ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

لە ٢٨ی حوزەیرانی ٢٠٢١ وە هەتا ١٠ی تەموز، هێزەکانی ناتۆ بە سەرۆکایەتی ئەمەریکا دەستیان کردووە بە ڕاهێنانێکی سەربازی بەر فراوان لە دەریای ڕەشدا. نزیك لە سنوورەکانی فیدراسیۆنی ڕووسیا. ٣٢ووڵات بەشداری ئەو ڕاهێنانە دەکەن ، نزیکەی پێنج هەزار سەرباز، ١٨ تیپی هێزی تایبەت، ٣٢ پاپۆڕی جەنگیی، ٤٠ فڕۆکەی پێشکەوتووی جەنگیی. ئەم ڕاهێنانە سەربازیەی ناتۆ ڕاستەوخۆ و بێ پێچ وپەنا هەڕەشەیە لە ووڵاتانی ناوچەکە بەتایبەت لە فیدراسیۆنی ڕووسیا، ئەو ووڵاتانەی کە ڕاستەوخۆ ملکەچی ئەمەریکا و لایەنگرەکانی نین.

ئەمە یەکەمجار نیە کە بە بیانووی ڕاهێنانی سەربازیەوە ڕێکخراوی ناتۆ چاو لە ووڵاتان سووردەکاتەوە. لە ساڵی ١٩٩٧ وە، خۆیان دەگەیێنە دەریای ڕەش و هەڕەشە لە سنوورەکانی ڕووسیا دەکەن. هەموو هەوڵێك دەدەن کە ووڵاتی ئوکراینا (سەردەمێك سەر بە یەکێتی سۆڤیێت بوو) بکەن بە ئەندامی ناتۆ و بەهۆی ئەوەوە بنکەی سەربازی دژ بە ڕووسیا لەو ووڵاتە دابمەزرێنن. پاش کۆبوونەوەکەی لوتکەی ناتۆ کەلە بوکسێل بەڕێوەچوو لە ١٤ی حوزەیرانی ئەمساڵدا، جۆبایدن، بە ئاشکرا دەریبڕی کە هەموو هەوڵێك دەدات کە ووڵاتی ئوکراینا بکاتە ئەندامی ناتۆ، ئەمەش ئامانجەکەی تەنها بۆ لاوازکردنی ڕوسیایە.    

شنەی دەریا، لەڕاستیدا لە ٢٣ی حوزەیرانەوە دەستی پێکردووە، لەوکاتەوە کە پاپۆڕێكی جەنگی بەریتانی HMS سنووری دەریایی کریمێیەی بڕی، ئاشکرایە کە ئەو هەڵسوکەوتەی بەریتانیا  تەنها بۆ ئەو مەبەستە بوو کە دەریببڕن کە ڕوسیا هیچ دەسەڵاتێکی لەو ناوچەیەدا نیە.لە هەمان کاتدا ئامادەیی خۆیان دەردەبڕن بۆ بەرانگەربوونەوەی هەموو جۆرە ئەنجامێکی ئەو کارانەیان، واتە جەنگ!

نابێت ئەوە بیر بکرێت کە ناوچەی کریمێیە هەتا ساڵی ١٩٥٤ سەر بە خاکی ڕوسیا بوو.

ئەو هەڵسوکەوتانەی کە ووڵاتانی ڕۆژئاواو ناتۆو بە سیاسەت ناوی دەبەن دژ بە ڕوسیا و چین، گەر بە ووردی لێكبدرێتەوە بە ئاسانی ئامانجەکانی ئاشکرا دەبێت.

دەزانین، کە سیستەمی کەپیتالیزمی بێ سنووری ووڵاتانی ڕۆژئاوا گەیشتۆتە دوا قۆناغی ژیانی،چی دی ناتوانێت  بەرەنگاری کێشە ئابووریەکان و کۆمەڵایەتیەکانیان ببێتەوە، ڕۆژ دوای ڕۆژ، کەلێنەکانی ئەو سیستەمە دەکەونە ڕوو. بێ کاری و هەژاری و واز هێنان لە خوێندنی  گەنجەکانی هەندێ ووڵات بۆتە کێشەی دواڕۆژیی. دەستەیەكی زۆر کەمی دانیشتوان دەبێتە خاوەنی ملیار، و دەستە زۆرەکەی دی دانیشتوانیش بەردەوام مل دەنێن بەرە و جیهانی هەژاری و بێ هیوایی. بێگومان ئەو دۆخەش کێشەی زۆر گەورەی کۆمەڵایەتی لێ دەبێتەوە.

