ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

بەشی یەكەم

رێكخراوەكانی حزبی شیوعی عێراق لە پارێزگای هەولێر لە هەموو بارو دۆخێكدا هەرچەند سەخت و نالەبار و نەگونجاو بووبێت بۆ كاری سیاسی و حزبی لە جێ بەجێ كردنی ئەركی حزبی و رێكخستنی پەیوەندی لەگەڵ جەماوەر بەردەوام بوونە، لەرۆژگاری تەژی ئازارو مەینەتی و دەربەدەری و كوشت و بڕكردنی شیوعییەكان لە كاتی كودەتا شوم و خوێناوەییەكەی حزبی بەعس لە ساڵی 1963 بەدواوە، شیوعییەكان بۆ یەك چركە ستاتیش لە تێكۆشان پشویان نەداو، لەگۆڕەپانی تێكۆشان لەناوجەرگەی جەماوەری ئازاو نەترسی هەولێرمانەوە و، رێكخستنی لەبارو گونجاو بۆ رووبەڕوونەوەی(حەرەس قەومی) و بەعسییە دڕندەو ئەڵقە لە گوێی ئەمریكا بنیات نراو، ئەندام و كادیران و لایەنەگیرانی حزب هەواڵ و دەنگ و باس و راو و بۆچوونی جەماوەریان بۆ حزب دەگواستەوە، لەدوای رووخانی رژێمی دیكتاتۆرو شۆڤێنی بەعس لە 18/ تشرینی دووەمی ساڵی 1963 لە رێگای هەڵگەڕانەوەیەكی سەربازی بەسەرپەرشتی مشیری روكن( عەبدول سەلام محمد عارف) كە ئەنجامدرا، حزبی بەعس لە دەسەڵات لادراو حەرەس قەومی هەڵوەشێندرایەوە، كەش وهەوایەكی لەبار بۆ كاری حزب هاتە پێشەوە و، رێكخراوەكانی حزبمان جولە و چالاكی زیاتریان جێ بەجێ دەكرد و، ژمارەیەك لە ئەندام و كادیرانی بە ئەزمونی حزب لەشاخەوە بۆ شارەكان گەڕانەوە و، رێكخراوەكانی حزب سنوری چالاكییان فراوان بوو، بەجۆرێك لە 1965 بەدواوە كە حزب دروشمی روخانی رژێمی بەرزكردەوە، جەماوەری حزب و ئەندام و كادیرانی بڕواو متمانەیان بە دوارۆژی حزب زیاتر بوو، هەستێكی وا لەناو حزب بڵاو ببۆوە كە حزب دەسەڵات لە عێراق وەردەگرێت، لەناكاو بەیاننامەی كەرتبوون و جیابوونەوەی جەمەعاتی –عزیز ئەلحاج - ئەندامی مەكتەبی سیاسی و بەرپرسی لێژنەی ناوچەی بەغدا بڵاوكرایەوە و، وەكو بروسكە گەیشتە هەموو ناوچەیەك و لە شاری هەولێر و هەموو قەزاو شاروچكە و لادییەكان پەخشكرا، حزبێك راگەیاندرا بەناوی( حزبی شیوعی عێراق، سەركردایەتی ناوەندی –القیادە المركزیە) لەم نووسینەدا باسی بەیانەكە و كاریگەری و فراوانی كەرتبوونەوەكە جێگای نابێتەوە، لێژنەی مەحەلی هەولێر هەرچەندە تەواوی ئەندامانی بە نهێنی كاری حزبییان هەڵدەسوڕاند، بەڵام لەدوای كەرتبوونەكە ئەندامان و كادیرەكانی حزبمان هەموویان یەك دەنگ و بە هیماتێكی شیوعییانەو نیمچە ئاشكرا بەناو رێكخراوەكانی حزبدا بڵاوبوونەوەو، ریسوای كردەوەكەی جەمەعاتی- رەمزی + وەلیدییان- دەكردو، لێهاتووانە توانییان ژمارەیەكی زۆر لە كادیرو ئەندامانی حزب بۆ باوەشی حزب بگێڕنەوە و، رێكخستنەكان لەشارو شارۆچكەكان بنیات بنێنەوە و، بەورەیەكی بەرزو بەبڕوایەكی پۆڵاینەوە ئامادەكارییان بۆ سازدانی كۆنفڕانسی لێژنەی قەزاكان و لێژنەی ناوشاری هەولێر و پاشان كۆنفرانسی لێژنەی مەحەلی هەولێر دەكرد و، سەركەوتووانە كۆنفرانسەكانی قەزاكانی(كۆیە و رەواندز و شەقڵاوە و مەخمور قەزای ناوەندی هەولێر و شاری هەولێر سازدران و، ئەندامانی لێژنەی قەزاكان و نوێنەری یەكەمین كۆنفرانسی مەحەلی هەولێر هەڵبژێردران و، لە 12/7/1968 كۆنفرانسی مەحەلی هەولێر لە ماڵی هاوڕێ عەلی مەولود لە گوندی داربەسەری سەر بە قەزای كۆیە گرێدرا، لێژنەی مەحەلی كە بەر لە كۆنفرانسەكە ئەركی حزبی لە ئەستۆگرتبوو ، لە هاوڕێیان 1- فاتیح رەسول سكرتێر 2- نوری 3- نەجمەدین مامۆ 4- مەلا بەكر 5- مامۆستا حمدامین 6- علی حاجی 7- علی مولود 8- سامیە چاوشلی 9- مەلا نەفتە پێكهاتبوو.

