ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

یەکێك لە جەنگە بێ کۆتاییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کێشەی فەلەستینیەکانە، ئەمانیش تا ڕادەیەك، وەکو ئێمەی کورد بوونە قوربانی دەستی ووڵاتە ئیمپریالیستەکانی ڕۆژئاوا (بەتایبەتی ئینگلیزەکان) پاش دابەشکردنی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی لە سەرەتای سەدەی پێشوودا. جا لەبەرئەوەی ئێمەی کورد دابەشکراوین بەسەر هەندێ ووڵاتی عەرەبی و ئیسلامیدا، ڕۆژانە هەواڵی تێکۆشان و جەنگ و کاری تێرۆریستی سەبارەت بە فەلەستینیەکان گەیشتۆتە ماڵی هەموو هاوڵاتیەکی ئەو ناوچەیە. وەك دەزانین وڵاتانی عەرەبی بە ڕاستیان بووبێت یان بە درۆ هەموو ڕۆژێك سنگیان دەرپەڕاندووە و هەڕەشەی جۆراوجۆریان ئاراستەی دەوڵەتی ئیسرائیل کردووە ( دروست بوونی دەوڵەتی ئیسرائیلیش هەر بەرهەمی سیاسەتەکانی ووڵاتانی ڕۆژئاوایە).

هەرچۆنێك بێت، کێشەی فەلەستینیەکان هەر لە زووەوە خراوەتە نێو چوارچیوەیەکی جیهانیەوە و و تەنانەت ووڵاتە یەکگرتووەکان UN زیاد لە حەوسەد بڕیاری سەبارەت بەو کێشەیە داوە، هەروەها نزیکەی بیست پلانی ئاشتی و دیاریکردنی سنووریی لەسەر هەمان کێشە بڵاوکردۆتەوە. کەچی  ئەوەی ئەمڕۆ لە فەلەستین ڕوودەدات، بەوە ناچێت کە ئەو هەموو تەقەلا و تێکۆشان و یارمەتیە زۆرانەی کە ڕەوانەی فەلەستین کراون بەدرێژایی مێژوو لەلایەن ووڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی و هەندێ ووڵاتی دیەوە،  کێشەی فەلەستینیەکانی پێشخستبێت، بە پێچەوانەوە، بەوە دەچێت کە کێشەکە کەوتبێتە دەستی هەندێ گروپ و حیزبی توندڕەوی ئیسلامی لەلایەك و کەسانی سیاسی توندڕەوی ئیسرائیلی لەلایەکی دیەوە! ئاشکرایە ئەو بار و دۆخەش هەتا دێت کێشەی فەلەستینیەکان لاوازتر دەکات.

بزووتنەوەی بەرگری ئیسلامی ناسراو بە حەماس، لە ساڵی ١٩٨٧ وە دامەزراوە و ئەمڕۆ لە ناوچەی غەزە جێگیربووە و پێشڕەوایەتی ئەو ناوچانە دەکات. ئەو ڕێکخراوە دامەزراندنی حوکمەتی ئیسرائیلی بە ناشیاو دەزانێ و لە سیاسەتی پەلامار وپێکدادانی ئیسرائیلدا بەردەوامە. ئەوە ئاشکرایە کە حەماس تا دێت بەهێزتر دەبێت و میللەتی فەلەستینی زیاتر لەخۆی نزیك دەکاتەوە، لە زۆربەی هەڵبژاردنەکاندا تەنانەت دەنگی زیاتر لە حیزبەکەی یاسر عەرەفات پێ دەدرێت. ئەبومازن کە پاش مردنی عەرەفات لە ساڵی ٢٠٠٥ دا بووە سەرۆکی فەلەستین و ڕێکخراوی ڕزگاریخوازی فەلەستنی، ڕیگا بە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی نوێ نادات و هەربە زۆری خۆی وەکو سەرۆك ڕێڕەوی ئەو ووڵاتەی گرتۆتە ئەستۆ، ئاشکرایە کە ئەبومازن لاوازە و ئەمەش وای کردووە کە فەلەستینیەکان تا دێت باوەڕیان کەمتر بێتەوە بە سەرۆکایەتیەکەی و دەسەڵاتدارێتی حیزبەکەی یاسر عەرەفات.

 حەماس پەیوەندیەکی بەهێزی لەگەڵ تورکیای ئەردۆغاندا هەیە، تورکیا بە هەموو شێوەیەك هەوڵ دەدات کە هێزی سوپای ئیسرائیلی لەناوچەی غەزەدا کەم بکاتەوە، و بێگومان بەردەوام هەموو جۆرە یارمەتیەك دەگەێنێتە بزووتنەوەی حەماس. بەهەمان شێوە، ئێرانیش کە لەسەر ڕێڕەوی شیعەن یارمەتی ڕاستەوخۆ دەگەیێننە حەماسی سوننی لە ڕێی حیزبوڵڵای شیعەوە. ئێران مانگی شەش ملیۆن دۆلار دەگەێنێتە بزوتنەوەی حەماس.

حەماس زۆر گوێ ڕایەڵی ئێرانە و هەر بۆیە لە ساڵی ٢٠١٥ دا کاتێک ئۆبامای سەرۆکی ئەمەریکا پێشنیاری کرد کە ئابڵۆقەی ئابووری لەسەر ئێران لا بدرێت، حەماس توندوتیژیەکانی کەم کردەوە بەرامبەر بە ئیسرائیل، بەڵام ئەو سیاسەتە زۆری نەخایاند، چونکە کاتێک ترامپ بووە سەرۆکی ئەمەریکا ئەو پلانانەی خێرا هەڵوەشاندەوە. ئەوە بیر نەکەین کە بزووتنەوەی حەماس لەلایەن ئەمەریکا و یەکێتی ئەوروپا و زۆر ووڵاتی دیەوە، تەناەت لەلایەن ووڵاتێکی عەرەبی وەکو ئەردەنیشەوە بە ڕیکخراوێکی تیرۆریستی دیاریکراوە.

بەوە دەچێت کە دوا ڕۆژی ئازادی میللەتی فەلەستینی زیاتر بەرەو نادیاری بڕوات، پشت بەستنیان بە حیزب و ڕێکخراوی ئیسلامی هەتا دێت دووریان دەخاتەوە لە بیر و باوەڕی سێکولاری و پێشکەوتنخوازی.

جێی سەرسوڕمانە کە حوکمەتی ئیسلامی ئێران پشتگیری لە بزوتنەوەی حەماس دەکات بە ئاشکرا، کەچی ڕۆژێك نیە ملی گەنجێکی کورد نەکات بە پەتەوە بە تۆمەتی توندوتیژی ئیسلامی یان تیرۆریستی! ئەم کورد کوشتنەی ئێرانیش لە بێ دەنگی هەموولایەکدا بەردەوامە. 

  • 1