لە سەرەتای سەدەی بیستەوە ووڵاتانی ڕۆژئاوا، تەراتێنیان بوو بە جیهاندا بۆ ڕووتانەوەی سامانی میللەتانی دی.. خاکی میللەتانیان داگیر دەکرد، ووڵاتی نوێ و سنووری دەستکردیان دروست دەکرد، بەزۆر بازاڕیان بۆ بەرهەمەکانیان پێكدەهێنا لە هەموو جیهاندا، لەهەمان کاتدا کەرەسەی خاوی ووڵاتانی ژێردەستیانیشان بە بێ نرخ یان بە پارەیەکی کەم  ڕاکێشی ووڵاتەکانی خۆیان دەکرد. (ئێمەی کوردیش هەتا ئێستا کڵۆڵی ئەو ڕاووڕوتەین). داگیرکردنی لیبیا و کوشتنی قەزافی لەلایەن ناتۆوە هەر هەمان سیاسەتە.

ئەمڕۆ هەندێ ووڵاتی جیهانی وەکو ڕوسیا و چین،  گەیشتوونەتە پلەیەکی پێشکەوتوو و شارەزایی  لەهەموو بوارەکانی ژیاندا. چ لە ڕووی تەکنەلۆجیاوە یان لە بەرهەم هێنانی کەرەسە بۆ ناوخۆ و بۆ بربدنە دەرەوەش. لەهەمان کاتدا لەڕووی سیاسەت و هێزی سەربازییشەوە ئەو ووڵاتانە زۆر چەسپاوون و سەردانانەوێنن بۆ هیچ هێزێکی دەرەوەیی. چین و ڕوسیا بوون بە دوو ووڵاتی کاریگەر لەسەر ئاستی سیاسەتی دەرەوەی جیهانی، دەتوانن بەهێزی سەربازی پشتگیری لە قازانجەکانیان بکەن لەهەر شوێنێکی جیهاندا بێت.

 دوێنێ هیچ ووڵاتێك نەیدەتوانی بگاتە ئەو ئامانجە، لەبەرئەوەی لەهەموو ڕوویەکەوە ڵاوازبوون.بۆیە ئەم دۆخە ئەمەریکا و ووڵاتانی ناتۆی ترساندووە و کەوتوونەتە پەلەقاژە و هەموو هەوڵێك دەدەن کە ڕێگری بکەن لە ڕوسیا و چین. یەکێك لەو چەکانەی بەکاری دەهێنن بێجگە لە هێزی سەربازی، چەکی پڕوپاگەندەیە، هەموو هەوڵێك دەدەن کە یەکێکی وەکو نەڤالنی (سەرۆکی جەماوەرێکی ئۆپۆزیسیۆن لە ڕوسیا) بکەنە پاڵەوان ئاشتی خواز دژ بە ڕژێمی ڕوسیا. ڕۆژنامەکانی ئەمەریکا و ووڵاتانی ڕۆژئاوا بەردەوام خەریکی ئەو پاڵەوانەن. چەند ساڵێك لەمەوبەر لەسەر هەمان ئەو ڕۆژنامانە دڕەندایەتی ڕژێمی چینی دەخرایە ڕوو بەرامبەر بە هاوڵاتیان. پاش ئەوەی چین دەرگای بازاڕەکانی کردەوە ئیتر ئەو ڕۆژنامانەش مافی مرۆڤیان بیرچۆوە لە چین.

ئەوە بیر نەکەین دوێنێ و ئەمڕۆ لە ئەمەریکا، کەسانێکی زۆر بەدەستی پۆلیس دەکوژرێن بەبێ هیچ تۆمەتێکی گرنگ. لە هەموو جیهانی ڕۆژئاوادا شەپۆلی دژایەتی بەرامبەر هەرکەسێك کە لە ووڵاتێکی ئیسلامیەوە هاتبێت لە گەورەبووندایە، ڕەگەزپەرستی.....

داگیرکردنی ئەفغانستانیش هەر هەمان هەوڵ بوو بۆ لاوازکردنی ڕوسیا و نزیك بوونەوە لە سنوورەکانی چین. پاش کاولکردنی ئەو ووڵاتە و تەسلیم کردنی بە تالیبانەکان کە گروپێکی ئیسلامی توندڕەون ، لە کۆتایی ئەو هەوڵە سەرنەکەوتووەدا، ئەمەریکا و ناتۆ بڕیاریان دا بە دۆڕاوی ئەفغانستان جێ هێڵن.

هەر میللەتێك لەوە تێ نەگات کە تەنها دۆستی خۆیان تەنها خۆیانن، و ئەوەندە بەهۆش نەبن کە دواڕۆژی خاك و میللەتەکەیان بدەنە دەستی کەسانی نەفام و بەکرێگیراو، ئەوا بێ شك دواڕۆژیان نادیار و نیمچە کۆیلەیەتی چاوەڕێیانە.

  • 1