ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

دووساڵە، بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆنا و ئەو بارودۆخە تەندروستییەی هاتۆتە پێش، نەتوانراوە وەرزەكانی خوێندن بەپێی پلانی ساڵانەی خوێندن تەواو بكرێن. بەڵام ئەگەر بەراوردی ئەمساڵی خوێندن، بە ساڵی ڕابردوو بكەین، بێگومان ساڵی ڕابردوو پڕۆگرامەكانی خوێندن زۆرتر بە ڕێژەی وەرز و نیوێك لە 21/ 9 تاكو 25/ 2 خوێندران. بەڵام ئەمساڵ تەنیا بۆ ماوەی سێ جار و لە 10/10 تاكو 1/11 و لە 7/2 تاكو 12/3 و لە 16/5 تاكو 19/ 6 پڕۆگرامەكان خوێندراوە. واتا ڕێژەی ڕۆژەكانی ئەمساڵی خوێندن، ناكاتە یەك لەسەر سێی ڕۆژەكانی ساڵی ڕابردوو. كەچی ئەوەی جێگەی پرسیار و سەرنجە ئەوەیە، وەزارەتی پەروەردە بۆ ئەمساڵ بڕیاری تاقیكردنەوەی نیشتمانی پۆلی نۆیەمی بنەڕەتی داوە، بەڵام پار ساڵ ئەم تاقیكردنەوەیەی هەڵپەسارد. بە بڕوای من، ئەمە بڕیارێكی هەڵەیە و دەبوو ئەمساڵیش ئەو تاقیكردنەوەیە، ڕیزپەڕ(ئیستیسنا) كرابایە، چونكە بابەتەكانی خوێندن لەو قۆناغەدا، وەكو پێویست نەخوێندراون. بێگومان ئەزموونی نیشتمانی، ئەزموونێكی گرنگە و هاوشێوەی تاقیكردنەوەكانی پۆلی دوانزە، چارەنووسسازە بۆ قوتابی، بەڵام ئەمە مانای وا نییە كە دەبێ ئەم تاقیكردنەوەیە هەر ئەنجام بدرێت، لە كاتێكدا قوتابییان بۆ چەند ڕۆژێكی كەم لەم ساڵەدا خوێندوویانە بەبەراورد لەگەڵ پۆلی دوانزە. دیارە كە قوتابییانی پۆلی دوانزە بەبەردەوامی و بێدابڕان ئەمساڵ تا ڕادەیەك، بە شێوەیەكی سەركەوتوو و ڕێكوپێك، بەشێكی زۆری پڕۆگرامەكانی خوێندنییان خوێندووە، بەڵام سەبارەت بە قوتابییانی پۆلی نۆیەمی بنەڕەتی، ئەوا هاوشێوەی قۆناغەكانی دیكەی بنەڕەتی، لە پۆل و وانەگوتنەوە دابڕاون. بۆیە دانانی ئەزموونی نیشتمانی وەك مەرجی ئەمساڵی خوێندن، بۆ قوتابییانی ئەو قۆناغە، ڕاست و لە جێگەی خۆی نەبوو. دەكرێ ئەو پرسیارە بكەین كە بۆچی ساڵی ڕابردوو، بە وەرز و نیوێك خوێندنەوە، ئەزموونە نیشتمانییەكانی ئەو قۆناغە هەڵپەسێردران و نەكران، بەڵام بۆ ئەمساڵ بەو ماوە كەمەی خوێندنەوە، تاقیكردنەوەكە بكرێت؟ بە بڕوای من وەك مامۆستایەك، هەڵسەنگاندنی ورد و لێكدانەوەی هەمەلایەنە بۆ ئەو بڕیارە لە لایەن وەزارەتی پەروەردەوە نەكراوە و ڕەنگە پاڵنەرەكەی ئەوە بێت، كە پار ساڵ ئەم تاقیكردنەوەیە نەكرا، بۆیە دەبێ ئەمساڵ هەر بكرێت. بەڵام ئەمە، پاساوێكی بەهێز و لۆژیكی نییە. چونكە هەموومان دەزانین تاقیكردنەوەی هەر بابەتێك و لەهەر قۆناغێك بێت، پەیوەستە بە خوێندنی بابەتەكە و تەواوكردنی پلانی خوێندن و میتۆدی بابەتەكان. تاقیكردنەوەی كۆتایی ساڵ، دەرەنجامی ئەو خوێندنەیە، كە قوتابی خوێندوویەتی. كەواتا ئەگەر بەو پێوەرە بێت، ئەوا قوتابییانی پۆلی نۆیەم، ساڵی ڕابردوو زۆرتر خوێندوویانە و دەبوو ئەزموونی نیشتمانی ئەنجام بدەن، كەچی بە پێچەوانەوە، ساڵی ڕابردوو هەڵپەسێردراو ئەمساڵ وا بڕیارە بە هەمان ناونیشان بەڵام لە قوتابخانەكانییان، تاقیكردنەوەكە بكەن و پرسیارەكانیش سێنترالین. واتا لیژنەی ئەزموونەكان دایدەنێت. بەو پێیەی خۆم مامۆستام و لە نێو هاوپیشەكانم دام، ئیدی زۆریان بە سەرسوڕمانەوە دەپرسن، بۆچی پارساڵ ئەزموونی نیشتمانی نەكرا و ئەمساڵ دەكرێت؟ ئەمەش پێویستی بە بەرچاوڕوونی و وەڵامدانەوەیە لەلایەن وەزارەتی پەروەردە و لیژنەی باڵای ئەزموونەكانەوە!

 

  • 1