نوسینی: مامۆستا ئیسماعیل محه‌مه‌د ئه‌مین ڕواندزی
بەشی یەکەم
ساڵی (١٩٥٧-١٩٥٨) ماڵمان له‌گوندی (دیانا) بوو، ئه‌وسا دیانا گوندێکی گه‌وره‌بوو له ده‌ڤه‌ری (سۆران)، دانیشتوانه‌که‌ی له‌موسڵمان و کرستیان پێک هاتبوون. دیانا گوندێکی بازرگانی گرنگ بوو، بازاڕێکی گه‌وره‌ی هه‌بوو، چه‌ند چایخانه و کێتبخانه و دوکان و په‌ڕه‌چی و لبادچی و ناڵبه‌ند و ته‌نات خمخانهشی لێ‌بوو. چونکه به‌هاران هه‌موو کۆچه‌ر و مه‌ڕداره‌کانی عه‌شیره‌ته‌کانی (خه‌یلانی، هه‌رکی، باره‌کی و مام ساڵ) بۆماوه‌ی مانگێک ڕه‌شماڵه‌کانیان له‌ده‌شتی دیانا هه‌ڵده‌دا بۆ ئه‌وه‌ی پێویستییه‌کانی سێمانگی هاوین وه‌کو (جلوبه‌رگ، خوێ، شه‌کر، چای، قه‌سپ، خورما، برنج و ساوار) هه‌روه‌ها لباد کهپهنیشیان ده‌کڕی و ژنه‌کانیان ڕیسو جله‌کانی خۆیانیان له خمخانه ڕه‌نگ ده‌کرد و به‌مجۆره خۆیان بۆ سێمانگی هاوین ئاماده ده‌کرد بۆ کوێستانه‌کان.
پایزان که ده‌گه‌ڕانه‌وه، دووباره بۆ ماوه‌ی مانگێک ڕه‌شماڵه‌کانیان له ده‌شتی دیانا هه‌ڵده‌دایه‌وه و ئه‌مجاره‌یان بۆ فرۆشتنی به‌رهه‌مه‌کانیان له (ڕۆن، په‌نیر، ژاژی، شیرێژ، خوری و پێسته) که له کوێستانه‌کان به‌رهه‌میان ده‌هێنا، هه‌ندێکیان به‌پاره ده‌فرۆشت و هه‌ندێکی تریان به‌شێوه‌ی (ئاڵوگۆڕ) وه‌ک په‌نیر به‌خورما یان به‌خوێ یان به قه‌سپ یان به شه‌کریان ده‌گۆڕیه‌وه، وه‌کو بازاڕی (عه‌کاز) که له‌سه‌رده‌می جاهلی له دوورگه‌ی عه‌ره‌بی هه‌بوو. هه‌روه‌ها ڕۆن و پێسته و خوریشیان به پاره ده‌فرۆشت بۆ ئه‌وه‌ی پێداویستییه‌کانیان له جلوبه‌رگ و خۆراک بکڕن.
له‌به‌رئه‌وه‌ی گوندی دیانا شوێنێک و بنکه‌یه‌کی بازرگانی گرنگ بوو له ده‌ڤه‌ری سۆران، دانیشتووانه‌که‌شی هه‌مه‌جۆربوون له‌هه‌موو ناوچه جیاجیاکانی کوردستانی تێدابوو، (هه‌ولێریی، بادینی، سلێمانی، که‌رکووکی) که هه‌ر هه‌موویان بۆ کاسبی له دیانا جێگیر ببوون.
دیانا له‌به‌ر هه‌مه‌جۆری دانیشتووانه‌که‌ی بیروباوه‌ڕی ههمەجۆریشی لێ‌بوو، به‌ڵام پێش شۆڕشی ١٤ی تەمووزی ١٩٥٨ که‌س هه‌ستی به‌هه‌مه‌جۆری بیروباوه‌ڕی خه‌ڵک نه‌ده‌کرد، خه‌ڵک هه‌رهه‌موویان خه‌ریکی کاسبی بوون.
