ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

لەدەفتەری بیرەوەرییەکانمەوە

ڕۆڵی حزبی شیوعی لە شەڕی جوندلئیسلام و یەکێتی نیشتمانی کوردستان دا

بەشی شازدە و کۆتایی

ھەڵوێستەکەی حزبی شیوعی و نووسینەکەی ڕۆشنبیران

 

شه‌ڕی تیرۆر به‌هه‌موو ئامرازێكی فیكری و سیاسیی و عه‌سكه‌ری له‌ دیرۆكی حزبمان، حزبی شیوعی، چالاكییه‌ک نه‌بووه‌، به‌قه‌ده‌ر ئه‌وه‌ی وه‌ك زه‌روره‌تێكی حه‌تمیی ته‌ماشامان كردووه‌، چ جای ئه‌وه‌ی شه‌ڕێك ئامانجه‌كه‌ی پارێزگاری بێت له‌ ناوچه‌یەكی ئیجگار بایه‌خداری په‌یوه‌ست به‌ ژیان و ئاسایش و ئابووری و بژێویی و كشتوكاڵی خه‌ڵك.

شه‌ڕ دژی هێزێك كه‌ له‌ پۆشینی جل بۆ سیاسه‌ت و ئابووری له‌وێشه‌وه‌ بۆ ژیانپه‌رستی خه‌ڵك و قه‌ناعه‌تی ته‌واوی به‌توندوتیژی و تیرۆر هه‌بێ، بۆیە به‌شداربوون له‌ جه‌نگی وا ئه‌رك بوو بۆ حزبی شیوعی.

ئەم ھەڵوێستەی حزبی شیوعیمان تەنیا جێی ڕەزامەندی کادر و ئەندام و پێشمەرگەکانی حزبمان نەبوو، بەڵکو ئەو ھەڵوێستە بووە جێی مشتومڕی نووسەران و ڕۆشنبیران، سەرنج بدەن چۆن دوو ڕۆشنبیر و نووسەری شاری سلێمانی توانا عوسمان‌ و ڕامیار مەحموود چی لە سەر ئەو ھەڵوێستەی حزبی شیوعی دەنووسن و لە ڕۆژنامەی ھاوڵاتی ژمارە ٤٣ی ڕۆژی یەکشەم (٢٠٠١/١٠/٧) بڵاوی دەکەنەوە لەژێر ناونیشانی:

 ‏‎ئاسۆکانی بەرەی نوێی دژ بەتیرۆر

توانا عوسمان و ڕامیار مەحموود

شەڕی ناوخۆ بەرەی ھێزە کوردییەکانی ورد و خاش کرد و ئاسۆی سیاسی ھێزەکانمانی ئەوەندە خۆپەرستانە لێکرد کە ھیچ ھێزێک لە سنووری بەرژەوەندی حزبی خۆی توانای تەماشاکردنی ئەرزیەتی ھێز و حزبی بەرانبەری نەمابوو، ئەگەریش سلوکی حزبی دوو ھێزە کوردییەکەش خواردنی سەری یەکتری بووبێت لەچەند ساڵی ڕابردوودا ئەوا ھەڵوێستی زۆربەی ھێزە جۆراوجۆرەکانی ترمان تەنیا تەماشاکردن و خۆپاراستن بووە لە پریشکی ئاگرەکان، ئیدی شەڕی ناوخۆ تەریقبوونەوەیەکی گەورەی لە ژیانی سیاسی و حزبییماندا دروستکرد بەجۆرێک کە ھاوپەیمانی و ھاوخەباتی لەناو فەزای سیاسیماندا کردبووە نوکتە، بۆ؟ چونکە ئەدەبیاتی شەڕی ناوخۆ مانایەکی قێزەونی دابوو بە وشەی خەبات و تێکۆشان، کە دەوترا خەبات دەبوو بزانین مەبەست لێی بەرگرتن نەبوو لە خەتەرێک کە لەسەر کورد و ئەزموونەکەیەتی، بەڵکو خەبات ھەڵپەیەک بوو بۆ کڕینەوەی فەخرێکی حزبی دۆڕاو یاخود دەستکەوتێکی مادی و چروک. ھەڵتۆقینی قارچکی ژەھراوی جندالسلام بە ھەورە تریشقەی ئەفغانی لەمەودای دوور و نزیکدا بەخێر گەڕایەوە بۆ ژیان و فەزای سیاسی ھێزەکانمان، بۆ یەکەمین جار لەدوای ئەزموونی شەڕی ناوخۆوە پارتی و یەکێتی ھاوھەڵوێستی و ھاوکاری ھەمەلایەنەی یەکتر دووپات دەکەنەوە، خەتەرێکی دەرەکی بەرجەستە بوو لە (جند الاسلام)دا و سەرلەنوێ یەکیان دەخاتەوە و پێشبینییەکی (فرانسوا ھەریری) ڕەحمەتی زیندوو دەکاتەوە کە گوتبووی یەکێتی و پارتی سەرباری ھەموو ناکۆکییەکانیان ئامادەن بۆ بەرگرتن لەخەتەری تیرۆری بە ئیسلامی کراو ببنەوە بەیەک سەنگەر، ئەمە جگە لە گرنگی بەشداری کردنی حزبی شیوعی لەم بەرە تازەیەدا کە ھەموومان ئەو فشارانەمان لەبیرە گەرمی ڕووداو و ھاوکێشە ناوخۆییەکانی تووشی گۆڕان ئەکرد. گەرمی ڕووداوەکان ھەندێک جار بەئاستێک دەرئەکەوت فشاری لەسەر تاکەکانیش دائەنا، پاڵیان پێوە بنێت بۆ جۆرێک لە جۆرەکانی قسەکردن و ڕەفتار نواندن، بەڵام ئەم ھێزە بە درێژایی ڕووداوە ناوخۆییەکان بێدەنگ بووە و زەحمەت بووە کەسێک لەو ڕۆژگارانەدا لەوە بگات ئەم بێدەنگییە و بێلاییەنییە ھەڵگری چ ئاماژەیەکی سیاسییە.

