ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

قەرارە تاڵیبان لە چوارچێوەی شەرعدا، مافی ژنانی ئەفغان دابین بکات، بەڵام ئاخۆ شەرعێک کە چواردە پازدە سەدەیەک لەمەوبەر سەری هەڵدابێت، هیچ لەگەڵ مافەکانی مرۆڤی هاوچەرخدا کۆی دەکاتەوە؟ ئەوە وەخت بەفیڕۆدانە ئەگەر بانگەشە بۆ ئەوە بکەین، شەرع ستەمی لە ژن نەکردووە، یان بەو پاساوە قایل بین کە ژنی سەردەمی کاڵفامی، ستەمی زیاتری لێ کراوە. شەرعێک لە بواری مافەکانی ژندا لە کەلێن تژی بێت، ناکرێت بە بیانووی ئەوەی لە ئاسمانەوە هاتووە، یان وەختی خۆی کۆمەڵێک ستەمی لەسەر ژن لا بردووە، هەتا هەتایە ڕەچاو بکرێت. ئەگەر بەراوردێک لەنێوان ئەو مافانەی شەرع بە ژنی ڕەوا بینیون و ئەو مافانەدا ساڵانێکی زۆرە، ژنانی وڵاتانی پێشکەوتوو پێیان گەییشتوون، بکەین، دەبینین ژن لە سایەی شەرعدا لە کۆیلەیەک بەولاوە، هیچی دیکە نییە و ڕۆژانە سووکایەتیی پێ دەکرێت.

 فرەژنی کە شەرع ڕێی پێ داوە، سووکایەتیکردنە بە ژن و لەوە ناچێت، فەرمانی خوایەکی دلۆڤان و دادپەروەر و یەکسانیخواز بێت، ئاخر ئەوە ڕێزدانان نییە بۆ ئەم ژنی، پیاو بە تەنیا جێی بهێڵێت و بچێت لە ئامێزی ئەو ژنیدا بخەوێت، یان هەر کە لە ئەمیان زویربوو، پشتگوێی بخات و بخزێتە باوەشی ئەویانەوە. وەکوو چۆن لەمێژە، شەرمە و قەدەغەیشە، پیاو کەنیزەکی هەبێت، کە شەرع حەڵاڵی کردووە، ئەوەیش هەر شەرمە و پێویستە قەدەغەیش بکرێت، پیاو فرەژنی بکات. دەمێکە وەختی ئەوە هاتووە ڕیفۆرم لە شەرعدا بکرێت و گەلێک لە بەردە جێگیرەکانی بلەقێندرێن، وەک دەیان ساڵە لە توونس کە وڵاتێکی زۆرینە موسوڵمانە، لەقێندراون.

 کە ژنی بەسەردا دەهێنن، ژنی یەکەم بەرەو ڕووی دوو بژارە دەبێتەوە، یان دەبێت پێ بە شکۆی خۆیدا بنێت و بەو چارەنووسە تاریکە قایل بێت، یان جودا ببێتەوە و بە پاساوی ئەوەی تەڵاق دراوە، کۆمەڵ سووک تێی بڕوانێت. ژنی جیابووەوە بەدەگمەن هەلی شووکردنەوەی بۆ دەڕەخسێت، بە تایبەتی ئەگەر منداڵی هەبێت، ئاخر لە دۆخێکی وادا، یان هیچ پیاوێک پێی ڕازی نابێت، یان لەپێناوی منداڵەکانیدا، قوربانی بە خۆشییەکانی خۆی دەدات.

 مەگەر هەر خودا خۆی بزانێت، چەندان ژن لە ترسی ئەوەی نەوەک تەڵاق بدرێن، بە ئەشکەنجەی ئەو دۆزەخە ڕازی دەبن، کە مێردیان بە هێنانی ژنی دووەم بۆی ساز کردوون. ئەوە پاساوێکی لاوازە کە دەڵێن: فرەژنی چارەسەری کێشەی (قەیرەکچ) و (بێوەژن) دەکات، ئاخر ئەوی فرەژنی بکات، نزیکەی هەمیشە بەدوای کچێکی جوان و جەحێڵدا دەگەڕێت، چونکە شەرع ئەو مافەی بە پیاو ڕەوا بینیوە، با پیریش بێت، کچێکی گەنج بخوازێت. پارادۆکس ئەوەیە هەرچەندە بەپێی دەقی قورئان، مەحاڵە پیاوی فرەژن، بتوانێت دادپەروەری لەنێوان ژنەکانیدا ڕەچاو بکات، کەچی فرەژنی ڕێگەپێدراوە، ئەمەیش هەڵکردنی چرای سەوزە، بۆ ستەمکردن لەو ژنەی، ژنی بەسەردا دەهێنرێت.

