ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

لە جوغزی سەربەخۆییدا

بەشی یەکەم

ئەمرۆ کە کەسان ولایەنی سیکولار لە کوردستاندا باس لە دەستووری دیموکرات و مەدەنی و جیاکردنەوەوەی شەریعەتی ئاینی لە سەرچاوەی یاسادانان لە دەستوردا دەکەن، تەنها خەمی ئازادییەکان وپاراستنی مافی مرۆڤ وبابەتە کۆمەڵایەتییەکانیان نییە، بەلکۆ پێیان وایە جەختکردنەوە لەسەر دوورکەوتنەوە لە دەولەتی ئاینی وپاراستنی عەلمانیەتی دەستوری هەرێمی کوردستان لە هەلومەرجی ئەمرۆدا مەسەلەیەکی نیشتمانی کوردستانییە. کۆمەڵگای نێودەولەتی ئەمرۆ کە قایلە بە کیانی هەرێمی کوردستان ومامەڵەی لەگەڵدا دەکات ولە دوارۆژیشدا ئەگەر دان بە سەربەخۆیبوونی بهێنێت دوای بریاردانی مافی چارەنووس لە لایەن گەلەکەمانەوە، رەچاوی فەلسەفەی ئێستای حوکمی هەرێمی کوردستانی کردوە کە لەسەر بنەمای مەدەنیەت ودیموکراسی و دووکەوتنەوەیە لە دەوڵەتی ئاینی.

دنانی شەریعەتی ئاینی وەک سەرچاوەی سەرەکی لە دەستوردا دەبێتە پاڵپشتی کەسانی پارێزگارخواز بەتایبەتی لە هەندێ تەوژمە سیاسییە ئیسلامییەکان، کە بە میتۆدێکی سەلەفیانەوە برواننە کارەکانی پەرلەمان بە تایبەتی لە بواری یاساداناندا، بۆیە نەک تەنها بوار بە فرەبوون لە سەرچاوەدا بۆ وەرگرتنی چەمکی گونجاو لە دارشتنی قانونەکاندا نادەن، بەڵکو توندترین رێبازی شیکردنەوە لە بواری ئسوڵی فقە دا وەردەگرن بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم بوارەدا، بەم جۆرەش کۆنترۆڵی ئازادی تاک وچەمکی یەکسانی ئاینەکان لە کۆمەڵدا لەسەر بنەمای هاوڵاتیبون دەکەن، و تێکرای نەریتەکانی پیاوسالاری و زەوتکردنی مافی ژنان دەپارێزن و بەرهەمیدەهێننەوە، وکارەکانیان لە چوارچێوەی دەوڵەتی دینیدا پۆلێن دەکرێ، بەتایبەتی کە دەیانەوێ لە دەستوردا شەریعەت ببێتە تەنها سەرچاوەی سەرەکی یاسادانان.

کاتێک کە باس لەسەرچاوەی ئاین دەکەین بۆ دەستوری هەرێمی کوردستان بە بەراوردکردن لەگەل قانونی نێودەوڵەتی وسەرچاوەکانی دیکە، هەڵبەتە کارێکی سانا نییە کە بەراورد نێوان (فقە) و یاسای نێودەوڵەتی بکەین لە بواری مۆرکی هەردووکیان، و ئەو مافانەی کە هەر یەک لەو دوو بوارە جیاوازە زامنی دەکەن.

(فقهی) ئیسلامی وشەریعەت بەگشتی بەشێکە لە کەلپوری یاسایی ناوچەکەمان، ودەکرێ لە چوارچێوەی تایبەتمەندە رۆشنبیری وناوخۆییەکان دابنرێت. (فقە) زێدەی ژینگەیەکی مێژووی جیاواز لە ژینگەی یاسای نێودەوڵەتییە. (فقە) لە هەندێک لە قۆناغەکانیدا بەتایبەتی دوای پەرەسەندنی دەوڵەتی ئیسلامی ئاماژەی بە هەندێ پەیرەو کردوە بۆ رێکخستنی پەیوەندییەکانی دەوڵەتی ئیسلامی ومامەڵەکردن لە گەڵ بەرامبەردا، وهەڵویست لەو پەیماننامە ورێکەوتننامانەی دەوڵەت مۆریکردوە. ئەمانەش لە چوارچێوەی جەمکی (ماڵی ئیسلام) و(ماڵی شەڕ)، ولە سایەی پێکهاتەیەکی ئابوری ـ کۆمەڵایەتیدا بووە کە شێوازە سیاسییەکەی لە دەوڵەتێکدا دەبینرایەوە، کە مۆرکێکی ئیمبراتۆری وەرگرتبوو.

