ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

سیاسەتی جیهانی کە تا ئێستا بە دەست ووڵاتانی ڕۆژئاواوە یە، ڕۆژ بە ڕۆژ بەرەو هەرەس هێنان دەڕوات و دەشێ مەترسی گەورەی لێ بکەوێتەوە. ئەو سیاسەتە لەسەر بنچینەی دابین کردنی بازاڕ پێكهاتووە، جا ئەو بازاڕە لە ناوخۆدا بێت یان لەهەر سوچێکی جیهاندا بێت ئەوان دەبێ دەستی بەسەرا بگرن و کڕینی کەرەسەی خام بە پارەیەکی کەم یان بە فڕاندن و فرۆشتنی بەرهەمەکانیانی لێ ساغ بکەنەوە.، ئاشکرایە بۆ گەیشتن بەو ئامانجە ووڵاتانی ڕۆژئاوا پەنایان بردۆتە بەر شەڕ و داگیرکردن و چەوساندنەوەی میللەتانی دی. هەتا ئەمڕۆش ئەو کارە بەردەوامە.

لە پاش کۆتایی جەنگی جیهانی دووهەمەوە کەپیتالیستە ئەمەریکییەکان لە ڕێی زۆر سیاسەتمەدار و میدیاکانەوە کەوتنە ئەنجامدانی هێرشێکی زۆر بەهێزی پڕوپاگەندە دژ بە ئایدیلۆجی سۆشیال دیموکراتی و کۆمونیستی کە ئەو کاتە لە پەرەسەندندا بوو لە نێوان چینە جیاوازەکاندا. ئەوەش هۆشێکی بەهێز و نوێی لە نێوان دانیشتواندا دروست کردبوو. یەکێك لە ئامانجەکانی ئەو هەڵمەتە توندوتیژەی کەپیتالیستەکان کە بە ڕەزامەندی حوکمەتەکانی ئەمەریکاوە ئەنجام دەدرا، لاوازکردنی ڕێکخراوە سەندیکاییەکان بوو. ئەو سیاسەتە تەنها لە ئەمەریکادا ڕەچاونەکرا، بەڵکو لە ئیتالیا و یابان و زۆر ووڵاتی تردا کەپیتالیستەکان ئامادەبوون پارەیەکی زۆر تەرخان بکەن بۆ گەیشتنیان بە ئامانجەکانیان، بۆ ئەوەی بتوانن بە بێ کێشە لە مافەکانی کرێکاران کەم بکەنەوە.

ئەو سیاسەتە ئەمڕۆ تا ڕادەیەک سەرکەوتوو بووە لە زۆر ناوچەی جیهاندا. تەنانەت لە هەندێ ووڵاتی ڕۆژئاواشدا مافی کرێکار زۆر کەم بۆتەوە و ئەمجامدانی گرێبەستی نێوان کرێکار و خاوەن کار تا دێت زیاترلە بەرژەوەندی خاوەن کارەکانە. ئەمەش وای کردووە کە خاوەن کارەکان بە بێ کێشە یان ترسی مانگرتن بتوانن کرێکار لە کار دەربکەن، هەروەها کارگەو کۆمپانیاکانیان بنێرنە ئەو ووڵاتانەی کە مەسرەفی بەڕێوەبردنی کەمترە و هەروەها مووچە و مافی کرێکار لەچاو ووڵاتەکەی خۆیاندا زۆر کەمترە،  بۆئەوەی بتوانن تەنها بەرژەوەندی ئابووری خۆیان بپارێزن.

بۆ نموونە، لە ساڵی ١٩٩٤ دا کارگەی پیشەسازی کەتەرپیلەری ئەمەریکی لە ئیلینۆیس هیچ گوێی نەدایە مانگرتنی سەندیکای کرێکارەکانی کە نزیکەی هەژدە مانگی خایان، چونکە کارگەی کەتەرپیلەر بەشێکی زۆری کەرتی بەرهەمهێنانی مەکینەکانی بردبووە ووڵاتی بەرازیل و لەوێوە بەردەوام بوو لە فرۆشتنی بەرهەمەکانی. بۆیە ئەو مانگرتنە هیچ زیانێکی نەدا بە ئەو کارگەیە. بەڵام کەتەرپیلەر بە درێژەخایانی ئەو مانگرتنە بەختەوەربوو چونکە دەیتوانی دەریبخات کە سەندیکا ناتوانێت ببێتە ڕێگر لە سیاسەتی خاوەن کارەکان. بێگومان کەپیتالیستەکان دەتوانن ڕەچاوی ئەو جۆرە سیاسەتە بکەن، چونکە دەزانن کە حوکمەتەکانیان پشتگیریان لێ دەکەن.

سیاسەتی گلۆبالیزمی لە بواری کاردا، کێشەی کۆمەڵایەتی زۆری لێوە کەوتۆتەوە، بە تایبەتی لە ووڵاتە پیشەسازیەکاندا. ڕۆژ بە ڕۆژ لە ئەمەریکا و هەندێ ووڵاتی ئەوروپیدا وەکو ئیتالیا، ژمارەی هەژار لە زیاد بووندایە، تەنانەت زۆر خێزان پێداویستی بنچینەیشیان پێ چارەسەر ناکرێت. سەندیکاکانی ئەو ووڵاتانە تا دێت لاواز تردەبنن و ناتوانن هیچ داخوازیەکی سەرەکی بەسەر خاوەن کارەکاندا بسەپێنن.

 نۆام چۆمسکی دەنووسێت،" پێویستە سەندیکای جیهانی پێكبهێنرێت"، بۆ ئەوەی بتوانرێت لە هەر سوچ و قوژبنێکی جیهاندا مافی کرێکار ڕەچاو بکرێت. ئاشکرایە  ئەمڕۆ نەك تەنها لە ڕووی سیاسەتی جیهانیەوە بەڵکو لە ڕووی ئابووریشەوە هەرەسی هێناوە میللەتانی جیهانی تووشی کێشەی زۆر گەورە کردووە.

سەندیکاکانی دوێنێ زۆر خواستی هاریکاری نێوان کرێکارانی هەموو جیهانی چەوساوە بوون، ئەمڕۆ بە داخەوە هەر یەکە سەرقاڵی کێشەکانی خۆیەتی. ئەوەش تەنها لە بەرژەوەندی کەپیتالیستەکانە کە تەنها بیر لە ئەمڕۆ دەکەنەوە نەك لە سبەینێ.

   

 

  

  • 1