  تاڵیبان بەپێی شەرع مافی ژن دابین دەکات، شەرعێک کە پیاوی سەرپشک کردووە، بەو ئاسانییەی هەر کاڵایەکی ماڵەکەی دەگۆڕێت، کەی خواستی ژنەکەیشی بگۆڕێت، بەبێ ئەوەی هیچ ڕێزێک بۆ پێوەندیی ژنومێردایەتی دابنێت کە قەرارە پێوەندییەکی پیرۆز بێت، تەنانەت بەبێ ئەوەی بەرژەوەندیی منداڵەکانیشی لەبەر چاو بگرێت. ئاخر بەپێی شەرع (پیاو پلەیەک لەسەروو ژنەوەیە،) هەرچەندە ژن و پیاو هەردووکیان ئینسانن و نەدەبوو ژن نزمتر سەرنج بدرێت. ئەوەیش کە (پیاوان سەروەری ژنانن،) هەر سووکایەتیکردنە بە ژن. بۆچی شەرع سووک سەرنجی ژن دەدات؟ چونکە سەروەختی جیهاد، ناتوانێت شمشێر بوەشێنێت و ئەگەری ئەوە هەیە، بە دیل بگیرێت و بکرێت بە سەبی، کە دەکاتە کۆیلەی سێکسی. ئاخۆ ئەم تێڕوانینانە بۆ ئەم سەردەمە دەست دەدەن کە تێیدا دەبێت ژن و پیاو یەکسان بن؟

کە تاڵیبان لێ ناگەڕێت، ژن لە ماڵ بچێتە دەر، نە بۆ ئیش، نە بۆ خوێندن، ئەوەی لە شەرعەوە هێناوە، نەک لە گیرفانییەوە، (وقرن في بیوتکن!) ئەو زەلیلکردنەی ژن، بۆ ئەوەیە چاوی لە دەستی پیاو بێت و بە نەفامی بمێنێتەوە، تا کە ژنی بەسەردا هات، هیچ کاردانەوەیەکی نەبێت. پێ دەچێت شەرع ژن بە تاوانبار بزانێت، ئەگەرنا لە زیندانی ماڵدا بەندی نەدەکرد.بەپێی دەقی قورئانی پیرۆز، کەمعەقڵیی ژن زادەی ئەوەیە، هەر لە منداڵییەوە بایەخ بە خشڵ دەدات و سەرقاڵی خۆ ڕازاندنەوەیە. بە پیس لە قەڵەمدانی ژن، سەروەختی سووڕی مانگانە، ئەوەیش هەر بۆ شکاندنی شکۆی ژنە و لە جووەوە بۆ تاڵیبان ماوەتەوە.

کچ با هێشتا خوێنی مانگانەیشی لەبەر نەڕۆییشتبێت، دەشێت شوو بکات، ئەمەیش دەکەوێتە خانەی منداڵبازییەوە، ئاخر بەر خوێن لەبەر ڕۆییشتن، هێشتا منداڵە و نە لە ڕووی جەستەیییەوە، نە لە ڕووی دەروونییەوە، بۆ بەشوودان ئامادە نییە. ئەوەی پیاوێکی پەنجا ساڵە یان بەتەمەنتریش، منداڵێکی نۆ ساڵە بهێنێت، سەردەمی جاهیلی باو بووە، هەقبوو شەرعی ئیسلام ڕەتی کردباوە. هەق نییە تاڵیبان دژی سەردەمی جاهیلی بێت، ئاخر ئەوە جەهلە تاڵیبانی هێشتووەتەوە. ژن چونکە کەمعەقڵە، بۆیە بە نیو شایەت دەچێت و پیاو مافی ئەوەی هەیە، چوار مانگێک پشتگویی بخات و دواتر یان بۆ ئامێزی بگەڕێتەوە، یان تەڵاقی بدات، ئەمە (ئیلاء)ی پێ دەڵێن کە بە مانای سوێند دێت و ئەم خووە ناشیرینە کە سووکایەتیکردنە بە هەست و سۆزی ژن و ئەشکەنجەدانێکی دەروونییە، پێش ئیسلامیش هەبووە.

