ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

 هەڵبژاردن یەكێكە لە پایە سەرەكییەكانی پرۆسەی دیموكراسی و لە ناوەرۆكدا بە جەوهەری دیموكراسی دەناسرێت، واتا هەڵبژاردن پرۆسەیەكی تەواو دیموكراسییە و ئەمەش لە دنیای ئەمڕۆدا جێگەی بایەخ و گرنگی پێدانە بەو مەرجەی ڕێرەوە ڕاستەقینەكەی نەشێوێنرێ تو نەكرێتە پرۆسەیەكی ساختە وەك ئەوەی لە زۆر لە وڵاتە دیكتاتۆرەكاندا مامەڵەی پێدەكرێت، بەڵام پێچەوانە بەم دیدوتێڕوانینە لەم وڵاتەی ئێمەش وەك هەموو شتەكانی تر هەڵبژاردنیش لە سیاقی راستەقینەی خۆی دەرهێنراوە و بووەتە بابەتگەلێكی هیچ و  كۆمەڵێك لەمپەری بە میكانیزمی زۆر تایبەت بۆ داتاشراوە، كە لەراستیدا لە ناوەڕۆك و مانا ڕاستییەكەی خاڵی كراوەتەوە و بووەتە گاڵتەجاڕی و تایبەتمەندییە ڕاستەقینەكەی خۆی لە دەست داوە كە دەرگایەكی گرنگە بۆ ئیرادەی هاووڵاتی و بەرجەستەكردنی گۆڕانكاری .

كاتێك هەڵبژاردن دەكرێتە مەهزەلە و یارییەكی ساختە ئیتر هەموو رووكارەكانی هەڵبژاردن ئاوەژوو دەبنەوە و بەهای خۆی لە دەست دەدات، چونكە كارەكتەرەكانی ئەحزابی دەسەڵاتدار ئەمە بە هەل دەزانن و دیسان دەست دەكەنەوە بە هەڵڕشتنی قسە و بابەتی سواو و بێمانا وەك ئەوەی چوار ساڵی ڕابردوو گفت و بەڵێنەكانیان بەتەواوی جێبەجێ كردبێت بانگەشەی پاكی و سەركەوتنیان دەدەنەوە بە گوێی خەڵكدا و دەیانەوێ‌ لەو ڕێگایەوە خەڵك بگەمژێننەوە و دەنگیان پێبدرێت، جگەلەوەی پرۆسەی هەڵبژاردن بە لاڕێدا دەبەن كارەكتەرەكانی حزب دێن و هەڵمەتەكانی هەڵبژاردن دەقۆزنەوە بۆ پینەوپەڕۆكردنی پرۆژە سەقەتەكان و دەست دەكەن بە چاككردنی ڕێگاوبانەكان و بانگەشەی چارەسەری كەم ئاوی و پێدانی نەوت و چاككردنەوەی كارەبا دەكەن و ناوی دەیان و سەدان پڕۆژە بڵاو دەكرێتەوە، حزب هەیە لە ئێستاوە ماڵ بە ماڵ دەگەڕێ‌ و ناوی كرێچی و خەڵكی كەم دەرامەت دەنوسێ‌ و، بانگەشەی فۆڕمی دامەزراندن دەكات، ئەم دووفاقی و دیماگۆجیەتەش لەوە دەرچووە كە شەرم لە خۆیان و پرۆسەی دەوڵەتداری خۆیان بكەن ئەوەتا هەر لە ئێستاوە سەركردە و سوڵتانەكانی ئەحزابی  فەرمانڕەوا زمان شیرین و دەم بەخەندە و دەست لەسەر سنگ لە خزمەتی هاووڵاتیاندان و تاڕادەیەكی باش ڕێز لە كەرامەت و مرۆڤ بوونی مرۆڤەكان دەگرن و واخۆیان دەنوێنن كە ئەمانە ئەو سەركردە و سوڵتانە گەندەڵ و چەوسێنەرانە نین كە خەریكە كەشوهەوا و ئۆكسجینی رۆژانەش دەفرۆشنە كەرتی تایبەتی خۆیان. لە هەمووشی سەیرتر ئەوەیە زۆرترین تەركیز دەخرێتە سەر شەقام و رێگاوبانەكان و بەنزین، چونكە لە بەرچاوە و كەم كەس هەیە ڕۆژانە بەكاریان نەهێنێت، ئەمانە زۆر وەستایانە و لێزانانە كارێك دەكەن كە كەمترین كات و كولفەی پێویست بێ‌ و هەموو كەسێكیش بیبینێت‌.

بۆیە لەراسیتدا ئەم كەلتوورە كەلتوورێكی زۆر ناشیرین و قێزەوەنە، لە وڵاتانێكدا  كە دەسەڵات لەسەر بنەمای هاووڵاتی بوون مامەڵە لەگەڵ خەڵكدا دەكات شتی لەم شێوەیە بوونی نییە و، دەسەڵات خزمەتكاری هاووڵاتیانی خۆیەتی و بەرژەوەندییەكانیان دەپارێزێت، بەڵام لێرە جگە لە بەرژەوەندی حزبی و شەخسی  ئەوەی ناپارێزرێت بەرژەوەندی هاووڵاتییانە كە بێباكانە لە ژێر پێنراوە، بەكورتی هەرچی ببێ‌ت گرینگ ئەوەیە لە بەرژەوەندییەكانی ئەوان نەدا و قاسە و كاسە و كۆمپانیا و گەندەڵییەكانیان لێ تێكنەچێت، بۆیە دەرەفەتی خزمەتكردن و بووژانەوە و گرنگیدان بەخەڵك و كۆمەڵگە باس و بابەتێكی ناحەزە بەم دەسەڵاتدارانە و نابێ چاوەڕێی گۆڕانكاری و خزمەتگوزاریان لێبكرێت و پێچەوانە دەبێت خەڵك خۆی هەنگاو بەرەو گۆڕانكاری ڕیشەیی بنێت و نەترسێت لەوەی كە ئەم سوڵتانانە كێن و چین، چونكە دواجار ئەوان بە دەنگ و ئیرادەی خەڵك دێنە دەسەڵات نەك ڕێگایەكی تر .  

  • 1