بابزانین چۆن هه‌واڵی به‌رپابوونی شۆڕشی ١٤ی تەمووزمان له دایانا بیست. له‌ساڵی ١٩٥٧ "مسته‌فا ئاغای" ڕواندز کۆشکێکی گه‌وره‌ی له دیانا دروست ده‌کرد، وه‌ستاو کرێکاری له ڕواندز ده‌هێنا بۆ کارکردن، وه‌ستا (عەبدوڵا فهریدێ) وه‌ستا (سه‌عیدی فاتمه شه‌مسێ) که دوو وه‌ستای به‌ناوبانگی ڕواندز بوون، چهندکرێکارێکی ده‌هێنا له ناویاندا تائێستا ناوه‌کانیانم هه‌ر له بیره (حوسێن شێخۆ و حەسەنی کوڕی) که ئه‌و کاته مناڵ بوو، منیش که چه‌ندمانگێک ده‌بوو باوکم کۆچی دوایی کردبوو له‌پشووی هاوین له‌گه‌ڵ ئه‌و وه‌ستا و کرێکاره ڕواندزییانه کارم ده‌کرد. من‌و کاک حەسەن حوسێن شێخۆ که ئیستا مامۆستای خانه‌نشینه له‌هه‌ولێر، له‌به‌رئه‌وه‌ی مناڵ بووین کارێکی سوکیان به‌ئێمه سپاردبوو، ئه‌ویش قوڕڕاکێشان بوو له‌به‌رده‌ستی وه‌ستا، ڕۆژانهکهشمان ١٥٠ فلوس بوو پیاوه‌کانیش ڕۆژانه‌یان ٢٥٠ فلوس بوو.ڕۆژێکیان نه‌مده‌زانی که چه‌ندی مانگه و مانگی چه‌نده، ده‌وری کاتژمێر (٩ی به‌یانی) ده‌بوو مامۆستا (ئه‌لیاس عەبدوڵا) که کوری وه‌ستا(عەبدوڵا فهریدێ) بوو، له‌گه‌ڵ مامۆستا (عەبدوڵا حەمید) که خزمی مسته‌فا ئاغابوو هاتن بۆسه‌ر ئیش و سه‌لامیان کرد‌و گوتیان دیاره ئێوه ئاگاداری هیچ نین، وه‌ستا(عەبدوڵا) گوتی چی قه‌وماوه؟گوتیان دنیاههڵساوه، له بهغداشۆڕش کراوه و مه‌لیک و عه‌بدولئیلا (وصي)کوژراون، نوری سه‌عید ڕایکردووه و زه‌عیم (عەبدولکەریم قاسم) سه‌رکرده‌ی شۆڕشه‌که‌یه.
دەوری ئێوارە بوو کە گه‌ڕامه‌وه ماڵه‌وه، لۆرییه‌ک به‌ده‌یان که‌سی به‌سه‌ره‌وه‌بوو هات بۆناو دیانا، هاواریان ده‌کرد و هوتافیان به‌گیانی زه‌عیم و شۆڕش لێده‌دا، ده‌یانگوت بژی زه‌عیم (عەبدولکەریم قاسم) (بمرێ ئیستعمار)، داوای ژیانێکی خۆشیان بۆ کرێکار و جووتیار و هه‌ژاران ده‌کرد. ئه‌و ڕۆژه بۆ یه‌که‌مجار وشه‌ی (ئیستعمار)م گوێ لێ بوو، نه‌مده‌زانی ئیستعمار مانای چییه؛ ئابه‌م جۆره ناوه ناوه خه‌ڵک له سه‌ر شه‌قام پۆل پۆل کۆده‌بوونه‌وه هوتافیان لێده‌داو باسی شۆڕش و زه‌عیم و هه‌ژار و کرێکار و جووتیاریان ده‌کرد. به‌م جۆره ئێمه‌ی مناڵ‌یش که ئه‌و کات پۆلی ٦ی سه‌ره‌تایی بووین به‌م وشانه ئاشنا بووین که‌له هوتافه‌کانیان باسیان ده‌کرد.
