ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

لەو کاتەوە کە (پەرلەمان) ى عێراق بڕیارى دا ئەبێ هێزەکانى سوپاى ئەمریکا و هاوپەیمانەکان لە عێراق بچنە دەرەوە. سەرۆک (ترەمپ) و دواى ئەویش سەرۆک (بایدن) کورد واتەنى (کێچ چۆتە کەوڵیان)!! و سەرگەرمى ئەوەن چۆن لەم (داوە) دەربازبن. و سەرقاڵى گەڵاڵەکردن و رێک خستنى بڕ و بیانو و فرت و فێڵن لە پێناو مانەوەیان دا. بەهەر شێوەیەک بۆیان دەست بدات. تا ئەوە بو هەل و مەرج بۆ سەردانەکەى سەۆرک وەزیران (مستەفا کازمی) بۆ (واشنتۆن) ساز کرا لە ٧/٦/٢٠٢١ دا و زنجیرەیەک هۆکارى کۆن و نوێ هێنرایە کایەى گفت وگۆکردنەوە وەک ــ

١- خۆ رێک خستنەوەى (داعش) و پەرەسەندنى چالاکیەکانى ـ کە هەر خۆیان پشتیوانى ئەکەن!!

٢- پەرەسەندن و کاریگەرى هەمە جۆرى کۆمارى ئیسلامى ئێران لە عێراق دا کە ڕەنگى داوەتەوە لە دەسەڵاتى شیعە و هێزە چەکدارەکەى (حەشدى شەعبى) دا کە مەترسیان بۆ سەربەخۆیى عێراق هەیە!! ئەمەیان جەوهەرى مەسەلەکەیە و سەرچاوەى کێشەى ئەمریکا/ یە لەگەڵ ئێران دا.

٣- وڵاتى عێراق لە هەمو بوارەکانى ژیاندا (سیاسى و ئیدارى و ئابورى و خزمەتگوزاریەکان زۆر داماو دواکەوتوە و حکومەتى ئەمریکا و هاوپەیمانەکانى ئامادەن لەو بوارانەدا کۆمەکی عێراق بکەن تا ببوژێتەوە.

٤- بە هێز و کاراکردنى کەرتەکانى سوپاى عێراق و ڕاهێنانیان بەمەبەستى پاراستنى ئاسایش و سەقامگیرى حکومەت و پاراستنى دەوڵەتە کە لە هەر مەترسیەکى دورو نزیک ...هتد.

       ئەمانە کران بە خاڵە سەرەکیەکانی ئەو رێکەوتن نامە ستراتیژیە کە لە سەردانەدا لەسەرى پێک هاتن.. گوایە ئەمریکا و هاوپەیمانەکانى هێزە جەنگیەکانیان لە عێراق ئەکشێنەوە. ئەمەیە کە ئەڵێن ـ ((لە دەرگاوە دەرى ئەکەن لە پەنجەرەوە دێتەوە ژورێ)).

جا ئەو کەس و پێڕو توێژانەى عێراق کە بەرژەوەندیان تێکەڵە بە بە بەرژەوەندى ئەمریکا و هاوکارانى بوە ... هەروەها ئەو خەڵکەیش کە لە کێشە و ناتەواوى بار و دۆخى هەمە لایەنى دەوڵەتەکە وەرست بوون. دو بەرەکى (سوننە و شیعە) لە ژیان بێزارى کردون. مانەوەى ئەمریکا یان بەلاوە مەبەستە, یارمەتیدەرە. بە داخەوە شەپۆلى پڕۆپاگەندە و فرت و فێڵى ئیمپریالیەتى ئەمریکا سەرى لێ شێواندون. نازانن کە ئەساسى ئەم بێنەو بەرە و بگرە و بەردەیە لە عێراق و ناوچەى خۆرهەڵاتى ناوەڕاستدا, کە عێراق کراوە بە مەرکەزەکەى, تەنها و تەنها بۆ مەبەستى ئابورى و بازرگانى و دەسکەوتە. قۆرخ کردنى سامانى ئاشکراو ژێر زەمینى ئەم وڵاتانەیە... نازانن کە عێراقى دواکەوتو بازارێکى سودمەند و ڕەهایە, سامانى نەوت و گازەکەى هێندە زۆرە لەبن نایەت. ئەم دو سەرچاوەیە کە یەکەمین و کاریگەرترین سەرچاوەى (وزە و توانان) بۆ هەمو کار و بازاڕەکان.. واتە ئەمە هۆکارى هەڵپە و بڕوبیانوى ئەمریکا یە کە نایەوێ بە هیچ شێوەیەک دەست لەم وڵاتە هەڵبگرێ.

       هەر لەبەر ئەمانەیشە کە ئەمریکا و هاوپەیمانەکان و دام و دەسگا نێو دەوڵەتیەکانى بە هەمو توانایانەوە سەر گەرمى سازدانى و هەل و مەرجى لە بارن بۆ سازدانى هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق لەکاتى خۆى دا. بۆ ئەوەى پەرلەمان/ ێک, حکومەتێک بیتە کایەوە کە ئەم بونە دروستکراوەى ئەمریکا, ئەم رێکەوتن نامە ستراتیژیە تازەیە پەسەند بکات و حکومەتێک بێتە ئاراوە کە بەند و وردەکاریەکانى جێبەجێ بکات!!

 

  • 1