ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

ئەمەریکا بەردەوامە لە دامەزراندنی بنکەی سەربازی نوێدا نزیك ئەو ووڵاتانەی کەئەوان بە دوژمنیان دەزانن. ماوەیەکی کورت لەمەوبەر ئەمەریکا دەستی کرد بە دامەزراندنی سیستەمی موشەکی ASHORE AEGIS لە بنکەی سەربازی ناوچەی ڕێدزیکۆ لە ووڵاتی پۆلۆنیا. دامەزراندنی ئەو سیستەمە نزیکەی ١٨٠ ملیۆن دۆلاری تێ دەچێت. بە ڕووکەش ئەمەریکا دەڵێ گوایە ئەو سیستەمە وەکو قەلغانێك وایە بۆ پاراستنی هێزە ئەمەریکاییەکانی ناوچەکە و هاوپەیمانیەکانی ڕێکخراوی ناتۆ.

ئەمەریکا زیاد لە ٨٠٠ بنکەی سەربازی لە دەرەوەی خاکی ئەمەریکادا دامەزراندووە لە ٨٠ ووڵاتی جیهانیدا، بۆ نموونە لە ووڵاتی کۆریای باشور ٨٣ بنکەی سەربازی دامەزراندووە، لە ئەڵمانیا ١٩٤ بنکە، لە ئیتالیا ١١٥. هیرۆشیما و نەکازاکی دوو شارن لە یابان، لە بواری جەنگی جیهانی دووهەمدا ئەمەریکا هەردوکیانی بە بۆبمی ئەتۆمی وێران کرد، ئەمڕۆ ئەمەریکا ١٢١ بنکەی سەربازی لەو ووڵاتە دامەزراندووە.

لە هەمان کاتدا، ئەمەریکا ١١ پاپۆڕی مەزنی هەڵگری فڕۆکە و زۆربەی زۆری پێداویستیەکان جەنگ بە جیهاندا دەسوڕێنێتەوە کە بەهەمان شێوەی بنکە سەربازیەکان جۆرەها موشەکی جیاوازی تێدایە و هەندێکیان لەوانە موشەکی ئەتۆمین. بێگومان دەیان هەزار سەربازی پلە جیاواز کار لەو بنکەو پاپاۆڕانەدا دەکەن. بەپێی لێکۆڵینەوەیەك خەرجی ساڵانەی بنکە سەربازیەکانی دەرەوەی خاکی ئەمەریکا نزیکەی ١٥٦ ملیار دۆلارە. ئەوەش باری سەرشانی هاوڵاتیانی ئەمەریکا گرانتر کردووە. چونکە هاوڵاتیانی ئەمەریکی دەبێت ئەو خەرجیە زۆرە بگرنە ئەستۆی خۆیان، بێجگە لەوەی کە هەموو ساڵێک هەندێك لە سەربازە ئەمەریکیەکان بە مردووی دەگەڕێنەوە بۆ ماڵەوە. لەهەمان کاتدا ئەو سیاسەتەی ئەمەریکا لەدەرەوەی ووڵات بارودۆخێکی بەختەوەر و ئاسایشی پێکنەهێناوە لە ئەمەریکا، بەپێجەوانەوە زۆری ئەمەریکاییەکان ترسی تۆڵەسەندنەوە و کاری تیرۆریستیان لێ نیشتووە لە لایەن ووڵاتە داگیرکراوەکانەوە بەتایبەت پاش هێرشە تیرۆریستیەکانی ١١/٩/٢٠٠١ لەلایەن ئەلقاعیدەوە ڕاستەوخۆ بۆ ناو خاکی ئەمەریکا.

لە بەرامبەر ئەو سیاسەتەی ئەمەریکا و ناتۆدا، ئاشکرایە ووڵاتانی وەکو ڕوسیا و چین هەموو هەوڵێک دەدەن کە لە ڕووی سەربازیەوە  سیستەمەکانی پاراستنی  ووڵاتەکانیان هەمیشە بەرەو پێشەوە بەرن، بۆ ئەو مەبەستەش ڕوسیا و چین موشەکی زۆر پێشکەوتووی ئەتۆمیان بەرهەم هێناوە.

لەو ڕێکەوتن نامەیەی کە ووڵاتە یەکگرتووەکان UN لە ساڵی ٢٠١٧ دا ئەنجامیان دا سەبارەت بە ڕێگرتن لە بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی، ٨٦ ووڵات مۆریان کرد و تەنها ٥٤ ووڵات لە ڕاستیا پەسندیان کردووە. هیچ یەکێك  لە ووڵاتەکانی سەر بە ڕێکخراوی ناتۆ و یەکێتی ئەوروپا نە مۆریان کردووە و نە پەسندیان کردوە، تەنها نەمسا و ڤاتیکان و یەك دوو ووڵاتی زۆر بچووکی دی نەبێت. 

ڕێکخراوی ناتۆ و ئەمەریکا بەتایبەت خۆیان بە جەندرمەی جیهان دەزانن، ئەوان مافیان داوە بە خۆیان کە هیچ ووڵاتێك بەبێ ڕەزامەندی و بەرژەوەندی ئەوان نەتوانێت ڕێڕەوێکی سەربەخۆ بۆ بەڕێوەبردنی ئابوری و سیاسی ووڵاتەکەیان هەڵبژێرێت. ئاشکرایە دەستگرتن بەسەر بازاڕەکان و ئابوری جیهاندا پلانی شاراوەی ئەمریکا و ناتۆیە، بەهەرچی شێوەیەك بێت دەبێت ئەو ئامانجەیان بهێننە دی.

ئەمڕۆ ئەوان بەبیانووی پشتگیری و بڵاوکردنەوەی دیموکراسیەتەوە بڵاوبوونەتەوە و خۆیان گەیاندۆتە هەموو سوچ و قوژبنێکی جیهان، هەر کاتێکیش مەبەستەکانیان بۆ نەهاتە دی بە ئاشتی، ئەوا بێ سڵ کردنەوە لە هەرچی یاسایەکی جیهانی، پەنا دەبەنە بەر بە جەنگ و ووڵاتێکی دی بەرەو کاولی دەبەن.

ئەوە بیر نەکەین کە ئەو هەموو بنکە سەربازیەی کە ئەمەریکاییەکان لە ووڵاتانی تردا دایانمەزراندووە بۆ پاراستنی خاك و ووڵاتەکەیان نیە بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ، بەڵکو ئەوانە بۆ پەلاماردانی میللەتان و ووڵاتانی دین هەر کارکاتێك پێیان باش بێت بە پێی بۆچوونەکانیان.

بەداخەوە زۆر لە حوکمەتەکانی ووڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کە بە زۆرداری خۆیان سەپاندووە بەسەر ئەو ووڵاتانەدا، زۆر نا دیموکرسین و پێیان وایە کە پێكهێنان و بڵاوکردنەوەی گروپی ئیسلامی چەکێکی باشە بۆ بەرامبەربوونەوەی سیاسەتەکانی ئەمەریکا و ناتۆ. بە پێچەوانەوە هەتا ئەو حوکمەتانە وا بیر بکەنەوە ئەوەندەی تر ڕێ بۆ ئەو جۆرە سیاسەتەی ئەمەریکا خۆش دەکەن.        

  • 1