ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

هەروەکو دەزانین لە ١١ی حوزەیرانی ئەم ساڵدا لە ئینگلتەرا مشتێك ووڵات کۆبوونەوەیەکینا بەست و ئامانجی ڕووکەشی ئەو کۆبوونەوەیەیان ئاشکرا کرد. لەو ئامانجانە، یارمەتیدانی ووڵاتە هەژارەکان و لەناوبردنی بەیەکجاری پاندێمی کۆرۆناڤیروس بوو. ئەمانە زیاتر لە پڕوپاگەندە دەچن. لە پێش سەدەی پێشووەوە کە ئەو ووڵاتانە دەستیان کرد بە داگیرکردنی خاکی میللەتانی دی بۆ فڕاندنی سامانەکانیان و پێكهێنانی بازاڕ بۆ ساغکردنەوەی بەرهەمەکانیان، هەرگیز بیریان لە پێگەیاندن و گەشەپێدانی میللەتانی دیدا نەکردۆتەوە. بە پێچەوانەوە، بەلای ئەوانەوە پێشکەوتنی ووڵاتێك کە هاوبەشی سیاسەتەکانیان نەبێت وەکو دوژمن دەبینرێت، بۆیە هەمیشە هەموو هەوڵێکیان داوە کە ڕێگایان لێبگرن.نموونە زۆرە لەو بارەیەوە بەتایبەت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاسدا.

لە ڕاستیدا ئامانجەکانی ئەو 7G تا ڕادەیەك ئاشکرایە، ئەو ووڵاتانە ترسیان لێنیشتووە کە خەریکە کۆنترۆڵی جیهانیان لەدەست دەچێت.

بایدنی سەرۆکی نوێی ئەمەریکا لە هەمان کاتدا دەیەوێت کەلەڕێی ئەم کۆبوونەوەیە پەیوەندیەکانی ئەمەریکا لەگەڵ یەکێتی ئەوروپادا ڕێکبخاتەوە پاش ئەوەی کە ترامپی سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا پەیوەندیە مێژووییەکانی نێوان ئەو ئەوروپا و ئەمەریکای خستبووە کێشەوە. 

 گەر جیهان لەسەدەی پێشوودا بەدەست ئەمەریکاییەکانەوە بوو، لە سەدەی دووهەزاردا وانابێت و جیهان دەچێتە چوارچێوەیەکی دیەوە.

ئاشکرایە ئەمڕۆ ووڵاتی چێن بەتایبەتی، بەڵام ڕووسیا و هیندستانیش بوونەتە هاوتای ووڵاتانی ڕۆژئاوا و ئابووری ووڵاتەکانیان زۆر چۆتە پێشەوە و دەتوانن پشت بە خۆیان بپەرستن و پێوسیتی ڕاستەوخۆیان بە ووڵاتانی ڕۆژئاوا نەبێت و لە سیاسەتی دەرەوەیاندا نەك هەر سەربەخۆبن بەڵکو بوونەتە هێزی گەورە کە دبێت ڕەچاوبکرێن. ئەمەش ووڵاتانی ڕؤژئاوای تۆقاندووە، کە تا دوێنێ بوو بە هەموو جیهاندا تەراتێنیان بوو بێ گوێدانە مافی میللەتانی دی. (دەبێت ئێمەی کورد چاوێکمان لەمێژووی دوێنێ و ئەمڕۆ بێت). 

بە بیانووی پاراستنی مافی مرۆڤەوە لە دورگەی تایوان ووڵاتانی 7G هەڕەشەی خۆیان گەیاندە سەرۆکایەتی ووڵاتی چین. بۆ وەڵامدانەوەی ئەو هەڕەشانە، ئەمانیش هێزی سەربازی چینی بیست فڕۆکەی جەنگیان بەسەر هەموو ئەوناوچانەدا خوڵانەوە و وەڵامێکی ئاشکرا و ڕاستەوخۆیان دانەوە، واتە بەهەر ڕێگایەك بێت دورگەی تایوان بەشێکە لە خاکی ڕەوای چین.

لە ڕاستیدا، هەندێک سەرۆکی ئەوروپایی کە ووڵاتەکەیان سەر بە ناتۆشەو و بەشداری کۆبوونەوەکان دەکەن لەگەڵ ئەمەریکادا، لەوە تێ گەیشتوون کە جێۆپۆلیتیکی جیهان بەرەو گۆڕان دەڕوا و ناتوانرێت بە ئاسانی ڕێی لێ بگیرێت. بە پێچەوانەوە باشتر وایە کە هاوکاریان لەگەڵدا بکرێت بۆ بەرژەوەندی هەردوو لا. لەوانە ئانجێلا مێرکێل کە چەند جارێك ئەو بۆچوونەی سیاسیەی نەشاردۆتەوە و ئەو پێی وایە کە پێویستە یەکێتی ئەوروپا دەبێ دوورەپەرێزبێت چ لە سیاسەتی ئابوری و سەربازی ئەمەریکا و چینو زلهێزەکانی دی. ئەمەش ئەوە دەگەێنێت کە یەکێتی ئەوروپا ئەوکات سیاسەتیکی سەربازی و ئابوری سەربەخۆی دەبێت و نابێتە کلکی سیاسەتەکانی ئەمەریکا.

ئەمەریکا بەردەوامە لە نوێکردنەوەی بۆمبە ئەتومیەکانی، لەساڵی ٢٠١٩ دا نزیکەی ٥٥٥٠ بۆمبی هەبوو، ڕوسیا نزیکە ٦٢٥٥، هەروەها چینیش نزیکەی ٣٥٠. جێی سەرسوڕمانە کە ئەمەریکا پاش هەموو کۆبوونەوەیەك پڕپاگەندەی ئاشتی و پاراستنی مافی  مرۆڤ و یارمەتیدانی ووڵاتە هەژارەکان بکات لەهەمان کاتدا هەڕەشە لەو ووڵاتانە دەکات کە بوونەتە هاوتای ئەمەریکا بەتایبەتی لەچێن، و ئێستا لەهەوڵدایە کە هۆکاری بڵاوبوونەوەی پاندێمی کۆرۆنا ڤیوس بخاتە ئەستۆی ووڵاتی چین، ئەوەش ئاشکرایە بۆ ئەوەی سبەینێ داوای هەقساندنەوە بکات بۆخۆی و دۆستەکانی، ئەمەش بۆ بێهێزکردنی ئابووری چین. ئەوە ئاشکرابووە کە لە مانگی نۆی ساڵی ٢٠١٩ دا لە زێرابێک لە شارێکی ئیتالیادا ڤایرۆسی کۆرۆنا دۆزراوەتەوە. بێگومان ئەو هەواڵە زوو شاردرایەوە.

من پێم وایە کە زۆربەی زۆری مرۆڤایەتی ئاشتی و هاوکاری و پێشکەوتنی میللەتانی بەلاوە گرنگە نەك بەرهەمهێنانی بۆمبی ئەتۆمی.

 

  • 1