ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

لەڕوانگەیی چینایەتیەوە

پەرلەمان لەڕووی تیۆرییەوە ئەو دامەزراوە باڵایەی نیشتمانە بەنوێنەرایەتی گەل یاسا و بڕیاری چارەنووساز دەردەکات و چاودێری کارەکانی حکومەت دەکات و لەکاتی کەمتەرخەمی و پێشێلکردنی یاسادا لێپرسینەوە لەکاربەدەستانی حکومەت دەکات، لەئەزموونی زۆر وڵاتدا بینیومانە پەرلەمان متمانەی لە وەزیر و سەرۆک وەزیران و حاڵەتیش هەبوو متمانەی لەحکومەت سەندۆتەوە لەسەر ئەو بنەمایەی کە نوێنەرایەتی بەرژەوەندی گشتی دەکات و خۆی بڕوا و متمانەی بە حکومەتەکە داوە.

نموونەی جۆراوجۆر هەیە لەبەڕێوەبردنی کاروباری پەرلەمان، لەهەندێک وڵات پەرلەمان ڕووکەشە و تەنیا بۆ بەرژەوەندی دەسەڵات بەکاردەهێنێرێت، نموونەی وڵاتە دیکتاتۆرەکانی وەک تورکیا و ئێران و هەندێک لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی بەناو دیموکراتیەکان.

بەڵام لەزۆر دەوڵەتی تردا کە خاوەنی دەستور و سیستەمێکی سیاسی وان کە ڕێز لەبنەماکانی مافی مرۆڤ دەگرێت پەرلەمان ڕۆڵی باش و کارا دەبینێت لەڕێکخستنی ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری کۆمەڵگە، نموونەی وڵاتانی ئەوروپا و دەوڵەتانی ئەسکەندەناڤی، هەرچەندە هێشتا لەم دەوڵەتانەشدا بەتەواوەتی و بۆ یەکجارەکی مرۆڤایەتی ڕزگار نەبووە لە چەوسانەوە و نەمانی جیاوازی و ئازادی تەواوەتی، بەڵام بەئاست و ڕادەی جیاواز تاڕادەک مافی مرۆڤ بە یاسا و بەکردەوە جێبەجێ دەکرێت .

پەرلەمانی کوردستان سەرباری ئەوەی پێکهاتەی فراکسیۆنەکانی بەتایبەت دوو حزبی دەسەڵاتدار لەدەرئەنجامی زنجیرەیەک لە پرۆسەی ساختەکاری لەهەڵبژاردنەکاندا درووست بوون و زۆرینەیان بەدەستهێناوە، بەڵام هێشتا ئەرکی سەرەکی و ڕاستەقینەی خۆیان جێبەجێ ناکەن و بەتایبەت ئەم خولەی پەرلەمان بەردەوامە لەکاری حزبایەتی تەسک و پاراستنی سیاسەت و بڕیارەکانی حکومەت و حزبی دەسەڵاتدار، تا ئەو ڕادەیەی بێدەنگ و بێهەڵوێستە لەبەرانبەر دواخستن و لێبڕنی مووچەی فەرمانبەران لەکاتێکدا بەپێی (یاسای خزمەتی شارستانی) فەرمانبەران مافی خۆیانە کە لەکاتی خۆیدا و بە مووچەی تەواو و دەرماڵەی پێویست و بڕیارلێدراوەکان مووچەی مانگانە وەربگرن .

