ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

ئێستا هەڵمەت و كەمپینی "بەڵێ بۆ تەواوكردنی نەخۆشخانە 100 قەرەوێڵەییەكەی كەلار"، دەستی پێكردووە و قسەوباسی زۆری لەسەر دەكرێت، بەپێی زانیارییەكان ئەو نەخۆشخانەیە تاقانە پرۆژەی تەواونەكراو نییە و لە هەندێک شوێنی تر پرۆژەی گەورەی وەها ڕاگیراوە، لە نێویاندا نەخۆشخانەكەی ڕانیە.

بەپێی زانیارییەكانم، نەخۆشخانە 100 قەرەوێڵەییەكەی كەلار لەو پرۆژانەیە وا بەناوی پرۆژەكانی نەوت كاتی خۆی جێبەجێ دەكران، كە لە ساڵی 2013 بەدواوە هەموویان ڕاگیران بەهۆی ئەو قەیرانانەی ڕوویان لە هەرێم كرد، دواتر هاتنی داعش و دابەزینی نرخی نەوت و گۆڕانی حكوومەت، هەموو پێكەوە ئەو پرۆژە گرنگانەیان وەستاند و هەتا ئێستا هیچ كامیان نەكەوتوونەتە بواری جێبەجێكردنەوە.

نەخۆشخانە 100 قەرەوێڵەییەكەی كەلار پرۆژەیەكی ستراتیژی و گرنگی ناوچەكەیە، گەورەیە، فراوان و مۆدێرنە، بەتەواوبوونی سەرەڕای خزمەتكردنی بە سنوورەكە، یارمەتیدەرێكی باشە بۆ نۆژەنكردنەوەی نەخۆشخانەكانی تری كەلار كە هەموویان لە ڕووی بیناوە كۆن و پەرتەوازەن و ناچاری نەبێت هیچ مەرجێكی مۆدێرنانەی تێدا نییە و هەر ڕێكخراوێك و جاروبار بەشێكی بۆ زیادكردووە و نۆژەنیكردووەتەوە.

هەمووان باش دەزانن نەخۆشخانەش تەنیا بینا نییە، ئەوەی وا دەكات بە نەخۆشخانەیەك بڵێیت مۆدێرن و سەردەمیانە، سەرەڕای باشی شوێن و بیناكەی، بوونی كارمەندی پێویست و ئەو ئامێرانەیە كە لە نەخۆشخانەكاندا هەن، كە خزمەتێكی زۆر بەناوچەكە دەكەن، كاتی خۆی بە یەك ملیۆن و دوو سەد هەزار دۆلار ئامێری ستی سكان بۆ نەخۆشخانەی كەلار لە پارەی نەوت كڕدرا، كە خزمەتێكی باشە و دەبێ بایەخی پێبدرێت.

هاتنی پەتای كۆرۆنا و دروستكردنی نەخۆشخانەی قەڵا لە كەلار، لەو پرۆژانەیە كە چ لە ڕووی ئامێرەكانەوە و چ لە ڕووی دڵسۆزی كارمەندەكانەوە، خزمەتێكی بەرچاویان بە دەڤەری گەرمیان كرد، بەشێوەیەك نەخۆشی كۆرۆنا لە شارێكی وەك كەركووكەوە دەهێنرایە كەلار و نەخۆشخانەی قەڵا، نەك بە پێچەوانەوە.

سەرەڕای هەموو ئەو گرفتانەی كە بوونەتە لەمپەری بەردەم تەواوكردنی نەخۆشخانەكە و (8) ساڵە ئەو پرۆژە گرنگەیان ڕاگرتووە، دەبێ حكوومەتی هەرێم پەلە بكات و بەدەم ئەم كەمپینەوە بێت و پرۆژەكە تەواو بكات، چونكە كەلار چەقی ئیدارەی گەرمیانە و بە ئاراستەی ڕۆژئاوا تا كفری و دووز و بە ئاراستەی باشوور تا خانەقین و جەلەولا، بە ئاراستەی باكوور تا باوەنوور و دەربەندیخان سوودمەند دەبن لە نەخۆشخانە 100 قەرەوێڵەییەكەی كەلار، وەك چۆن لە ڕاپۆرتێكی ڕۆژنامەوانیمان پێشتر سەنتەری گورچیلەی كەلارمان بەسەر كردەوە و باسمان لەوە كرد ڕۆژانە 15 شووشتنەوەی گورچیلە دەكەن و بوونەتە جێگەی ئومێدی ناوچەكە.

لە كۆتایدا داواكارم سەرۆكی حكوومەت ئەم پرۆژە ڕاگیراوە تەواو بكات، چونكە خزمەتێكی گەورەیە بە ناوچەكە. بەپێی زانیارییەكانم یەكێك لە گرفتە هەنووكەییەكانی بەردەم پرۆژەكە ئێستا جیاوازی نرخی دۆلارە، كە كاتی خۆی دۆلار هەرزان بووە و ئێستا بەرزە و بەڵێندەر قازانج دەكات، با بۆ خزمەتی گەرمیان و گەرمیانییەكان لەم قازانجە خۆشبن و تەندروستی خەڵك بە گرنگتر لەوە ببینن، یان ئەوەش ناكەن، خۆتان بەزووی چارەسەری ئەو گرفتانە بكەن پرۆژەی وا گرنگ دوادەخەن.

 

  • 1