ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

    زیندانیانی سیاسی هەمەرەنگ وهەمە نەتەوە لەهەرێمی کوردستان، تێکۆشەرانی دێرین و قوربانیدەری راستەقینەن وبە لێخۆش بوونیان لەئازادی ژیانیان وبەبەخشینی تەمەنی لاوێتیان لەزیندان، توانیویانە مێژوویەکی پرلە سەروەری بۆ گەڵ ونیشتیمانی کوردستان تۆمار بکەن بەبێ ئەوەی لەو سەدەمەدا باس و ناوی پاداشت وقەرەبووکردنەوە  لەئارادا بوبێت وتەنها ئەشکەنجە ومەرگ نزیکترین ئەگەر بوون بۆیان لەناو زینداندا .....  

 دەستوری هەمیشەیی عێراق لەمادەی ٣٢ برگەی یەکەم، بە روونی دەڵێت(دەوڵەت رادەسپێردرێ بۆ چاودێری کردنی ژیانی زیندانیانی سیاسی....) واتە زیندانیانی سیاسی چەترێکی دەستوریان هەیە لەعێراقی ناوەند ولەهەرێمی کوردستان بۆ دەرچواندنی یاسای تایبەت بە ماف وئیمتیازاتیان ... کەواتە ئەوەی کراوە بەو هەموو کەمو کورتیەوە خێر و سەدەقەی کەس نیە ومافی دەستەبەرکراوی دەستوری خۆیانە، بەهۆی ئەو مافە دەستوریەوەیە کە هەزاران زیندانی سیاسی تۆمار کراون لای لیژنە تایبەتەکان وپشتراستراکراونەتەوە لای دادوەر و چاوەروانی منحە یاساییەکەیانن، وە ناشیاندرێتی..... زیندانیانی سیاسی دەستە دەستە کۆچی دوایی دەکەن بەبێ هەبوونی چاودێری (الرعایة) یاسایی بۆ ژیانیان، تازە بەتازە وەزیری شەهیدان دەستەواژەی  (منحە) دەگۆرێت بۆ (موچە) ویەکێکیشیان دەبرێت بەنادەستوریانە بەناوی دوو موچەییەوە بەبی گوێدانە ئەوەی کە زیندانی سیاسی خودی ئەو قوربانیەیە کەدەستور رێزی لێناوە و چاودێری ژیانی تایبەتی بەیاسا کردوەتە ئەرکی حکومەت .... ئەو برە زیندانیە سیاسیە کەمەش کەماون لەژیاندا ومنحەیان بەردەوامە لەدلەراوکێدا دەژین... بەردەوام ئەگەری منحە راگرتنیان هەیە بەبیانوی هەبوونی لیژنەی پاکسازی وچاکسازی وداوای شاهیدی نوی کردن وبیانوی مادەی ٢٠٠ی یاسای سزادانی عێراقی، گوایە ئەو مادەیە  کەتاوانبارکردنە بە(خیانەت لە نیشتیمان ودەستور وهەوڵدان بۆ روخاندنی رژێم) زیندانی سیاسی ناگرێتەوە، لەکاتێکدا نیوەی زیندانیانی سیاسی بەو مادەیە حوکم بوون... ئەی خۆ هەمان حکومەت وهەمان وەزارەت ئەوانەی پشتراستکردوەتەوە بە بریاری لیژنەی تایبەت وبە واژۆی دادوەری دیاریکراو لەلایەن ئەنجومەنی دادوەریەوە، خێرە تازە پاکسازی وچاکسازی لەمادە ولەخودی زیندانیانی سیاسی دەکەن، خۆزگە ئەو گور وتین وزەبر وزیرەکیەیان بۆ هەزاران بن دیوار وخانەنشێن وموچەخۆرانی ئەوروپا وئێران و تورکیا و سوریا دەکرد وسەروەت وسامانی بەهەدەر دراوی هەرێمێان دەگێرایەوە بۆ خاوەنە رەسەنەکانی.... زۆر بەداخەوە دەبوو ئیستا باس باسی مەدالیا ونەبەردی ناوزیندان ونوسینەوەی مێژووی پرلە سەروەری زیندانیانی سیاسی بوایە نەک زیندانیانی سیاسی بخەنە گۆشەیەکەوە تەنها بەدوای نان و دەرمان وشایەت وبەڵگەی نوێ وترس ولەرزی برینی منحە دەستوریەکەیانەوە بن کە وەزارەتی کاروباری شەهیدان وئەنفالکراوان بەزۆری زۆرداری ناوی لێنا بووچە و زۆربەی زۆری زیندانیانی سیاسی بەناوی دوو موچەییەوە نان بڕاو کرد، پێویستە ئەو راستیەش بڵێین کە زیندانیانی سیاسی لەکۆی عێراق خاوەنی مافی دەستوری ویاسایین بۆ چاودێری (الرعایة) ژیانیان بۆ هەتا هەتایی، واتە تالەژیاندا مابن نەک بۆ تەنها ١٠ ساڵ وبەس، تا تەمەنیان درێژ تر بێت پێویستیان بەچاودێری کردنی ژیانیان زیاتر دەبێت، ئەوە حکومەتی هەرێمە لەپرۆژە یاساکەیدا لەسەرەتاوە بۆ پەرلەمان مۆدێلی ١٠سال چاودێری داهێناوە وبەهۆیەوە کراوەتە مادەیەکی جێگیر لەناو یاسای ژمارە ١١ ی سالی ٢٠١١ کە تایبەتە بە ماف وئیمتیازاتی زیندانی سیاسی وراگیراوانی سیاسی لەهەرێمی کوردستان، وە حکومەت بەهەماهەنگی لەگەڵ بەرلەماندا چاویان لەلابردن یان هەموارکردنەوەی ئەو مادەیە پۆشیوە و خۆیان خستۆتە خانەی سەرپێچی مادە دەستوریەکەوە وزۆربەی زیندانیانی سیاسی هەرێمیشیان نان براو کردوە.

