ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

سه‌ره‌تا ده‌مه‌وێ بڵێم من وه‌ك ئاماده‌كار و دیزاینه‌ر و چاكردن و دانانی وێنه‌كان له‌و ئه‌لبومه‌، به‌رپرسیاری هه‌موو هه‌موو كاره‌كه‌م به‌ چاك و به‌خراپ و به‌ ته‌نهاش كاره‌كه‌م كرد. هاوڕێیان گۆران و جاسم خه‌یلانی و سه‌عید شابۆ له‌ ده‌ره‌وه‌ ته‌نها پێشنیارو راسپارده‌و كۆمه‌ك كۆكردنه‌وه‌یان له‌ ئه‌ستۆ بوو. له‌ ده‌ستپێكردنی كاره‌كه‌ش بڕیارمان دا، كه‌ ئه‌لبوومه‌كه‌مان تایبه‌ت بێت به‌ وێنه‌ی پێشمه‌رگایه‌تی له‌ سه‌رتای 1979 تاكو ڕاپه‌ڕین. كه‌لاپه‌ڕه‌یه‌كیشم له‌ ئه‌لبوومه‌كه‌ دیزاین كرد بۆ هه‌رسێ هاوڕێم نارد و پێیان جوان بوو بۆیه‌ ده‌ستم به‌كار كرد. وه‌بڕیارمان وابوو تا یه‌ك وێنه‌ی پیشمه‌رگایه‌تی هه‌بێ، به‌رده‌وام بین له‌ كۆكردنه‌وه‌و چاپكردنی له‌ چه‌ند به‌رگێك.

بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش من له‌و وێنانه‌ ده‌ستم پێكرد كه‌لای خۆم "چ ئه‌رشیفی خۆم چ ئه‌رشیفی به‌شێك له‌و هاوڕێیانه‌ی كه‌ وێنه‌كانیان پێشتر لای من دانابوو". دوای پرس پێكردنیان، ده‌ستم پیكرد و ئه‌و وێنانه‌م دانان كه‌ ئێستا له‌ ئه‌لبوومه‌كه‌ دا هه‌ن، وه‌ هه‌ندێ هاوڕێش هه‌ر له‌سه‌ر داواكاری خۆم، رێی دوریان بڕێ و وێنه‌كانیان بۆ هێنامه‌ مه‌سیف و سكانم كردن و زانیاری ته‌واویان دامێ له‌سه‌ر وێنه‌كان .

دێمه‌ سه‌ر تێبینیه‌كانی هاوڕێ ئه‌حمه‌د.

یه‌كه‌م: هاوڕێ ده‌ڵێ ئه‌لبوومی شه‌هیدانه‌ یان زیندوان؟. من وه‌ك له‌ سه‌روه‌ش باسم كردوه‌، ئێمه‌ نه‌مانووتوه‌ ئه‌لبوومی شه‌هیدانه‌، به‌ڵكو بڕیارمان وابووه‌ هه‌موو وێنه‌ی پیشمه‌رگایه‌تی كۆ بكه‌ینه‌وه‌و به‌ شه‌هیدان و زیندوانیش، مه‌به‌ستی ئێمه‌ زیاتر به‌ ئه‌رشیف كردن و پاراستی وێنه‌ی پیشمه‌رگایه‌تی بووه، نه‌ك وێنه‌و ژیانی شه‌هیدان.

دووه‌م: هاوڕێ ده‌ڵی ئه‌لبوومه‌كه‌ بچوكه‌... منیش له‌گه‌ڵ رای هاوڕێم ، هه‌ر له‌ چاپخانه‌ هێنامه‌وه‌ من تێبینی ئه‌وه‌م كرد كه‌ ئه‌لبوومه‌كه‌ بچوكه،‌ ده‌بوایه‌ گه‌وره‌تر چاپمان بكردبوایه، هه‌رچه‌نده‌ ئه‌گه‌ر گه‌وره‌ترمان بكردبایه‌ پاره‌ی زیاتری تێده‌چوو.

