شارەزاو ئاگاداران ژمارەى موچەخۆرانى هەرێم (ئاشکرا و نهێنى) مەزەندە ئەکەن بە دو ملیۆن و نیو موچەخۆر واتە نیوەى دانیشتوانى هەرێم!!
لەم وڵاتەدا کە بۆ سیى (٣٠) ساڵ ئەچێ لە دەستى داگیرکەر ڕزگارکراوە. دەسەڵاتى خۆنەتەوەیى لەسەر کارە (دەسەڵات بەدەستە). هیچ نەبێ کەش و هەوا و ئەرزو ئاوى شیاو و لەبار هەبوە و هەیە بۆ ئەوەى بکرێن بە کۆڵەکەى ژێرخانى ئابورى. بە تایبەتى کشت و کاڵ و ئاژەڵدارى و باخ و بێستان. کە لە کۆنەوە سەرچاوەى داهات و بژێوى خەڵک بوون بەشێکى زۆرى بەروبومەکانى براوەتە دەرەوە.
حکومەتەکانى هەرێم لە ساڵى ٢٠٠٣/ ەوە لەبەر ئەوەى هەر چاویان لەو داهاتە بوە کە حکومەتى بەغداد ناردویەتى. هیچ بەرنامەیەکیان نەبوە بۆ ئاوەدانکرنەوەى دێهاتە سوتا و کاول کراوەکان و نیشتە جێ کردنەوەى خەڵکە دەربەدەرکراوەکە و بوژاندنەوە و وەگەڕخستنەوەى بوارى ئابورى (کشت وکاڵ و ئاژەڵدارى)!!
ئەو خەڵکەیش لەبەر بێکارى و برسێتى بە زۆرى ڕویان لە شارو شارۆچکەکانى یان هەندەران کردوە!!
حكومەتەكانى هەرێم چونکە: ـ
١- لە کە سانى ناشارەزا و کەم ئەزمون پێک هاتوون
٢- لە چین و توێژێکن کە زۆر دورن لە واقعى ژیانى زۆرینەوە.
٣- تەنها و تەنها خەمى خۆیان و دەست پێوەندەکانیان بوون. بەزێدەکردن و کەڵەکەکردنى سامانەوە خەریک بوون!! نەیان ویستوە و بە بیریان دا نەهاتوە کە تەنها نانى ڕوت بۆ دانیشتوان زامن بکەن!! خەڵکەکە لە (خۆراکى کۆن و بۆگەن و هەمە چیزەکەى بیتاقە ـ کۆبۆنى ـ حکومەتى بەغداد ڕزگار بکەن کە جارى وا هەیە بە چوار مانگ جارێک و بە نیوە ناچڵى دابەش ئەکرێ.
لە برێتى ئەمە گوایە بۆ چارەسەرکردنى کێشەى بێکارى و بژێوى زۆرینەى گەل. لەلایەکەوە پەرەیان داوە بە زیادکردنى لق و چڵەکانى هێزە چەکدارەکان و پەیتا پەیتا بێکاریان تیایاندا کەڵەکەکردوە (پێشمەرگە و پاسەوانى سنور, پاسەوانە تایبەتیەکان, پۆلیس و ئاسایش و پاراستن و دژە تیرۆر, زێرەڤانى و پۆلیسى هاتوچۆ .... هتد). لەلایەکى ترەوە هەمو دام و دەسگاکانى بەڕێوەبردنى کاروبارى وڵاتەکەیان بە جۆرێک ئاخنیوە کە هەر (٢-٣) کەس ئێستا ئەرکى یەک کارمەندى جاران ئەبەن بەڕیوە بە موچە!!
ئەم سیاسەتە چەوت و هەڵەیە, کارێکى واى کردوە کە وەکو چەند ساڵێک لەمەو بەر کاربەدەسـتێکى باڵاى حزب و حکومەت ڕاى گەیاند لە (%٧٤) میزانیەى حکومەت ئەدرێ بە موچە!! واتە بۆ هەمو بوارەکانى ترى ئەم وڵاتە تەنها ٢٧% ئەمێنێتەوە!! بە داهاتى نەوت/ یشەوە کە ئەمە چەندین ساڵە ڕۆژانە سەدان هەزار بەرمیل/ ى لێ ئەفرۆشرێ!!
ئەگەر حکومەتێکى کارامە و بەتەنگەوە هاتو لەکاردابوایە بێجگە لە بوژاندنەوە و پەرەپێدانى سامانى کشتو کاڵ و ئاژەڵدارى کە ئەمڕۆ ٩٠% لە بەربومەکانى لە دەرەوە ئەکڕین.
ئەڵێم ئەگەر حکومەت, حکومەتى خەڵک بوایە, ئێستا پشت بەستن تەنها بە بەروبومى کشتو کاڵ و ئاژەڵدارى. کارگە و کارخانەیەکى زۆر لەم وڵاتەدا دامەزرابو, واتە ئەو پیشەسازیانەى کە لە (دانەوێڵە و شیر و میوە و دار و گۆشت, پێستە و لوکە و کەتان و توتن ... هتـد) دائەمەزرێن. واتە ئەتوانرا بە ئاسانى پۆشاک و خۆراک و وردە سنعەتەکانى تر زامن بکرێ. و وڵاتەکەیش نەکرێ بە بازاڕێکى کراوە بۆ کۆمپانیا چاوبرسیە ساختەکارە بێگانەکان.
بەم جۆرە سیاسەتە ئابوری/ یە, بە بەرنامە کاریەکى واقعى و زانستانە, ئەتوانرێ ـ ئێستاش کورد واتەنى (نەچوە بچێ) ئەتوانرێ: ـ
١- خەڵک و بازاڕ چاوەڕوانى موچە نەبن. خاوەنى بوارى کارى جیاواز و بەرهەمدار بن.
٢- خەڵکى هەرێم چاوەڕوانى خۆراکە نیوە ناچڵەکەى (بیتاقە) نەبن.
٣- وڵاتەکە نەبێ بە بازاڕێکى کراوە بۆ بێگانە و کۆمپانیا چاو برسى و تاڵانچیەکانیان و چاوەڕوانى دەستى ئەوان نەبین.
٤- حکومەت خاوەنى داهات و سامانێکى لەبەر چاو ئەبو کە ئەى توانى بۆ بوارەکانى تر بەکارى بهێنێ.
٥- ئەم خەڵکەى هەرێم زۆرینە بێکار و داماو و هەژار نەئەبو.
٦- ئەم هەرێم/ ە لە حاڵەتێکى ئارام و سەقام گیرى ئابورى و کۆمەڵایەتى دا ئەژیا و خەڵکیش دڵى بە بارو دۆخەکە خۆش ئەبو!!