ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

نووسینی/ کامەران موحەمەد

لە ھێرشەکەی داعش بۆ سەر شەنگال، کچێکی ئێزدی بە ناوی (سەفیە), کە باوک و براکەی لە پێش چاوی سەردەبڕدرێت! لە لایەن داعشێکەوە بە ناوی ( ئیبن مەعازی یەثریبی ) وەکو غەنیمەیەک گلدەدرێتەوە و دەبێت بە کەنیزەیەکی ڕەنگمردوو، دوای دە مانگ، سەفیە کچێکی لە ئیبن مەعاز دەبێت! لەماوەی ئەو دە مانگە، ئیبن مەعاز بە دەیان کەس لە ئێزدیکان دەکوژێت و سەردبڕێت، لەبەردەم کامیراش سەری پێشمەرگە لە لاشە جیا دەکاتەوە! ھەر لەو ساڵەدا و لە شەڕێکدا، موشەکێکی بەردەکەوێت و بە شێوەیەک ھەپرون بە ھەپرون دەبێت، بای ئەوە ناکات بیخەنە گۆڕ و تەلقینی بدەن، کە چۆن لەمسەر وەڵامی پرسیارەکان بداتەوە!!! !

ئێستا کچەکەی سەفیە تەمەنی حەوت ساڵانە، لە باوکێکی یەثریبی دڕندەی مرۆڤکوژ و لە دایکێکی مەزلومی، ھەمیشە چاوبەگریان ھاتۆتە دونیاوە، باوکی( کە سیماشی نایەتەوە بەرچاو) بەر ھێرشی تەیرەئەبابیلەکانی ھاوپەیمانان کەوتوە، بەڵام سەفیەی دایکی، سەرباری ھەموو ئازارەکانی خۆیەوە، ئەوەندە میھرەبانە ھێشتا توند توند لە باوەشی گرتوە!

پرسیارەکە ئەوەیە: ئایا ئەم کچە بەناوی ئیبن مەعاز بکرێت، یان بەناوی دایکی؟! تۆی موسڵمان ئەگەر خۆت پێ مرۆڤە و داعشت پێ دڕندە و ناموسڵمانە، کەواتە لایەنی کەم دەبێت ماف بەو دایکە بدەی کچەکەی وەک کچی خۆی، نەک وەک کچی بابای یەثریبی گەورە بکات، دەبێت بای ئەوەندە ویژدانت بجولێت و نەبیت بە بەشێک لە ئیبن مەعاز!!! تۆی موسڵمان، کە دژایەتی ئەوە دەکەی ئەو مندالە بۆنی دایکی بگرێت، پێی بزانی یا نا، دەبیتە بەشێک لە دوبارە بە کەنیزەکردنەوەی سەفیە، تۆی ئیسلامیش ئەگەر پێتوایە کەمپینی (ناوی من ناوی دایکمە) دەبێتە ھۆی نانەوەی منداڵی "زۆڵ"، دڵنیابە زۆر ھەڵەی، چونکە ئامانج لەم کەمپینە چارەسەری کەیسی ئەو منداڵە (زۆڵ)انەیە کە ھاوبیرەکانتان خولقاندویانە! ئەو دژایەتیەتان لە بەرامبەر ژنانی ئێزدی، ناچارمان دەکات بڵێین "بەھەشتەکەتان پیرۆز و لەوێ بەیەکتر شاد بن ئەی کوڕانی مەعازەکان و کچانی عەبدولعەزیزەکان".

No description available.

  • 1