سێیه‌م: هاوڕی ده‌ڵێ 27 وێنه‌ی شه‌هیدێك دانراوه‌ سه‌دان شه‌هیدی ترمان هه‌یه‌ وێنه‌یان دانه‌نراوه‌؟ من ده‌ڵێم راسته‌ 27 وێنه‌ی شه‌هید سه‌ركه‌وتم دانایه‌، به‌ڵام بڕیارمان وایه‌ وێنه‌ی هه‌موو شه‌هیدانمان دابنێین، له‌ به‌رگه‌كانی تر، خۆ ناكرێ له‌ ئه‌لبوومی یه‌كه‌م هه‌مووی دابندرێ. خۆزگا هه‌موو شه‌هیدانمان هه‌ریه‌كه‌و له‌جیاتی 27 ره‌سم 50 ره‌سمی ده‌بوو جا بزانه‌ یه‌ك وینه‌مان ده‌بوارد. ئه‌گه‌ر بشم زانیبوایه‌ هاوڕێیان ئاوا به‌ وێنه‌ی شه‌هید سه‌ركه‌وت سه‌غڵه‌ت ده‌بن، نه‌ك وێنه‌ی ئه‌و، وێنه‌ی ئه‌رشیفه‌كه‌ی خۆم هه‌ر دانه‌ده‌نا..

چواره‌م: هاوڕێ ده‌ڵێ باشتر وابوو ناوبنرێ ئه‌لبوومی په‌خشان زه‌نگه‌نه‌و هاوڕێ ئارام... بۆ ئه‌مه‌ ده‌ڵێم: هاوڕێ ئارام ده‌مێك ساڵه‌ ئه‌رشیفه‌كه‌ی خۆی به‌منی سپاردوه‌و ‌‌وێنه‌كانی هی سه‌رده‌می كاتی پشتئاشانی دووه‌م و دوای ئه‌وه‌ن، وێنه‌ی كوالیتی به‌رزو جوان و هه‌مه‌ڕه‌نگن ، ئه‌گه‌ر ئه‌وانه‌ شایه‌نی ئه‌م ئه‌لبومه‌ نه‌بن ئه‌بێ شایه‌نی كوێ بن؟؟

بۆ ئه‌رشیفی په‌خشان زه‌نگه‌نه‌ش كه‌ زۆربه‌یان هی سه‌ره‌تای ده‌ستپێكردنی خه‌باتی چه‌كداری حزبمانه‌، فه‌رامۆشكردنیان له‌ قازانجی كێیه‌؟

پێنجه‌م: هاوڕێ ده‌ڵێ ئاخۆ سلێمانی و كه‌ركوك و گه‌رمیان شه‌هیدیان نیه‌؟ من ده‌ڵێم به‌ڵێ هه‌یانه‌‌و من وه‌ك شه‌هید سه‌ركه‌وت سه‌یریان ده‌كه‌م و هه‌وڵ ده‌ده‌م له‌ به‌رگه‌كانی دادێ وێنه‌ی شایسته‌یان چنگ بخه‌م و بڵاویان بكه‌مه‌وه‌.

هه‌ر لێره‌شه‌وه‌ داوا له‌ سه‌رجه‌م هاوڕێیان ده‌كه‌م ئه‌گه‌ر وێنه‌یان لایه‌و ده‌یانه‌وێ له‌ له‌ناوچون و بزربوون بیانپارێزن با خه‌به‌رم بده‌نێ و خۆم ده‌چم بۆ لایان جا له‌ سلێمانی و گه‌رمیان و دهۆك بێ یان له‌هه‌ر شوێنێك بێ . چونكه‌ وا باشتره‌ وێنه‌كان خۆم سكانیان بكه‌م ده‌ستكاریان بكه‌م، نه‌وه‌ك له‌ رێگای مه‌سینجه‌رو ڤایبه‌ره‌و بۆم بێت چونكه‌ دیقه‌ی وێنه‌كه‌ تێك ده‌چێت و باش نابێت..

وە من لێرەوە رایدەگەیەنم، ئەو كارەم بەوپەڕی لەخۆبوردوی بەئەنجام گەیان تەنها ماندوو بوون و سەر ئیشەم بۆ مایەوە، بەڵام بڕیارم داوە ئەگەر بەتەنهاش بێ دەست لەو پڕۆژەیه‌ هەڵناگرم و هەر لەم نزیكانە دەست بە بەرگی دووەم دەكەم، هەوڵ دەدەم ئەو كەموو كوڕیانی لە بەرگی یەكەم هەیە لە بەرگی دووەم چارەسەریان بكەم

له‌گه‌ڵ رێزو سڵاوم بۆ هه‌موو لایه‌ك..

  No description available.

  • 1