ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

پاش داگیرکردنی ئەفغانستان و مانەوەیان بۆ ماوەی بیست ساڵ، ووڵاتانی ناتۆ بە سەرۆکایەتی ئەمەریکا، چەند ڕۆژێك لەمەوبەر بە شەرمەزاریەوە ئەفغانستانیان جێ هێشت و ووڵاتەکەیان دایە دەستی تالیبانەکان. لەولاشەوە ئەشرەف غانی سەرۆك کۆمار لەجیاتی بەرەنگاربوونەوەی تالیبانەکان هەڵات و ووڵاتەکەی جێ هێشت. بەم شێوەیە حوکمەتی نوێی ئەفغانستان کەلەلایەن تالیبانەکانەوە دادەمەزرێت، دەچێتە ڕیزی حوکمەتە ئیسلامیە توندڕەوەکانەوە.

ئەمەریکا لە ڕووی پێشکەوتن و کاریگەرێتی تەکنەلۆجیای چەك و تەقەمەنیەوە ئاشکرایە کە لە پلەیەکی بەرزدایە، بەڵام پێویستە پرسیارێك بکەیەین، ئایا لەڕووی دیپلۆماسی و سیاسەتی جیهانیشەوە هێندە پێشکەوتووە ؟ گەر چاوێك بە مێژووی نوێیاندا بخشێنین بەئاسانی وەڵامی ئەو پرسیارەمان بۆ ڕوون دەبێتەوە.

پاش ئەو شەڕدۆڕاندنە و شەرمەزاریەی ناتۆ و ئەمەریکا کە لە بەر چاوی هەموو جیهان بوو، زۆر لە ڕۆژنامەنووسان و کەسانی پسپۆڕی سیاسی ووڵاتانی ڕۆژئاوا کەوتوونە دەهۆڵ لێدانی ئەوەی کە پێویستە بە بۆچوونەوەکانیاندا بچنەوە و چی دی بیر لە بڵاوکردنەوەی سیستەمی دیموکراسی نەکەنەوە لە ووڵاتانی دیدا! جێی سەرسوڕمانە، تەنانەت مرۆڤی ساکاریش دەزانێت کە ئەوان هیچ سیسیتەمێکی دیموکراسیان بەتایبەت لە ووڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بڵاونەکردۆتەوە. بە پێچەوانەوە ئەوان تەنها بۆ بەرژەوەندی خۆیان ووڵاتانی تریان داگیرکردووە و بوونەتە و هۆکاری چەندین شەڕی ناوخۆ و تێکدان و دواکەوتن و هەژاری. کارەکانیشیان لەژێر پەردەی بڵاوکردنەوەی دیموکراسیدا دەشارنەوە.

پاش دامەزراندنی حوکمەتە نوێیە سۆشیالیستیەکەی نور محەمەد تەرەقی لە ساڵی ١٩٧٨ دا ،ئەمەریکا لەهەموو ڕوویەکەوە کەوتە هەوڵدانی ڕوخاندنی ئەو حوکمەتە. مەبەستی سەرەکیشی خۆنزیك کردنەوە بوو لە سنوورەکانی یەکێتی سۆڤیێت و چین، بۆ ئەو مەبەستەش هەموو جۆرە یارمەتیەکی ئامادەکرد بۆ ڕێکخستنی میللەتەکانی ئەفغانستان و جیهادکردن  دژ بە حوکمەتەکەی تەرەقی. ئەمەریکا و لایەنگرەکانی وایان لە میللەتانی ئەو ووڵاتە دەگەیاند کە گوایە حوکمەتێکی سۆشیالیستی یان کۆمونیستی دەبێتە ڕیگر لە ئایینەکەیان لە ئەفغانستاندا. بێگومان ئەوەش لە ڕاستیەوە دووربوو.

ئەوە بیر نەکەین کە بین لادن، کەسێکی تاڕادەیەك نەناسراو بوو ئەو کاتە لە جیهاندا، بەڵام تێگەیشت و ئەو دۆخەی بەهەل زانی و زوو خۆی گەیاندە ئەفغانستان بۆ ئەنجامدانی جیهاد و پرۆژەکەی کە دامەزراندنی ئەلقاعیدە وو. تائێستاش ئەلقاعیدە ماوە و لە زۆر ووڵاتدا بڵاوبۆتەوە. هەروەها داعشیش هەر لەسەر ئەو بیروباوەڕە توندڕەویەی ئەلقاعیدەوە کەوتەوە و وەکو بینیمان بوو بە کێشەیەکی گەورەی جیهانی. ئێمەی کوردیش باجێکی گەورەمان دا بە هەڵمەتە نامرۆڤایەتیەکانی ئەو ڕێکخراونە، لەهەمان کاتدا ئەوانە توانیان گەرای کولتوری ئیسلامی توندڕەوی لە کوردستانیشدا بچێنن.  

ناتۆ و بەتایبەت ئەمەریکا، نزیکەی دووهەزار و سێسەد ملیار دۆلاری بۆ ئەو شەڕە بیست ساڵیە تەرخان کردووە، هیچ کەسێكی ئاسایی باوەڕناکات کە ئەمریکایەکی هێندە پێشکەوتوو ئەوەندە کورت بین بووبێت و بتوانێت مەبلەغێکی ئاوا بۆ شەڕێك تەرخان بکات کە ئەنجامەکەی بە دۆڕانی خۆیان کۆتایی پێ بێت!

ئەمەریکا دەیتوانی بەو پارەیە، سەدان هازاران تەلار دروست بکات بۆ هاوڵاتیانی ئەفغانستان. دەیتوانی هەزاران خەستەخانە دروست بکات. دەیتوانی خوێندن بۆ سەدان هەزار لاوی ئەفغانی مسۆگەر بکات لە هەموو بوارەکانی ژیاندا. دەیتوانی هێرشێکی سەرکەوتوو دژ بە هەژاری ئەنجام بدات. دەیتوانی بواری کار بۆ ئافرەت لەو  ووڵاتەدا بڕەخسێنێت و ئافرەت لە کۆیلەێتی ڕزگار بکات. ئەمەریکا دەیتوانی بەو مەبلەغە زەوی کشتوکاڵی بکڕێت و بیدات بە جووتیارەکان.

بەڵام ئەمەریکا پاش ئەو هەموو مەسرەف و کوشتن و بڕینە لە خۆیان و لە ئەفغانیە بێگوناهەکان، ئەو ووڵاتەی ڕادەستی تالیبانەکان کرد بۆ دامەزراندنی سیستەمێکی ئیسلامی توندڕەوی.

ئەمەریکیەکان ناڕستەوخۆ تەنها لەیەك سیاسەتدا سەرکەوتوون و کەس پێێان ناگات، ئەویش ڕێ خۆشکردنە بۆ بڵاوبوونەوی ئایینی ئیسلامی توندڕەوی لە ووڵاتە ئیسلامیەکاندا. ئەوان ڕاستە پێشکەوتوون لە بواری تەکنەلۆجیادا، بەڵام بە سەرنەکەوتنیان لە ئەفغانساتن سەلماندیان کە سیاسەتەکانیان لە ووڵاتانی جیهانی ئیسلامیدا زۆر پڕکەلێنە بە کاری مرۆڤی زۆر نەشارەزا دەچێت.   

  • 1