‏‎چ شتێک وائەکات سەرکردایەتی ھەردوو ھێزە کوردییەکە گرەو لەسەر ئەوە بکەن ھەڵوێستی حزبی شیوعی چی ئەبێت؟ ئەوە لەکاتێکدا ھەموو لێدوانە ڕەسمییەکانی تەمومژاوی خۆبەدەستەوە نەدەرە تەنیا ھەڵوێستیان بەرانبەر بەعس ڕوون و سەختە، ڕەشەبای ڕووداوەکان چەند بە خێرایی و بەتوندی ھەڵبکەن ئەوان دوورەپەرێزتر و  بێلایەنانەتر ئەبن. ئەوەی گۆڕانکارییەکانی ئەم دواییەی پێ دەناسرێتەوە پاش ڕووداوە تیرۆرستەکانی (جند السلام) ھاریکاری ھەمەلایەنەی نێوان ھێزە کوردییەکانە دژی گروپێک کە وەزیفەکەی ئەگەر زیاتر نەبێت کەمتر نییە لەوەزیفەی تێکدەرانەی بەعس. پارتی بە لێدوانە ڕەسمییەکەی خۆی کە بۆ ھەموو ھاوکارییەکی یەکێتی ئامادەیە، سەرلەنوێ متمانەی بەخشییەوە بەکاری پێکەوەیی و گرنگیدان بە ستراتیژێکی بەرەیی بۆ پاراستنی واقیعی کوردستان و بەشداریکردنی حزبی شیوعیش لەسەر ئاستی سیاسی و پێشمەرگەیی ئەوە ڕوون دەکاتەوە بەشداری نەکردنەکانی پێشووی حەکیمانەیە و لە حیکمەتەوە ھاتووە و ئەو ھەمیشە لەو ساتانەدا ئامادەیە کە چارەنووسسازە و خەمێکی نیشتمانی لە پشتەوەیەتی.

‏‎بەشداریکردنی حزبی شیوعی کوردستان لە ھەڵمەتی دژ بە (جند السلام) یانی ڕەواندنەوەی ئەو بۆچوونەی کە پێی وابوو شیوعییەکانی کوردستان مانیان لە بەشداریکردن لەژیانی سیاسیماندا گرتووە و ئامادەنین بەدەنگ تەنگەژە سیاسییەکانمانەوە بێن. بگرە ئەم بەشداریکردنە سەرلەنوێ مانا و شەرعیەتی بۆ ھەموو ئەو بێلایەنی و بەشداری نەکردنانە ھێنایەوە کە پێشتر ئەم ھێزە نواندبووی و تەنانەت پەیامی سیاسی ئەم بەشداریکردنە ئەوە دەسەلمێنێت کە ئەم ھێزە ئامادەیە لەساتەوەختە

‏‎خەتەر و سامناکەکانی ئەم ئەزموونەماندا وزەی شاراوەی خۆی بەکاربەرێت.

‏‎توانا و ڕامیار

 

 ‏‎ھاوڵاتی / ژمارە٤٣ڕۆژی یەک شەممە/ ٢٠٠١/١٠/٧

  • 1