که‌ساڵی خوێندنی (١٩٥٨-١٩٥٩) ده‌ستی پێکردو گه‌ڕاینه‌وه قوتابخانه، قوتابخانه‌که‌مان ده‌سته‌یه‌کی مامۆستای پێشکه‌وتنخوازی لێ‌بوو، به‌ڕێوه‌به‌ری قوتابخانه‌که‌مان مامۆستا (محەمەد ئەحمەد) ناسراو به (مه‌دێ فه‌ندی) خه‌ڵکی شه‌قڵاوه بوو، هه‌روه‌ها مامۆستا ئیسماعیل ڕه‌شید و مامۆستا ته‌ها خه‌ڵکی شه‌قڵاوه بوون، مامۆستا مستهفاغەفور و مامۆستا تاهیر عەلی خه‌ڵکی ڕواندز بوون، مامۆستا نزیر داود و یوسف فه‌ڕه‌نسیس و یوسف یهڵده کریستیان بوون، مامۆستا فەتحی جەرجیس خه‌ڵکی مووسڵ بوو.
ئێمه‌ش قوتابیانی پۆلی ٦ی سه‌ره‌تایی له چه‌ند قوتابییەکی زیره‌کو چالاک و ڕۆشنبیر پێک هاتبووین، ئه‌وه ناوی هه‌ندێک له‌و قوتابیانه‌ن که‌له بیرمدا ماون (جه‌وهه‌ر حەمەدئاغا مێرگه‌سۆری - مه‌جید حەمەدئاغا مێرگەسۆری - حوسێن ره‌حیم - محەمەد غەفور - مستهفاسالح - ئێلیا بێجان - ئیشا هۆرمز - ئیشایا هۆرمز- گۆریل شماشه و منیش ئیسماعیل محەمەدئەمین نووسه‌ری ئه‌م یاده‌وه‌رییانه، له‌گه‌ڵ چه‌ند قوتابییه‌کی تر که به‌داخه‌وه ناوه‌کانیانم بیرنه‌ماون، ئه‌رکی قوتابخانه‌مان به‌باشی جێبه‌جێ ده‌کرد و چالاکی وه‌رزشیمان هه‌بوو، ئه‌وساڵه له فیستیڤالی وه‌رزشی له‌سه‌ر ئاستی قه‌زای ڕواندز به یه‌که‌م ده‌رچووین.
به‌ڕێوه‌به‌ری قوتابخانه به‌ڕێز مامۆستا محەمەد وانه‌ی ئینگلیزی پێده‌گوتین زۆر توندوتیژ بوو له‌گه‌ڵمان به‌تایبه‌تی ئه‌گه‌ر ئه‌رکی ماڵه‌وه‌مان به‌باشی بهجێنهگهیاندبا ئه‌مه‌شی بۆ سودی ئێمه‌ی قوتابی بوو.
دوای نیوه‌ی ساڵی ١٩٥٨-١٩٥٩ ڕۆژێک سه‌رپه‌رشتیاری په‌روه‌رده‌یی (مفتش) هات سه‌ردانی قوتابخانه‌که‌مانی کرد، پاش ته‌واو بوون‌و گه‌ڕانه‌وه‌ی، ئێمه‌ی پۆلی شه‌ش وانه‌ی ئینگلیزیمان هه‌بوو که به‌ڕێوه‌به‌ر ئه‌م وانه‌ی پێده‌گوتین، له‌به‌رئه‌وه‌ی سه‌رقاڵی به‌ڕێکردنی (مفتش) بوو، نه‌هات بۆ پۆله‌که‌مان. پۆهلهکهمان پشێوی پێوه دیار بوو، چاودێری پۆله‌که‌مان (مراقب الصف) مه‌جید حەمەدئاغا مێرگه‌سۆری بوو،گوتی (کوڕینه بێده‌نگ بن ئه‌وه موفه‌تیش ده‌ڕوات)، یه‌کێک له قوتابیان گوتی (ده‌ڕوات ناڕوات ملی بشکێت)، له‌وکاته‌دا مامۆستا محەمەد له‌پشت په‌نجه‌ره‌ی