(فقە) لە هەندێ قۆناغی پەرەسەندنی وهەندێ جار بە ناچاری بەشێوەیەکی دۆگمایی مامەڵەی لە گەڵ واقیعدا نەکردوە. پێداویستی وداواکاری خەڵک ئامرازێکی گرنگی پەرەسەندنی (فقە) بووە. بۆیە دەبینین توێژینەوەکان لە بواری مێژووی (فقە)دا ئاماژە بە پێنج قۆناغ یان زیاتر لە بواری مێژووی پەرەسەندنی (فقە)دا دەکەن. هەر یەک لەو قۆناغانەش مۆرک وتایبەتمەندی خۆی هەیە وپەرەسەندنی وەزعی کۆمەڵایەتی وسیاسی کۆمەڵگە کاریتێکردوە.

شایانی باسە تایبەتمەندی هەر قۆناغێک بە شێوەیەکی راستەوخۆ وابەست بووە بە میتۆدەکانی فقە و قوتابخانە وئاینزا جۆراجۆرەکانی کە زیاتر لە بواری زانستی (ئسولی فقە) و توانای زانایانی فقە بۆ لێکدانەوەی دەقی ئاینی وگونجاندنی و سەرلەنوێ بەرهەمهێنانەوەی دەق بۆ دەڕبڕین لە چەمکەکان، وکارکردن پێیان، وریزبەندی لە وەرگرتنی سەرچاوەکانیدا، بەرجەستە دەبێت.

بە گشتگیری دەتوانین بلًَێن کە مۆرک و پێکهاتەی ئەو مافانەی کە فقە دەتوانیێت مسۆگەری بکات بە پلەی یەکەم بەندە بەو میتۆدەی کە لە هەڵێنجانی پەیڕەوە شەرعییەکاندا کاری پێدەکرێت، وئەمەش لە هەلومەرجی باو وناکۆکی وململانییەکان دانبرٍِاوە.

پرسیاری سەرەکی کە لەم بوارەدا دووچارمان دەبێتەوە ئەوەیە ئایا دەتوانین چارەسەری کێشە هاوچەرخەکان بکەین لە رێگای گەڕانەوە بۆ کۆمەڵە دەقێک کە زێدەی رۆشنبیرییەک و ژینگەیەکی جیاواز لەژینگەی گۆمەڵگەی هاوچەرخمانە؟

ئایا دەکرێت پەنا بەرینە ئەو دەقە شیکەرەوانانە و ئەو بۆچونانەی کە ئەو دەقانەیان لێکداوەتەوە لە ژینگەیەکی شارستانی وکەلتوری ئەوتۆ کە ئەمرۆ ماوەی زەمەنی لەگەڵ ژینگەی هاوچەرخماندا زیاتر لە هەزار ساڵە؟!

بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارانە، یەکەم دەبێ دان بەوەدا بنێن کە کێشەکانمان لە هەلومەرجی ئەمرۆدا هەمان کێشەی پێشینان نین. دووەم ئەو پێوەرانەی ئەمرۆ ئێمە بە پێی (یاسای پێداویستی) فەلسەفی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بەکاری دەهێنین، هەمان ئەو پێوەرانە نین کە پێشینان بۆ چارەدانانی کیشەکانیان پەیرەوەیان کردوون.