لەكۆتایی كۆنفرانسەكەدا، ئەندامانی لیژنەی مەحەلی هەولێر هەڵبژاردنیان بۆ كراو، هەموویان لەلایەن سەركردایەتی لیژنەی هەرێمی كوردستانی حزبەوە كاندیدكرابوون، لیژنەیەكیش لە ئەندامانی كۆنفرانس لە هاوڕێ، 1- فاتیح رەسول 2- نوری 3- نەجمەدین مامۆ پێكهێنرا، بۆ ئەوەی ئەگەر هەر ئەندامێكی كۆنفرانس پرسیاری یان روونكردنەوەیەكی دەربارەی هەركاندیدێك بۆ ئەندامیەتی مەحەلی هەبێت ئەوە لێژنەكە رۆنكردنەوەی پێویست پێشكەشی دەكرد،ئەمەش بەهۆی ئەوەبوو هاوڕێیان لە رێكخستنەكانی حزب بەنهێنی و دوور لەیەكتری كاری حزبیان سازدەدا، بۆیە ژماریەك لەكادیرە كاندیدكراوەكان لەلایەن هاوڕێیانەوە نەناسراو بوون، هەڵبژاردن بۆ ئەندامانی لیژنەی مەحەلی هەولێر بەڕێوەچوو، ئەو هاوڕێیانە بۆ ئەندامێتی لیژنەكە .

1- هاوڕێ نوری

2- هاوڕێ مامۆستا حمدامین

3- هاوڕێ مەلابەكر

4- هاوڕێ نەجمەدین مامۆ

5- هاوڕێ عەلی مەولود

6- هاوڕێ عەلی حاجی

7- هاوڕێ مەلا ئەحمەد مەلا نەفتە

8- هاوڕێ سامیە چاوشلی

9- هاوڕێ ملازم ئەحمەد جبوری

10- هاوڕێ محمد شێروانی

11- هاوڕێ محمد خەلیل

12- هاوڕێ كەریم عزیز- ئەبو دارا دەرچوون لەپێكهاتەی ئەم لیژنە مەحەلییەی هەولێر ناوی هاوڕێ (فاتیح رەسول)ی تێدانیە لەبەر ئەوەی بۆ خوێندنی حزبی رەوانەی مۆسكۆ دەكرا بۆیە خۆی كاندید نەكرد، هاوڕێ (م. ئا) لە دەرەوەی لیستی حزب خۆی كاندید كرد، بەڵام دەرنەچوو، هاوڕێ نوری –ش لەیەكەمین كۆبوونەوەی لێژنەی مەحەلی بە سكرتێری مەحەلی هەڵبژێردرا، لەم لیژنە مەحەلیە چوار هاوڕێ بۆ جاری یەكەمین بۆ ئەندامیەتی لێژنەی مەحەلی هەڵبژێردران ئەوانیش هەریەك لە هاوڕێیان ملازم ئەحمەد و محمد شێروانی و محمد خەلیل و كەریم عەزیز- ئەبودارا بوون.

ئەو لێژنە مەحەلییە بە شێوەیەكی باش و بەبێ گیروگرفت ئەركەكانی ئەنجام دەداو، سەرپەرشتی كاروباری حزبی لە پارێزگای هەولێر بەڕێوەدەبرد، بەخت یاوەری بوو، دوای كاركردنی بەردەوام بۆ ماوەی ساڵێك و هەشت مانگ بارو دۆخێكی باش و ئارام و هێمن لەدوای بەیانی یانزەی ئادار هاتەپێشەوە و، رێكخستنەكانی حزبمان بووژانەوەیەكی چاكی بەخۆیەوە بینی و كاری حزبیمان نیمچە ئاشكرا بوو، پێكهاتەی مەحەلییەكەش هەندێ گوڕانی بەسەریدا هات، دوای ئەوەی حزبی بەعس بۆ جاری دووەم دەسەڵاتی لە عێراق وەرگرت و، بڕیاری گێڕانەوەی دەركراوانی سیاسی بۆسەر كارەكانییان بڵاوكردەوە، هاوڕێ مامۆستا حمدامین بۆ سەركارەكەی گەڕایەوە و، پاشان وازی لە حزبایەتی هێناو، بەڵام پەیوەندی لەگەڵ حزبدا ئاسایی و دۆستانە مایەوە، لە ساڵی 1972 هاوڕێ –عادل سەلیم- بۆ ئەندامییەتی لێژنەی مەحەلی هەولێر گوازرایەوە، لەمانگی تەموزی ساڵی 1973 هاوڕێ جەبار حسن و بەندە بە بڕیاری حزب لەتەك هاوڕێیانی لێژنەی مەحەلی هەولێر بووینە ئەندام و لێژنەكە لەم هاوڕێیانە.

1- هاوڕێ نوری سكرتێر

2-هاوڕێ عادل سەلیم

3- هاوڕێ مەلابەكر

4- هاوڕێ نەجمەدین مامۆ

5- هاوڕێ سامیە چاوشلی

6- هاوڕێ عەلی حاجی

7- هاوڕێ (مەلا نەفتە )

8- هاوڕێ محمد شێروانی

9- هاوڕێ محمد خەلیل

10- هاوڕێ عەلی مەولود

11- هاوڕێ ملازم ئەحمەد ئەلجبوری

12- هاوڕێ جەبار حسن

13- هاوڕێ كەریم عزیز- ئەبو دارا

14- هاوڕێ تاهیر( رەوەند)

ئەم لێژنە مەحەلییەشە ئەركەكانی حزبی لە پارێزگای هەولێر وەئەستۆ گرت و، ئەركی رۆژانەی حزبی جێ بەجێ دەكرد، هەروا ئامادەكاری بۆ گرێدانی دووەمین كۆنفرانسی رێكخستنەكان مەحەلی هەولێر دەكرد، چالاكییەكانی حزبیمان لەزیاد بوون و هەلێكشاندا بوون.

 

  • 1