پۆله‌که‌مان بوو موفه‌تیشی به‌ڕێ دەکرد، گوێی له‌م قسه‌یه بوو، زۆر به‌توڕه‌یی هاته ژووره‌وه‌و گوتی ئه‌وه کێ بوو ئه‌م قسه‌یه‌ی کرد، که‌سێک نه‌یگوت من بووم، مامۆستاش گوتی مه‌جید تۆبوویت ئه‌م قسه‌یه‌ت کرد، مه‌جیدیش حاشای لێکرد که‌ئه‌و ئه‌م قسهبێڕێزهی نه‌کردووه زۆر هه‌وڵی دا باوه‌ڕ به‌مامۆستا محەمەد بهێنێت، به‌ڵام بێسوود بوو، مامۆستا محەمەد له‌گه‌ڵ دوو مامۆستای تری قوتابخانه ده‌ستیان به لێپێچینهوهکردلهگهڵمان، یه‌که یه‌که بانگیان کردین، هه‌رچه‌نده هیچ قوتابییەک دانی نه‌نا که‌وا مه‌جید ئه‌م قسه بێڕێزهی کردبێت، به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ی به‌ڕێوه‌به‌ر خۆی ئه‌و قسه‌ی بیستبوو هه‌ر سوربوو له‌سه‌رئه‌وه‌ی که‌وا مه‌جید ئه‌و قسه بێڕێزهی به‌رانبه‌ر مفەتیش کردبێت، ده‌بێت هه‌ر مه‌جید فه‌سل بکرێت، ئێمه‌ش به‌م هه‌ڵوێسته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ر زۆر غه‌مباربووین.
ئێمه چه‌ند قوتابییه‌ک دوای نیوه‌ڕۆیان بۆ سه‌عی کردن ده‌چوین بۆ پشت (گردی ڕابیعه) له دیانا له‌وێ سه‌عیمان ده‌کرد. من و کاک جه‌وهه‌ر و کاک مه‌جید و کاک حوسێن هه‌روه‌ها قوتابیه‌کی تر که‌له ئێمه به‌ته‌مه‌نتربوو له پۆلی پێنجی ئاماده‌یی بووناوی کاک (کەریم ڕه‌حیم) بوو له‌وێ له‌گه‌ڵ ئێمه سه‌عی ده‌کرد، ناوه ناوه پشووێکمان ده‌داو به‌یه‌که‌وه داده‌نیشتین و کاک که‌ریمیش له‌گه‌ڵمان داده‌نیشت.که‌ریم کورێکی به‌ژن بڵندو رێکوپێک بوو قاتێکی جوانی له‌به‌ر ده‌کرد، باوکی که‌ریم هه‌ر ئه‌و کوره‌ی هه‌بوو، ئێمه به کاک که‌ریمان ده‌گوت که‌ریم تۆ ده‌خوێنیت بۆ ئه‌وه‌ی ببیت به‌چی، ئه‌ویش بهزەردهخهنهوه ده‌یگوت ده‌بم به (فه‌ڕاش)، که‌ریم زۆرهانی ئێمه‌ی ده‌دا تاکو له‌خوێندن به‌رده‌وام بین.
ڕۆژێک ئێمه مه‌سه‌له‌ی کاک مه‌جید ومامۆستا محەمەدمان به‌کاک که‌ریم گوت، ئه‌ویش گوتی بابه ئێوه ده‌توانن یاداشتێک بۆ (لقی ڕواندزی یه‌کێتی گشتی قوتابیان) به‌رز بکه‌نه‌وه، ئه‌وان کێشه‌که‌تان بۆ چاره‌سه‌ر ده‌که‌ن، ئه‌ویش به‌ده‌ستی خۆی یاداشته‌که‌ی بۆ ئێمه نووسی، ئێمه‌ش ئیمزامان کرد‌و دامانه ده‌ستی که‌ریم.
