ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

لەڕوانگەی چینایەتیەوە

دەسەڵاتە جووت حزبیەکەی هەرێمی کوردستان بەسەرکردایەتی چەند ماڵبات و گروپێکی دەست ڕۆیشتووی سەربازی وئەمنی ، هەرێمی کوردستانیان لەدوای ڕاپەڕینەوە(بە زۆری چەک لەیەکلای کردنەوەی جیاوازیەکان و بەکردەوەی ساختەکاری (تەزوویر) لە پرۆسەی هەڵبژاردن و بەچاوەشەکردنی خەڵک لە ڕاگەیاندن و بەشەڕی ناوخۆ و سەرکوتی ئازادیخوازان لەململانێی سیاسیدا و بە چاوونوقاندن و هاوکاری کردن لە تاوانەکانی دەوڵەتە هەرێمایەتیەکان لەتیرۆرکردنی تێکۆشەرانی سیاسی ڕۆژهەڵات و باکورو باشورو ڕۆژائاوای نیشتمانی کوردستان) حکومڕانیان گرتە دەست و توانیان درێژە بەدەسەڵاتی خۆیان بدەن .

لەپاڵ ئەم هەموو تاوان و کارە ناسیاسی و بێ مۆراڵانەدا بۆ ڕازی کردنی کۆمپانیاکانی دەسەڵاتی سەرمایەداری جیهانی وناوچەیی و بۆ پاراستنی بەرژەوەندیە ئابووریەکانی دەسەڵاتی بنەماڵە و گروپەکانی ناو دەسەڵاتی ناوخۆی کوردستان ، ووزە و سامانی سروشتی ووڵاتیان خستە سەر نەخشەی بازاڕی بێ ڕەحمی سەرمایەداری دەوڵەتانی ناوچەکە و جیهانی سەرمایەوە لەڕێگەی گرێبەستی نەوتی ناهاوسنگ و شاردنەوەی ووردەکاری پرۆسەی بازرگانی وئابووری هەرێمی کوردستان و قۆرخکاری لەژیانی سیاسی وکارگێڕی و ئابووری و بازاڕ و بازرگانی و فەرامۆش کردنی کەرتەکانی پیشەسازی وکشتوکاڵ و گەشتوگوزار و وەبەرهێنانی درێژخایەن کەلەم ڕێگەیەوە دەیان توانی فرسەتی کار بڕەخسێن و ئابووری گەشە پێبدەن.

بەڵام بەردەوامیان لەسەر ڕێبازی فرۆشتنی ووزە و سامانی کوردستان وایکرد هەرێمیان گەیاند بەقەیرانی ئابووری ودارایی کەخۆیان دانیپێدا دەنێنن و بێکاری و هەژاری وکەم کردنەوەی مووچە و بێ بازاڕی دەخەنە ئەستۆی قەیرانی ئابووری جیهانی و هەڵبەز و دابەزی نرخ لەبازاڕی جیهانیدا ، پرسیار ئەوەیە کێ ڕایسپاردن بەم کارە ؟

بۆچی نەهاتن پیشەسازی نەوت پەرەپێبدەن و سیاسەت ئابووری لەسەربنەمای پاراستنی بەرژەوەندی نیشتمانی وئینسانی و(چەمکی گەشەپێدانی بەردەوام) لە هەرێمی کوردستان داڕێژن ؟

کێ پێ ووتن گرێبەستی ٥۰ سالە ببەستن و سامانی وڵات هەڕاج بکەن ؟

یاسای وەبەرهێنان بەبەرژەوەندی سەرمایەگوزاری بیانی دەربچێنن وئابووری ناوخۆی لاوازو ڕسوا بکەن؟