   لەکۆتایی دەمەوێت بە روونی بڵێم گۆرینی ناوی (المنحة) بۆ (موچە) و برینی منحەی زیندانیانی سیاسی بەناوی دوو موچەییەوە سەرپێچی دەستورە ونایاساییە، ئەرکی دەوڵەتە چاودێری ژیانی زیندانیانی سیاسی بکات بەبێ جیاوازی وتالەژیاندا ماون، چونکە دەستور هیچ مودەی دانەناوە بۆجاودێری کردنی ژیانی زیندانیانی سیاسی وبەروونی دەڵێت (المادة 132 / أولاً : تكفل الدولة رعاية ذوي الشهداء و السجناء السياسيين والمتضررين من الممارسات التعسفية للنظام الدكتاتوري المباد .).

   هەروەها  هەزاران زیندانی سیاسی لەهەرێم ناویان پشتراست کراوەتەوە وبەشێوەی یاسایی بونەتە زیندانی سیاسی وناوەکانیان گەیەنراوەتە سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم بەمەبەستی وەرگرتنی منحەی یاسایی مانگانەیان، بەلام بەداخەوە ئەوە سالانێکە ئەو بریارانەی دادوەر ولیژنە تایبەتەکانی زیندانیانی سیاسی بەشێوەی لیست لەناو دۆسیەکانی حکومەتدا ماونەتەوە وتەنها یەک منحەشیان بۆخەرج نەکراوە بەبیانوی نەبوونی پارەوە، ئەوە لەکاتێکدایە کە هەزاران بن دیوار وکەسی ناشایستە بەردەوامن لە وەرگرتنی مانگانەی بەناو موجە، وە زیندانیانی سیاسیش لەکاتی چاوەروانی ئەو منحەیاندا   بەهۆی تەمەنی زۆر وتەندروستی خراپ ونەداریەوە دەستە دەستە کۆچی دوایی دەکەن وئەوانەشی لەژیاندا ماون زۆریان خێزان وچواردەور بەتەوسەوە پێیان دەڵێن ئێوە کردتان وبندیوار وگەندەڵ دەیخۆن.

                                                                       پارێزەری راوێژکار

                                                                       نجم الدین حمەسعید

                                                                          

  • 1