له لایه‌کی تره‌وه ئێمه‌ی قوتابیانی پۆلی شه‌ش لهچارهسهرێک ده‌گه‌ڕاین بۆ کێشه‌ی کاک مه‌جید، ئه‌وه بوو بڕیارماندا که‌شه‌و له‌سه‌ر پردی ڕوباری دیانا کۆببینه‌وه بۆدانانی پلانێک بۆچاره‌سه‌رکردنی کێشه‌که، ئه‌وه‌بوو هه‌ریه‌که‌و پلانێکی خسته‌روو، نۆره گه‌یشته سه‌رقوتابی (ئێلییابێجان) ئه‌و گوتی به‌یانی من هه‌ندێک عه‌ره‌ق له‌ناو شوشه‌یه‌کی بچوک ده‌هێنم بۆقوتابخانه و ده‌چینه پۆل ئه‌گه‌ر مامۆستا محەمەد هه‌ر توڕه‌و توندوتیژبوو سوڕبوو لهسهرفەسڵکردنی مه‌جید، هه‌ڵده‌ستین به‌هه‌موومان لێی ده‌ده‌ین و ئارهقهکهش به‌ناو ده‌می داده‌که‌ین و ده‌ڵێین ئه‌و به‌سه‌رخۆشی هاته ژووره‌وه و ئێمه هه‌موومان ئه‌و پلانه‌مان په‌سه‌ند کرد.
له‌لایه‌کی تره‌وه کاک که‌ریم ڕه‌حیم یاداشته‌که‌ی ئێمه‌ی گه‌یاندبوو به لقی ڕواندزی یه‌کێتی گشتی قوتابیان هه‌ر ئه‌و ئێواره‌یه که‌شه‌وه‌که‌ی ئێمه چووبووین بۆڕووباری دیانا بۆکۆبوونه‌وه، وه‌فدێکی قوتابیانی ڕواندز که‌پێکهاتبوون له قوتابی (ئیبراهیم واحید - تۆفیق سلێمان - زرار ئاغا - ئیسماعیل عومەر) هاتبوون بۆ دیانا و له‌چایخانه‌ی (ئەحمەد باره‌کی) کهچایخانهیهکی پاک‌و خاوێن بوو مامۆستاکان له‌وێ داده‌نیشتن له‌گه‌ڵ مامۆستا محەمەد کۆبوونه‌وه، له‌کۆتایی به‌تواناو لێهاتوویی ئه‌ندامانی وه‌فده‌که توانیان مامۆستا محەمەد په‌شیمان بکه‌نه‌وه و له‌کاک مه‌جید خۆشبێت و لهفهسڵ کردن ڕزگاری بوو.
ئێمه بۆ به‌یانی هاتین بۆ قوتابخانه و ئاگاداری ئه‌وه نه‌بووین که‌وا وه‌فدی قوتابیانی ڕواندز گه‌یشتبوونه ڕێککه‌وتن له‌گه‌ڵ مامۆستا محەمەد کۆتایی به‌کێشه‌که هاتووه، ئێمه چووینه پۆله‌که‌مان مامۆستا محەمەد به‌ڕووێکی خۆش و به‌زه‌رده‌خه‌نه‌وه هاته ژووره‌وه و ده‌ستی کرد به‌ئامۆژگاری کردنمان که‌ئێمه قوتابی پۆلی شه‌شین و له‌کۆتایی قۆناغی سه‌ره‌تاییداین ده‌بێ ئێمه نمونه‌ی ئه‌خلاق و ئهدهببین و توانایه‌کی ته‌واوی زانیاریمان هه‌بێت بۆ سه‌رکه‌تن له‌قۆناغی ناوه‌ندی و چه‌ند ئامۆژگاریه‌کی تر.
ئێمه واقمان وڕمابوو، وانه‌که کۆتایی پێهات چووینه ده‌ره‌وه‌ی پۆل، هه‌ریه‌که ته‌ماشای ئه‌وی ترمان ده‌کرد و نه‌مانده‌زانی ئه‌وه چگۆڕانکارییەکه به‌سه‌ر هه‌ڵوێستی مامۆستا محەمەدداهاتووه بۆیه هه‌موومان له‌ده‌وری قوتابی ئێلییا بێجان کۆبووینه‌وه، شوشه عه‌ره‌قه‌که‌ی نیشانداین و ئێمه‌ش شوشهکهمان له‌ژێر خۆڵی گۆڕه‌پانی قوتابخانه‌دا شارده‌وه.
ئابه‌م جۆره هه‌وڵی ئێمه‌ی قوتابیان‌و کاک که‌ریم ڕه‌حیم و وه‌فدی لقی ڕواندزی یه‌کێتی گشتی قوتابیان سه‌ری گرت‌و کاک مه‌جید حەمەدئاغا مێرگه‌سۆری له فه‌سڵکردن ڕزگاری بوو.