بۆیە دەبێت بەدوای جۆرە چارەسەرکی ئەوتۆدا بگەرێن بۆ رێکخستنی پەیوەندییەکانی خەڵک وپێداویستییەکانیان لە رێگای رێکەوتنمان لە سەر کۆمەلًێک پێوەر ومیتۆدی هاوچەرخ. ئەم پێوەر ومیتۆدانە لە جیهانی ئەمرۆدا تەنها بەرهەمی کۆمەڵگای ئێمە وئەزمونی تایبەتمەندی خۆمان نین، بەڵکو تێکرای مرۆڤایەتی بەشدارە لە بەرهەمهێنانیدا لە جیهانێکدا کە رایەڵ ورەهەندی پەیوەندییەکانی ئێجگار تێکەڵ و تێهەڵکێشن، وبیرو پۆچونەکانیش ناکرێت سنوری بۆ دابنرێت.

گەر تەماشای نەریتە مرۆییەکان و چەمکی عەدالەتی کۆمەڵایەتی و هاوکاریکردن و یەکسانیخوازی، ومافی مرۆڤ بکەین، بۆمان دەردەکەوێت کە تێکرای ئەو چەمکانە ئەمرۆ لە دایک نەبوون وبەرهەم نەهێنراون، بەڵکو کۆمەڵە چەمکێکن دەمێکە مرۆڤایەتی وتەنانەت لە کۆمەڵگە سەرەتاییەکانەوە بە شێوازی ساکار، دوور لەو ئاڵوزیانەی ئەمرۆ لە ئارادان، لە پێناویاندا ململانێ کردوە، هەرچەندە میکانیزمی ئەو ململانێیانە بەپێی پەرەسەندنی پێکهاتەی ئابوری وکۆمەڵایەتی باو، وبیرو بۆچونی ئەو سەردەمانە، سادە وساکار بونە.

لە روانگەی ئەم بۆچونەوە دەتوانین سەرهەڵدانی بۆچونە عەقلانییەکان لە بیری ئیسلامیدا، لێکبدەینەوە. ئەم تەوژمە عەقلانییانە کەوتنە ململانێیەکی توندوتیژ، دژ بەو بۆچونانەی پشتیان بە وەرگرتن لەسەر بنەمای کۆپیکردن، وگەرانەوە بۆ کاری پێشینان و میتۆدی سەلەفی، دەبەست، بەتایبەتی لە بواری ئەو توێژینەوانە وئەو پەیرەوانەی پەیوەندیان بە بابەتی ئیرادەی مرۆڤ وئازادییەکانی و وبەرپرسیاریی لە کارەکانی هەن. بۆچونە عەقلانییەکان لە بواری فقەدا لە تێروانین و بۆچونەکانی (قوتابخانەی خاوەن رایەکان) کە ئەبو حەنیفەی نوعمان بەسەرکردەی دانراو، لە بواری (علم الکلام)یش بە بۆچونەکانی (قەدەری وموعتەزیلە) دەستیپێکرد، تا گەیشتە (ابن رشد) کە بەشێک لە مێژووناسان و زانایانی بواری فەلسەفە بە دووا سەنگەری عەقلانیەتی ئیسلامی دایدەنێن.

ئەو چەمکە مرۆیانانەی لە سەروە ئاماژەمان یێکردن، ناکرێ بە جۆرێکی نەگۆردراو کۆتایپێهێنراو، ئەمڕۆ مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت. پێکهاتە، ومۆرک وبەرجەستەبونی عەدالەت کە لە ژیانی هاوچەرخماندا پێویستە، ناکرێت هەمان ئەو عەدالەتە بێت کە لە سەدەی یەکەمی هێجریدا پێویستبووە، چونکە کۆمەڵگاکانمان چەقبەستوو نین و لە دەرەوەی مێژودا ناژین، بەڵکو لە نێو مێژووی مرۆڤایەتیدان بە هەموو ناکۆکی و ململانییەکانیەوە.

نزیکبوون لە واقیعی کۆمەڵگە ورچاوکردنی پەرەسەندنەکان، وا دەخوازێت بە عەقلیەتێکی رەخنەگرانە بروانینە تێکرای ئەو لێکدانەوانەی کە دەقی ئاینی دوور لە زانستی (علم اسباب النزول) (هۆکاری دابەزین)شیدەکاتەوە، کە جۆرە زیندووییەکی بە دەق بەخشی بەو پێیەی هەر دەقێک رەنگدانەوەی هەلومەرجێکی مێژووی و رووداو و حاڵەتی دیاریکراوە.

  • 1