ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

بەدرێژایی مێژوو سیاسەت بە داینەمۆی سەركەوتن و وەرچەرخانە جۆراجۆرەكان و وەزیفەی جەوهەری بۆ بەڕێوەبردنی كۆمەڵگا ئەژمار دەكرێت، بەم پێوەدانگەش سیاسەت بریتییە لە بەرهەمهێنانی بڕیارگەلێك كە هەموان پێیەوە پابەند دەبن و لە خۆیدا هەڵگری كۆمەڵێك خاڵی هاوبەشە كە دەتوانێ رۆڵی كارا بگێڕێ لەو نێوانەدا، سیاسەت و سیستەمی سیاسی لە هەر كۆمەڵگایەكدا لە پەیوەندییەكی بابەتییانەدایە بۆ ڕێكخستنی كۆمەڵگا و دەشێ ئەم پەیوەندییەش كاریگەرییەكی زۆری هەبێ لە دروستكردن و پاراستنی هاوتەبایی و دیاریكردنی رەوتی گۆڕانی كۆمەڵایەتییدا، بەكورتی سیاسەت بۆخۆی چالاكییەكی مرۆیییە و ئامانجی بەدیهێنانی بەرژەوەندی گشتییە و دەكرێ لەم رووەوە ڕۆڵی ئەرێنی و كاریگەری هەبێ، كەوایە ئەرك و وەزیفەی سیاسەت لە كۆمەڵگادا وەزیفەیە لە چوارچێوەی فەزایەكی گشتیدا كە بریتیە لە (بەرژەوەندی هاوبەش)، ئەمەیە جەوهەری سیاسەت، نەك ئەوەی كە ئێستا لای ئێمە بووەتە مۆڵگەی بزنز و سەدان گەورە ملیاردێری لێ بەرهەم هاتووە، لێرە سیاسەت لە خزمەتكردنی كۆمەڵگاوە بووەتە ئامانجێك بۆ بەدەستهێنانی پارە و پۆست، كە ئەمەش روویدا ئیدی كۆمەڵگا بەرەو داڕمانێكی گەورە هەنگاو دەنێ و دەبێتە فەوزا. لەهەر وڵاتێكیشدا بەرژەوەندی تاك یان گرووپێكی دیاریكراو زاڵبوو بە سەر بەرژەوەندی گشتیدا و سیاسەت بۆ مەبەستی تایبەتی بەكارهێنرا ئەوا ئەو وڵاتەكە ڕووبەڕووی هەرەسێكی گەورە دەبێتەوە و لەناودەچێ.

لە روانگەی ئەم بۆچوونەشەوە دەگەینە ئەو دەرئەنجامەی كە لە كوردستاندا ئەوەندەی سیاسەت بێ بەها و ناشیرین كراوە لە خزمەتی حزب و بنەماڵە و كەسانی سیاسی باڵادەستدا ئەوەندە بۆ خزمەتكردن و بەرەو پێشچوونی كۆمەڵگا بەكارنەهێنراوە و نەبووەتە بنەمایەك بۆ بەرقەراركردنی دیموكراسی و ئازادییە گشتییەكان، هەر بۆیە كاتێك سیاسیەكی گەورە سیاسەتكردنی كردبێتە ئامرازێك بۆ خزمەتی كۆمەڵگا و پرۆسەی دیموكراسی وەك حاڵەت و دیاردەیەكی نامۆ و دەگمەن ‌بینراوە و بووەتە جێی سەرنج و گومان. ئەمە ناحەقی نییە و رۆژانە دەبینین كە زۆرینەی ئەو سیاسی و حزبانەی كە ئێستا لە دەسەڵاتن لە ژێر ناوی سیاسەت و كوردایەتیدا چۆن بۆ خۆیان بوون بە بازرگان و بەسەر پارە و موڵك و ماڵی گشتییەوە یاری دەكەن و چەند بێباكن لە ئاست بەرژەوەندی گشتی و ژیانی هاووڵاتیانی ئەم كۆمەڵگایە.

ئەمانە بەدرێژایی مێژووی دەسەڵاتدارێتیان سیاسەتیان بۆ خۆیان و خانەوادەكانیان قۆرخ كردووە، لە زۆربوونی ڕێژەیی ئەو سیاسیانەشدا كە كۆمەڵگایان كاولكردووە و كردوویانەتە قوربانی بەرژەوەندییەكانی خۆیان، كۆمەڵگای كوردی تووشی داڕمانێكی گەورەی ئابووری و كۆمەڵایەتی بووەتەوە، ڕۆژانە دەیان كەس خۆیان دەكوژن، هەزاران كەس بەهۆی بێنانی و بێ ئیشیەوە بریندار دەكرێن، هەزاران كەس بێئیرادە سەری خۆیان هەڵدەگرن و لە ڕێگەی هات و نەهاتی هەندەران دەبنە قوربانی گەمژەیی سیاسەت و حوكمڕانی ئەم وڵاتە، لەولاشەوە بەرپرسانی ئەحزابی فەرمانڕەوا لەتاو بەرژەوەندییە تایبەتییەكانیان خەڵكیان لە ژێر پێناوە و خۆشیان نەوە لە دوای نەوە سیاسی فاشیل و شكستخواردوو بەرهەمدێنن و وڵاتیان غەرقی شكستی سیاسەتێكی فاشیل كردووە لە بەرانبەریشدا دەیانەوێ لە سایەی دزی و گەندەڵیەكانیاندا كەیف و سەفای لێبكەن، لە ڕاستیدا لای ئەمانە سیاسەت هێندە سوك و چرووك بۆ خزمەتی بەرژەوەندی كۆمپانیاو سەرمایەی تایبەتی بەكار دەهێنرێ، بووتە گەورەترین مەترسی لە سەر كۆی كایەی گشتی كۆمەڵگا و ڕەنگە دواجار هەر خوودی خۆیان ببنە هۆكاری لە گۆڕنانی خۆیان و ئەزموونەكە و خەڵكیش دەستی لە بنی هەمانەكەوە دەرچێ.

  • 1