ئێمه‌ش ههوڵو کۆششی خۆمان زیادکرد بۆ خۆئاماده‌کردن بۆتاقیکردنهوهی سه‌ری ساڵ.
هه‌ر له به‌هاری ئه‌وساڵه دابوو برا بارزانییه‌کان به‌بڕیارێکی (زەعیم عەبدولکەریم قاسم) لێبوردنیان بۆده‌رچوو بوو له (یه‌کێتی سۆڤیه‌ت) گه‌ڕابوونه‌وه بۆ کوردستان و گه‌یشتبوونه شەقڵاوه، به‌ڕێوه‌به‌ری قوتابخانه‌که‌مان له‌گه‌ڵ مامۆستایان بڕیاریان دا بچین به‌ناوی دیانا و قوتابخانه‌که‌مان پێشوازی له برا بارزانییه‌کان بکه‌ین، ئه‌وه‌بوو پاسی (عەلی خەلیل)یان به کرێ گرت و به‌ره‌و شەقڵاوه به‌ڕێکه‌وتین.
برا بارزانییه‌کان له‌سه‌ر ڕێگای سه‌ره‌کی شه‌قڵاوه- ڕواندز له میوانخانه‌کان دابه‌زێن درابوون، که ئێمه گه‌یشتینه شەقڵاوه مامۆستایه‌ک پێی گوتین که تۆقه له‌گه‌ڵ برا بارزانییه‌کان ده‌که‌ن بڵێن (کۆمه‌نیست دیانا) ئێمه مناڵ بووین نه‌مانده‌زانی وشه‌ی کۆمه‌نیست مانای چییه، یه‌که‌مجار بوو گوێم له وشه‌ی کۆمه‌نیست ببێت، دواجار به تێپه‌ڕبوونی کات ئاشنایه‌تیم له‌گه‌ڵ ئه‌م وشه‌یه په‌یاکرد.
دوای ته‌واوبوونی پێشوازیه‌که به‌ره‌و دیانا گه‌ڕاینه‌وه، له‌سه‌ر ده‌وامی قوتابخانه به‌رده‌وام بوویین تاکۆتایی ساڵ، به‌شی زۆری قوتابیانی پۆله‌که‌م به‌سه‌رکه‌وتوویی قۆناغی سه‌ره‌تایمان ته‌واوکرد.
ماڵی ئێمه له دیانا له‌سه‌ر شه‌قامی سه‌ره‌کی ناو بازاڕی دیانا بوو له‌ته‌نیشت دائیره‌ی (به‌رید)ی ئه‌وکات بوو شوێنێکی زۆرباشی هه‌بوو.
چه‌ند هاوڕێیەکی حزبی شوعی داوایان له‌دایکم کرد که ئه‌م خانووه بۆئه‌وان چۆڵبکه‌ین تاکو بیکه‌ن به باره‌گای حزب که ئه‌وکاته پێیان دەگوت (شه‌بیبه)،دایکم ڕه‌زامه‌ندی له‌سه‌ردا و براده‌ران خانووێکی تریان بۆ ئیمه به کرێ گرت و ماڵه‌که‌مانیان گواسته‌وه بۆ ئه‌وێ.
ئه‌و هاوڕێیانه‌ی که زۆر چالاک و دیار بوون ئه‌مانه بوون (شێخ نه‌جیم - مەلا خدر دەرگهڵهیی- حەیدەر قادر ڕواندزی - حەمه سالح محەمەد (باوکی هاوڕێ ئومێد حه‌مه ساڵح) - مام سه‌لمان - حاجی وسوو - وه چه‌ند هاوڕێکی تر).
