرژەوەندیی هاوبەشەكان لە بەر چاو نەگرین ، هۆكاری ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی كە زۆرجار لەلای ئێمە فۆرم وناوەڕۆكی پەیوەندییەكان بۆ بەرژەوەندیی تایبەتە وبەهەمان شێوەش ئەم مەسەلەیە لەهەرەمی دەسەڵاتەوە تادەگاتە پێكهاتەكانی خوارەوە رەنگدانەوەی تایبەتی خۆی هەیە وهۆكارە بۆ لەبەر یەك هەڵوەشانەوەی ئەو تێگەیشتنەمان لە ئیعتباری پەیوەندی .

دەمێكە لە سیاسەت و ڕەفتاری حوكمرانی كوردیدا نرخ بۆ پەیوەندەییەكان دانانرێ وفەرامۆشكراوە . چونكە لەلای ئێمە ئەوەی ئیعتباری نەبێ‌ ڕاستی و دروستی پەیوەندییە لەناو ئەو بێ‌ ئیعتباریەشدا پەیوەندییەكان بونەتە مەخسەرەو بەهەر لایەكدا بابێ‌ شەنی پێدەكرێ . هەر بۆیەشە دەبینی لەدەرەوەی ئێمەش خەڵك بەگۆمانەوە لەپەیوەندییەكان دەڕوانێت. بۆ نموونە كە سەكردەو سەرۆكی وڵاتێكی بیانی سەردانی لایەك دەكات لەكوردستان ئەوە یەكسەر لایەكەی تر تووشی شۆك دەبێت ولە لای خۆیەوە گومان دەكات كەئەو پەیوەندییە لەسەر حیسابی ئەم بێت و... هتد بۆیە بەڕاستی و ڕەوانی پەیوەندییەكانمان بوەتە مەسەلەیەكی لاوەكی وهیچ گرنگی و بایەخی نەماوە ولە بەرامبەریشدا كەس خۆی لێ‌ تێناگەیەنێ‌. هەر بۆیەشە دەبینی رووداو پێشهاتەكان چەند بە خراپ بەسەر ئێمەدا دەشكێتەوە و هەرجارە و بە دیوێكدا دەبرێین و ناتوانین سود لە هەڵە و مەترسیەكان وەرگرین كە خودی خۆمان بەرپرسیارین لە بەرهەمهێنانی ، دەبێ ئەوەش بڵێین كە هەر ئەمەشە بوەتە هۆكاری ئەو بەدحاڵی بوون و ناڕوونیەی كە لە كایەی سیاسی كوردا دەبینرێ و وا خەریكە دەبێتە مەترسی لە بەردەم چارەنووسی داهاتوومان. واتا ئاسای نەبوونەوەی پەیوەندییەكانی ناوەوەی ئەحزابی فەرمانڕەوا كە لە ئێستادا زۆر بە روونی هەستی پێدەكرێ و لە زۆر بواردا ڕێگرە لە گەشە و بەرەو پێشچونمان ، گەر بەم نۆرم و شێوازە درێژە بكێشێ و هەمیشە بەچاوی گومانەوە لە یەكتر بڕوانن ئەوە بێگومان كاریگەری ڕاستەوخۆی دەبێ لە سەرئاستی دەرەوە و وادەكات دۆزی كورد بخاتە بەردەم مەترسیەكی گەورە ترەوە.

 

  • 1