ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 ئەمجارەش کورتەی ژیان و تێکۆشانی ئافرەتێکی تێکۆشەر، وەک نمونە بڵاو دەکەینەوە، تا هاوڕێیان و دۆستان و ئافرەتان لە هاوکاریماندا بەشداربن، بە ناردنی نووسین و وێنەی ئافرەتانی تێکۆشەر. بۆ ئەوەی لە پەڕاوێکدا کە لەسەر تێکۆشانی دەیان ئافرەت ئامادەی دەکەین، هەروا جاروبار لەم لاپەڕەیەشدا، بڵاویان بکەینەوە. دەتواندرێ بە رێگەی رێکخراوەکانی حزب لە ناوەوە و دەرەوەی کوردستان، یان ڕاستەوخۆ بەم ئەدرەسانە، کورتەی ژیان و تێکۆشان و وێنەی ئافرەتانی تێکۆشەرمان بۆبنێرن و پێشەکی سوپاستان دەکەین:

رابیعە شەوکەت محەمەد(دایکی ئامانج)

هاوڕێ رابیعە لە دووز- سەربە پارێزگای کەرکووک لەدایکبووە، بەهۆی بارودۆخی ژیانەوە نەیتوانیوە پلەکانی خوێندن تەواو بکات.

 ساڵی ١٩٦٢ پەیوەندیی کردووە بە حزبەوە، لە شانەی پاڵێوراواندا رێکخراوە،  پاشان بۆتە ئەندامی حزب.

لەگەڵ هاوڕێیان زەکیە بابان، شلێر، بێخاڵ، بەسۆز، ئاڤان، ئامینەخان و هێرۆ گۆران کاری کردووە، ئەندامی کۆمیتەی قاعیدی بووە، پاشان پتر لەپێنچ ساڵ ئەندامی لیژنەی ئافرەتانی حزب بووە لە سلێمانی کە لە ئاستی کۆمیتەی قەزادا بووە. ئەندامی پەیوەستگای ئافرەتانی عێراق و ئەندامی کۆمەڵەی ئافرەتانی کوردستان بووە. لە زۆر بواردا چالاکی جۆربەجۆری هەبووە.

هاوڕێ رابیعە هەمیشە بە دڵسۆزی پابەندی بەجێگەیاندنی ئەرکە حزبییەکانی بووە و لەناو ئافرەتاندا کەسایەتییەکی ناسراوە و، لە خەباتی سەختی نهێنی و لە خەباتی ئاشکرای حزبدا بێترس کاری کردووە، بەتایبەتی لەپێناو یەکسانی ئافرەتان و هێنانەدیی مافە ڕەواکانیاندا. دواجار لەگەڵ خێزانەکەیدا، رێگەی کۆچبەرییان کەوتۆتەبەر و ئێستا لە سوید دەژی.

عائشە شەریف ئەحمەد(ژیان)

هاوڕێ عائشە لە رۆژی ١/٧/١٩٢٨ لەگوندی کەماڵانی سەر بە ناوچەی عەربەت لەناو خێزانێکی جووتیاریدا لەدایکبووە، بەهۆی بارودۆخی ژیانەوە بە نەخوێندەواری ماوەتەوە. بەڵام ئافرەتێکی چالاک و وریا بووە.

ساڵی ١٩٥٨ دوای شۆڕشە پیرۆزەکەی ١٤ی تەمووز بووە بە ئەندام لەریزەکانی حزبی شیوعیی عێراقدا. لە کۆمەڵەی ئافرەتانی عێراق و کۆمەڵەی ئافرەتانی کوردستاندا خەباتی کردووە. لە رێکخراوەکانی حزبدا رێکخراوە و، هەر ئەرکێکی حزبیی پێسپێردرابی بێترس بەجێیگەیاندووە و، لە پەیامنێریی نێوان حزب لە ناو شار و پێشمەرگەی حزب لەشاخدا کاری کردووە و بەشداری کردووە لەکۆکردنەوەی پیتاک و دەرمان بۆ پێشمەرگە و، بۆ حزب رۆڵێکی دیاری هەبووە.

لەپرسەکانی ئافرەتاندا ئامادەبووە و، بۆ بڵاوکردنەوەی سیاسەتی حزب و گەیاندنی بە ئافرەتان لەو پرسانەدا و بەتینکردن و فراوانکردنی پەیوەندی لەگەڵیاندا و گەیاندنی داخوازی و هەواڵ بە حزب کەمتەرخەمی نەکردووە و لەناو ئافرەتاندا  خۆشەویست بووە تا بەداخەوە لە رێککەوتی ١٥/٥/٢٠٠٢دا  پاش ململانێیەکی سەخت لەگەڵ نەخۆشیدا کۆچی دوایی کردووە و ناو و ناوبانگی لەناو هاوڕێکانی و بەتایبەتی لەناو ئافرەتاندا بە زیندوویی ماوەتەوە.

  • 1