لەناو پەرلەماندا چەند هێزێکی سیاسی جیاواز لە دەسەڵاتداران هەن و ڕۆژانەی دەیانەوێ ڕێگری بکەن لەپێشێلکارییەکانی حکومەت و دەرکرنی بڕیار لەبارەیانەوە، بەڵام سەرۆکایەتی پەرلەمان کە سەر بەهەردوو حزبی دەسەڵاتدارن ناتوانن بەقسەی پەرلەمانتاری ئۆپۆزسیۆن بکەن و ئەو پرۆژە یاسا و بابەتانە بەهەند وەربگرن کە دەخرێتە ڕوو و بەرژەوەندی گشتی دەپارێزێت، دوا نموونە فەرامۆشکردنی داواکاری (٥٦) پەرلەمانتار بۆ خستنە دەنگدانی نەهێشتنی لێبڕینی مووچە، لەکاتێکدا ئەمە بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان ئەرکی سەرۆکایەتی پەرلەمانە کە داخوازی پەرلەمانتاران بخاتە پرۆسەی کاری پارلەمانییەوە و جگەلەوەی وەک سەرۆکایەتی دەبێت بێلایەن بێت و ئەرکی سەرەکی خۆیەتی کە نابێ ڕێگە بدات حکومەت بڕیاری نایاسایی دەربکات و بەرپرسیارێتی تەواوی لەئەستۆدایە کە بەرژەوەندی گشتی بپارێزێت. دیارە وەستانەوە بەدژی لێبڕینی مووچە کارێکی دڵسۆزانە و یاساییانەی پەرلەمان و سەرۆکایەتیەکەتی، بەڵام کاتێ سەرۆکایەتی پەرلەمان ئەم کارە ناکات ئەو ڕاستیەمان دەخاتەوە بەرچاو کە سەرۆکایەتی پەرلەمان نوێنەرایەتی چینی باڵادەستی حکومڕان دەکات و بەرژەوەندی چینی دەسەڵاتداری خستۆتە سەروو بەرژەوەندی گشتییەوە و بەرژەوەندی چینایەتی گرووپە دەستڕۆشتووەکانی ناو حزب و حکومەتی لەبەرچاو گرتووە و بەناوی یاساوە بوەتە پارێزەریان.

ئەم کارەی سەرۆکایەتی پەرلەمان تەنانەت پێچەوانەی یاسا و ڕێساکانی پەرلەمانی خۆیانە کە لە دێر زەمانەوە ڕەخنەی جدی بونیاتنەرانەی فکری و سیاسی هەیە بە ئاراستەی سیستەمی پەرلەمانی کە تا چەند دەتوانێت زامنی گۆڕانکاری بنەڕەتی بێت لەژیان و گوزەرانی خەڵکی بەگشتی و چینی کرێکار و مووچەخۆران بەتایبەتی، بەشێوەیەکی دیموکراتیانە و دروستکردنی هەلومەرجێکی مرۆڤدۆستانە و شارستانیانە تا هەموو ڕاو بیروباوەڕە جیاوازەکان بتوانن گوزارشت لەئاوات و ئامانجەکانی خۆیان بکەن ئەم هەڵوێستە نایاسایی و نادیموکراتییەی سەرۆکایەتی پەرلەمان سەلمێنەری ئەو ڕاستیەیە کە حزبە بۆرجوازییەکان پەرلەمانیان بۆ شەرعیەتدان بە بەرنامە و خواستە سیاسی و ئابوورییەکانی خۆیانە نەک بەرژەوەندی گشتی.

لەهەلومەرجێکی وا نایاسایی و پڕ لە ناعەدالەتیدا پێویستە پرۆسەی کاری پەرلەمانی بە پرۆسەی تێکۆشانی چینایەتی و خەباتی ڕۆژانە و کار و چالاکی سەرشەقام و جەماوەری و ئیعلامیەوە ببەسترێتەوە تا گۆڕانکاری بنەڕەتی دەکرێت لەنەخشەی سیاسی وڵاتدا، ئەگینا لێبڕینی مووچە و کاری نایاسایی و ناعەدالەتییەکانی دەسەڵاتدارانی کوردستان چەوسانەوەی مرۆڤ بەردەوام دەبێت، چونکە ئەمانە لەبنەڕەتەوە وابەستەی سیاسەتی ئابووری و ئەجندای سیاسی و ئابووری دەوڵەتە سەرمایەدارەکانن کە ئەم سیستەمانە بەدرێژایی مێژوو خەریکی چەوسانەوەی مرۆڤایەتی و کەڵەکەکردنی سەرمایە بوون و پاراستنی بەرژەوەندییەکانی خۆیان لەسەروو هەموو شتێکەوە داناوە و خستوویانەتە سەروو بەرژەوەندی کۆی کۆمەڵگە.

 

  • 1