ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

ئەو ١٠٢ خولەکەی رێڕەوی ئەمریکا و جیهانی گۆڕی یا گەڕانەوە بوو بۆ چوار گۆشەی یەکەم ؟

فڕۆکەکانی گواستنەوەی رۆژانەی رێبوارانی ناوخۆی ئەمریکا ، ئەم بەیانیە  وەك رۆژە ئاساییەکانێتر هەریەکە بۆ شوێنی مەبەست بەڕێکەوتن ، بەڵام چواریان لەمانە هەرگیز نەگەیشتن و ئەوەی روویدا هەر لە خەیاڵیشدا نەبوو !

١٩ خۆکوژەکەی سەر بە ( القاعیدە ) ی  ئوسامە بن لادن و بە پێی پلانێکی توکمەی داڕێژراو و تەواو نهێنی و مەشقپێکراو لە بواری فڕۆکەوانی و کاری تەقینەوە لە ئەفغانستان  دابەشی چوار دەستە بوون ، هەر دەستە ، دەستی بە سەر فڕۆکەیەك داگرت و لە کاتی دیاریکراو ، دووانیان خۆیانکرد بە هەردوو باڵەخانەی بارزرگانی نێو دەوڵەتی ، سێیەمیان ئاڕاستەی پێنتاگۆنی وەزارەتی بەرگری کرا ، چوارەمیان بڕیاربوو خۆی بە سەر کاپیتۆڵدا بکێشی بەڵام سەرنشینەکان رێگەیاننەدا و لەیەکێك لە کێڵگەکانی ویلایەتی پێنسڵڤانیا کەوتە خوارەوە و تێکوپێکشکا بە بێ ئەوەی ئەنجامەکەی بپێکی ، کۆێ ئەو رووداوە چاوەڕواننەکراوانە نزێکەی سێ هەزار قوربانی لێکەوتەوە .

ئەمریکای رابەری سەرمایەداری جیهانی ، ساڵانە بە سەدان ملیار دۆلار لە کاری سەربازی ، کودەتا ، نانەوەی ئاژاوە ،  برسێتی، بشێوی ، ناکۆکی ،فشار ،  دەستخستنە ناو کار و باری ناوخۆ  ، ململانێ ، بەرپاکردنی شەڕ و کوشتار و کاری هەواڵگری لە سەرتاسەری جیهان خەرج دەکا ، پشتگیری دکتاتۆر و دەسەڵاتە ستەمکارەکان دەکات و دەنگە ناڕازییەکان کپدەکات و رەوانەی دەرگاکانی دۆزەخ دەکات ، لە پەنا مەرگی ئازادی ، مافی مرۆڤ و دیموکراسی ...... گەلانی دنیا ژێر دەستە و کۆیلە دەکا ، بەپێی  بەرژەوەندییەکانی و بە ئارەزووی خۆی ، دەسەڵاتە خۆ سەپێنەرەکان وەك داشی دامە جوولەیان پێدەکا ، دەشبێ لە کێکەکە پشکی شێری بەرکەوێ ئەگەرنا ، ئەوا گورگی تێپەر دەدا .

لە پاش جەنگی جیهانی دووەم ، ئەمریکا مێژوویەکی قێزەون و تۆمارگەیەکی رەشی لە رووبەڕووبوونەوە و داگیرکاری هەیە لە رێگەی تۆڕە فراوان و جالجالووکەیەکەی هەواڵگری CIA ، کەزوومی لەسەر هەموو جموجۆڵێکە ، بە گوڕ و تێنەوە لووتی دەژەنێتە گێژەلووکە و ئاڵۆزییەکان ، لە وڵاتانی ئەمریکای لاتین بۆ رۆژهەڵاتی ناوین بۆ باشووری رۆژهەڵاتی ئاسیا و ....... و لە رێگەی پیادەکردنی سیاسەتی پەرتکە و زاڵبە و بەکرێگیراوەکانیان ، دەرگای دۆزەخی ستەم و زۆری خستۆتە سەر پشت .

هەر کارێکی توند و تیژی کاردانەوەی رق و تۆڵە بەرهەمدێنێ ، تاڵانکردن و حەپەلووشکردنی خێر و بێری وڵاتان و برسیکردن و نادادی و پشتگیریکردنی ئیسڕائیل و سزاکانی سەر عێراق و داگیرکردنی و ..... هەروا بە ئاسانی تێپەڕ نابێ ، کاتێ نیشتمان وێران دەکرێ ، کە سانی چاوتیژ و وڵاتپارێز ، ئارامی ناوشاری سەرمایەداران تێکدەدەن و دانیشتوان تووشی دڵەڕاوکێ دەکەن .

دوای بیست ساڵ لە بانگەشەی جەنگ دژی تیرۆر ، نە ئازادی ، نە مافی مرۆڤ و نە دیموکراسی بەدیهات ، لە بری ئەوە و لەناو منداڵدانکەی ( القاعیدە ) ی ئوسامە بن لادن ، دەیان گرووپی توندڕۆی جیهادی تۆقاندن و ترسێنەر لە دایکبوون و ئەفغانستانیش بووە گۆڕەپانی جیهادی پیرۆز ،  سەرەتا دژی رووسەکان دواتر دژی ئەمریکا و بەکرێگیراوەکانیان  ، فتواکانی بن لادن و بانگەشەی جیهادی پیرۆز دژی ئەمریکا و دەست و پێوەندەکانی ، هەر لەوێوەش باڵە فڕکەیکردو چاڵاك بوون لە وڵاتانی میسر ، سوریا ، لوبنان ، یەمەن ، ئوردن ، جەزایر ، بۆسنە ، تاجیکستان ، شیشان ، بۆکۆ حەرامی نایجیریا ، بزووتنەوەی گەنجانی سۆماڵ ، ئەبو سەیافی فلیپین ، حزبی ئیسلامی تورکستانی لە هەرێمی شینجیانگی چینی ، موسڵمانانی کشمیر و جبهە النصرە و أحرار الشام و  ........ ، تەقینەوەی هەردوو باڵوێزخانەی ئەمریکی لە کینیا و تەنزانیا ، ئەنجامدانی زنجیرە چاڵاکییەکی توند و تیژی و خوێناوی لە وڵاتانی ئەوڕوپی و ئەمریکا . لە دایکبوونی ترسناکترین گرووپی داعش لە عێراق و سوریا .

پاش بیست ساڵ لە ئەزموونی جەنگ دژی تیرۆر ، کوژرانی پتر لە حەفت هەزار سەرباز لە عێراق و ئەفغانستان ، بڕی ٦-٧ تریلیۆن دۆلار تێچوو ، تیرۆر و تۆقاندن کۆتایی پێنەهات ، ئەمریکا پتر روو بەڕووی مەترسی و هەڕەشە دەبێتەوە ، هەڕەشەکان و پیلانەکان توکمەتر و رێکخراوەتر دەبن ، بەپاڵپشتی بەهێزتر لە گەل سەرکەوتنی تاڵیبان و بەهێز بوونەوەی ( القاعیدە ) و هاوپەیمانانی ، توند و تیژییەکانیش بەردەوام لە هەڵکشاندا دەبن .

 سوود لە هەندێ سەرچاوەی هەواڵ بینراوە

  • 1