ئێمه چه‌ند قوتابیه‌ک جلی دێدهوانیمان (که‌شافه) وه‌رگرتبوو هه‌موو ڕۆژێک له‌گه‌ڵ چه‌ند هاوڕێیەکی حزب که هێزی به‌رگری میلی بوون (المقاومه الشعبیه) هه‌موو ڕۆژێک پاش ده‌وامی قوتابخانه ده‌چووین بۆفڕۆکهخانهی دیانا له‌وێ چه‌ند سه‌ربازێک مه‌شقی سه‌ربازیان به ئێمه ده‌کرد تا ڕۆژێک له ڕۆژان فڕۆکه‌یه‌کی بچوک نیشته‌وه، ئه‌فسه‌رێکی پله به‌رزی لێ دابه‌زی و گوتیان ئه‌وه (داود ئەلجەنابییه) فه‌رمانده‌ی فڕقه‌ی ٢ی که‌رکووک بوو، پێشوازییه‌کی گه‌رممان لیێ کرد، ئه‌ویش یه‌که یه‌که تۆقه‌ی له‌گه‌ڵ ئێمه کرد.
هه‌ر لهوکاتانهدابوو بزووتنه‌وه‌یه‌کی چه‌کداری له ناوچه‌ی برادۆست هه‌بوو به‌ناوی بزووتنه‌وه‌ی (شێخ ڕه‌شیدی لۆلان) له حکوومه‌ت یاخی ببوون بۆیه داود جه‌نابی سهردانیبنکه سه‌ربازییه‌کانی ده‌کرد، تا له‌هاوین دا شه‌ڕێک ڕووی دا، هاوڕێیانی حزبی شیوعی که‌له هێزی به‌رگری میللی بوون ئه‌وانیشیان برد بۆ شه‌ڕه‌که، له ئه‌نجامدا هه‌ندێک له هاوڕێیانی حزب به‌دیل گیران له لایه‌ن چه‌کدارانی بزووتنه‌وه‌که، به‌ڵام دوای ماوه‌یه‌ک ئازاد کران و گه‌ڕانه‌وه دیانا.
ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه بۆ چه‌ند مانگێک به‌رده‌وام بوو تا (بارزانی نه‌مر) هاته دیانا به‌ره‌و سیده‌کان ڕۆیشت، پاش چه‌ند ڕۆژێک چه‌کدارنی بزووتنه‌وه‌که پاشه‌کشه‌یان لێکردو بزووتنه‌وه‌که کۆتایی پێهات.
ساڵی خوێندنی (١٩٥٩-١٩٦٠) ده‌ستی پێکردو گه‌ڕاینه‌وه بۆقوتابخانه له دواناوه‌ندی ڕواندز ده‌ستمان به‌خوێندن کرد، ئه‌وکاته خوالێخۆش بوو مامۆستا (ئه‌نوه‌ر سلێمان) به‌ڕێوه‌به‌ری دواناوه‌ندی ڕواندز بوو، چه‌ند مامۆستایه‌کی عه‌ره‌ب له هاوڕێیانی شیوعی دوورخرابوونه‌وه بۆ ڕواندز له ناویان (موحسین عەلاوی - عەبدولجەبار محەمەد - مەحموود ناوێک) ئه‌مانه ده‌ورێکی باڵایان هه‌بوو و زۆر چالاک بوون، به‌شداری گشت بۆنه نیشتمانییه‌کانیان ده‌کرد، پێشه‌نگ بوون له هه‌موو خۆپیشاندانه‌کانی ئه‌وکاته و چالاک بوون له هۆشیار کردنه‌وه‌ی لاوان و قوتابیان.
پۆله قوتابییه‌کی زۆر چالاک له‌قوتابخانه‌که‌مان هه‌بوون (زرار ئاغا، تۆفیق سلێمان، محەمەد عەبدوڵا سلێمان، سالح عەبدوڵا سلێمان، یاسین مسته‌فا، محەمەد عەزیز حەیدەری، حوسێن عەزیزو چه‌ند قوتابییه‌کی تر) ئێمه‌ی قوتابیانی گونده‌کانی ده‌وروبه‌ری ڕواندز له‌به‌شی ناوخۆیی که له‌خانووی سەبری حاجی نه‌ورۆز کرابووه‌وه بۆمان، خواردن نووستن و گشت پێداویستییه‌کانمان دابین کرابوو بۆقوتابیانی گونده‌کانی (گه‌ڵاڵه، ڕایه‌ت، حاجی ئۆمه‌ران،ڕوست،دەرگهڵه، دیانا، بارهکیان،سیدهکانو مێرگه‌سۆر) تابتوانن له خوێندن به‌رده‌وام بن.