غەیری ئەوە نەبێت ئێوە بۆ کەڵکە کردنی پارە و و پاراستنی بەرژەوەند چینایەتی خۆتان ئەم کارانەتان کرد ،ئەم سیاسەت وکارانەتان کە ئابووری (نیشتمانی ئازیزو نەوتی دڵ و قودسی کوردستان) خستە سەر نەخشەی بازاڕی ناعەدالەتی جیهانی سەرمایەوە ،کە سەدان ساڵە مرۆڤایەتی لەململانێدایە لەگەڵ دنیای بەرژەوەندخوازی سەرمایەداریدا ،هەربۆیە بەسەدان هەزار لاوی کوردستان بێکارن ، بەدەیان خانەوادەی هەژار هەیە لەکودستانی ژێر دەسەڵات وسیاسەتی (سەرۆکەحکیمەکەیدا )دا بەسەدان هەزار کرێچی داماو هەیە بەزەحمەت کرێی خانووی بۆ دابین دەکرێت و ڕۆژ لەدوای ڕۆژ قەرزی هەرێمی کوردستان زۆر تر دەبێت قوڕ بەسەرمیللەتی بێ چارەنووس کە دەسەلاتەکەی بەحساب هەرێمی کورستانی خستۆتە سەرنەخشەی ئابووری جیهان بەڵام نزیکە(۳۰ ) ملیار دۆلار قەرزارە لەماوەی (۳۰)ساڵی حکومڕانیدا.

ئێمەی مارکسیەکان دەبێت خوێندنەوەی تەواومان هەبێت بۆ جیهانی ئەمڕۆ ئایە میللەتی هەرێمە بێ ناسنامەکان دەبێت چ ڕێچکەیەکی ئابووری بگرنە بەر؟

سود لەکام قوتابخانەی ئابووری وەبگرن ؟

لەسەر کام ڕێبازی ئابووری بڕۆن ؟

پشت بەسیاسەت و دەسەڵاتی سەرمایداری ببەستن ؟ یان پشت ئەستوور بن بە بنەماکانی زانستی ئابووری و ڕەوشت و ئاکارو بەرنامەی مرۆڤ دۆستی و پاراستنی بەرژەوەندی چینی کرێکارو زەحمەکێش ومووچە خۆرانی گیرفان بڕاوی کوردستان کەهەموویان هێزی کاری ڕاستەقینەی پێشخستن وگەشەپێدانی ئابوورین بۆیە بانگەشەکردن بۆسیاسەتی پیادەکراوی ئابووری سەربەخۆی هەرێمی کوردستان و خستنە سەرنەخشەی ووزەی جیهانی کارێکی نازانستیەو بەرژەوەندی نیشتمانی کوردستان وجەماوەرەکەی تیادانیە و ئەم جۆرە بیرکردنەوانە خوێندنەوەی هەڵە و پێچەوانەی وانەکانی مێژووی فکرو ئەزموونی مارکسیانەیە ودەبێت هەمووان بەهەڵوێستێکی ئینسان دۆستی و لەسەر بنەمای واقیعی گەلەکەمان وبەرژەوەندی چینی کرێکار و هەژارانی کوردستانە وە شیکردنەوە بکەین و تەماشای نەخشەی سیاسی وئابووری جیهان و ناوچەکە بکەین کەتاچەند بەسوودی گەلەکەمان بەگشتی و چینی کرێکار و خەڵکی زەحمەتکێش شکاوەتەوە.

تاکو بتوانین ڕووسورانە بەردەوام بین لەسەر تێکوشانی نیشتمانی وچینایەتی بەتایبەت کە هەڵگری دروشمی (نیشتمانی ئازاد وگەلێکی بەختیارین )

ئایە ئەم سیاسەتە ئابووریەی هەرێم (نیشتمانی بەرەو ئازادی دەبات یان بەرەو وابەستی دواکەوتوانە دەبات وگەل بەرەو بەختیاری دەبات یان بەرەو بەدبەختی ؟)،

ڕێگای تێکۆشانی شیوعیەکان سەختەو تاقیکردنەوەی بەختی شکۆمەندی لەبەرداوامیدان لەهەڵوێست و خەباتدا گەلێ سەخت ترە ، بەڵام ئیرادەی مرۆڤی کۆڵنەدەر هێز وئیلهام بەخشی ڕێبازی بەرەوپێش چوونە تا لوتکەی سەرفرازی ئینسان ئەو ئینسانەی کە (کارل مارکس بە گەورەترین سەرمایە) ناوی هێناوە دەبێت چەقی ئامانج وهەوڵ وخەباتمان بێت بۆی .

 

  • 1