ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

گۆشــــــــەی

" بـــــــەها "

6

هەفتانە دلێر کەریم دەینووسێت

پەروەردە

بەبێ پەروەردەیەکی دروست و سەردەمیانە و مرۆڤدۆست و ئازادیخواز، چاکسازی وپێشکەوتن مەحاڵە. وەک دەزانینیەکێک لە گرنگترین هۆکارەکانی تێکچوونی بارودۆخی ئێستا، فەرامۆشکردن و بایەخنەدانە بەکەرتی پەروەردە. کاتی خۆی کە بزووتنەوەی گۆڕان دوای چوارساڵی بانگەشە بۆ چاکسازی بەشداری حکوومەتی کرد، نووسیم هەموو چاکسازی و پێشکەوتنێک لە پەروەردەوە دەستپێدەکات. گومانم بوو گۆڕان بۆ داوای وەزارەتەکانی دارایی و پێشمەرگە دەکات و بۆ پێداگری لەسەر وەزارەتی پەروەردە ناکات؟ نەک هەر گۆڕان بۆچی لەکاتی پێکهێنانی حکوومەتدا هیچ هێزێکی بەشداریکابینەکە پێداگری ناکەن لەسەر وەزارەتێکی گرنگی وەک پەرورەدە؟

لەڕاستیدا پێشکەوتنی پەروەردە پێشکەوتنێکی هەمەلایەنەی نیشتمانییە و هەمووان لەسایەیدا دەحەسێنەوە، کۆی کەرتەکانی تری وەک تەندروستی و دادگاکان و پیشەسازی و کشتوکاڵ و گواستنەوە پێشدەخات، بەڵام بەپێچەوانەوە خراپی کەرتی پەروەردە وەک نەخۆشییەکی کوشندە ژیانی هەمووان لە بنەڕەتەوە هەڵدەتەکێنێ و وێرانی دەکات. بۆیە ئەوەی ئەمڕۆ دەگوزەرێت بەدڵنیاییەوە باجی خەمساردیمانە لە کەرتی پەروەردە و ئاوڕنەدانەوەیە لە گرنگی و ڕۆڵی پەروەردە و پەروەردەکاران وەک پێویست، دەبینین نەوەیەکمان پێگەیاندووە بینای قوتابخانە و خوێندنگەکان بەدوژمنی سەرەکی دەبینێت و کەرەستەکانی وەک ماڵی ناحەزان دەبینیت، بۆیە لەبەرانبەر ئەوحاڵەتەدا قوتابخانەکان پڕکراون لەکامێرا بۆ پاراستنیان، خۆ جاران کامێراش نەبوو کەچی کەمترین کێشە و گرفت لەقوتابخانەکانماندا هەبوون، چونکە جاران پەروەردە گرنگی و ڕۆڵ و بەهای خۆی هەبوو، وەک ئێستا نەکرابووە قوربانی خەمساردی و ململانێی بەرژەوەندییە داراییەکانی بەرپرسان.

گەر لە باخچەی ساوایانەوە بۆ بنەڕەتی و بازنەییەکەمی خوێندن، نەوەیەکی باشت پەروەردە کرد ئایندەی نیشتمانڕوونە، قۆناغەکانی دواتر کێشەی کەمە و ماندووبوونی ناوێ، لە کوردستان بەداخەوە ئەو قۆناغە هەستیارە لەبیرکراوە و دەمانەوێ لەزانکۆ و پەیمانگاکان فریایان بکەوین، کە ئەوەش زەحمەتە، دانەمەزراندن و پێنەدانیڕۆڵ بەدەرچووان وایکردووە قوتابیان لە قۆناغی بنەڕەتییەوە بیرلەوەبکەنەوە فێری ئیشێکیترببن و خوێندنەکەیان بکەنە قوربانی، لەکاتێکدا بۆ دەسەڵات و دەستڕۆشتووەکان بەبێ بڕوانامەی زانکۆ و پەیمانگا دامەزراندن هەیە و ئەوەی نزیک بەخۆیان بێت شوێنێکی بۆ دەدۆزنەوە،یان پۆستێکی بۆ دادەتاشن،ڕاستە بۆ ماوەیەک هەست بە سەرکەوتنیان دەکرێت، بەڵام ئایندەی میللەت و نیشتمان تووشی ئەو بێ ئینتیماییە دەکات کە ئەمڕۆ هەموومان بەچاوی خۆمان ئاسەوارە خراپەکانی دەبینین.

  • 1