پیاو بەو جۆرەی دەخوازێت، دەتوانێت ژن ئەشکەنجە بدات، بەڵام ژن دەبێت هەمیشە بە دەنگ داخوازییەکانی مێردەوە بچێت، ئاخر ئەگەر مێرد لێی ڕازی نەبێت، ڕێی ناکەوێتە بەهەشت. ئەوەی کە دەڵێت: (چاک لەگەڵ ژناندا هەڵسوکەوت بکەن!) لەگەڵ شەرعدا ناکۆکە، ئاخر مێرد مافی خۆیەتی، لە ژن بدات، فرەژنی بکات، لەگەڵ ژندا نەخەوێت، ئازاری ڕۆحی بدات، نیقاب و حیجابی بەسەردا فەرز بکات و کەی ویستی تەڵاقیشی بدات.

خەتەنەکردنی کچ کە لە جووەوە ماوەتەوە،کە هەم تاوانە و هەم دەستکاریکردنی ئیشی خوا، بە دیاری و بە ڕێزلێنان لە قەڵەم دراوە! ئەوە شەرعی تاڵیبانە ڕێ نادات ژن سەروەختی سووڕی مانگانە نوێژ بکات، کەچی بە کەمدینیشی لە قەڵەم دەدات! هەرچەندە سووڕی مانگانە، دیاردەیەکی بایەلۆجییە، هەڵەی ژنی تێدا نییە. بۆچی ژن بە نیو شایەت دەچێت، چونکە کەمعەقڵە. بۆچی کەمعەقڵە؟ زانای ئایینی و بانگخوازی مەزنی سعوودستان: موحەممەد عورەیفی کە دۆکتۆرای لە ئایینناسیدا هەیە و ئوستادی زانکۆی سعوود پاشایە، دەڵێت: (کەمعقەڵیی ژن پێوەندیی بە غوددەیەکەوە (گلاندێکەوە) هەیە، ناوی ئەو غوددەیەم بیر چووەتەوە!) میللەتێک جڵەوی کاروباری خۆی بداتە دەست ژن، سەرناکەوێت! ئەمەیش پێچەوانەکەی دروستە، ئەوە نییە شازدە ساڵە ژنێک سەرکەوتووانە وڵاتێکی گەورەی وەک ئەڵمانیا بەڕێوە دەبات! مارگرێت تاتشەر سەرەکوەزاترانی بریتانیا بوو، ئەندێرا گاندی هیندستانی بەڕێوە دەبرد، بێنەزیر بۆتۆ پاکستان و بەندرا نایکا سریلانکا. ئەمە بێجگە لەوەی دەیان ژن، لە ئەدەب و بوارە جیاوازەکانی زانستدا خەڵاتی نۆبێڵیان وەرگەرتووە.

 خوێنبایی ژن نیو هێندەی خوێنباییی پیاوە، زۆرینەی ئەهلی دۆزەخ ژنانن، نەفرەت لەو ژنانە کراوە کە جوانکاری لە برۆیاندا دەکەن، ئەوە بۆیە شاعیر شیعری بۆ برۆی پەیوەست دەگوت، کە لە کاتی تووڕەبووندا شێوەی (لا)ی وەردەگرت، هەرچەندە برۆی چڕوپڕ لە هی پیاو دەچێت، نەک هی ژن. بۆچی ژن سروشتێکی خواری هەیە، چونکە لە پەراسوویەکی خوار خەڵق کراوە! ئەگەر ژن دوای مردنی مێردەکەی، شووی کردەوە، لە منداڵە بچووکەکانی بێبەش دەکرێت، ئەگەر نەیکردەوە و ژیانی بۆ پەروەردەکردنیان تەرخان کرد، بەهەشتی دەبێت، ئەمەیش زیاتر لە سزا دەچێت وەک لە پادداشت، بەڵام پیاو دوای مردنی ژنەکەی، دەتوانێت نەک هەر ژنێکی تر، زیاتریش بهێنێتەوە.

 (ئەگەر داوا لە کەسێک بکەم، کوڕنووش بۆ کەسێکی دیکە ببات، ئەوا داوا لە ژن دەکەم کوڕنووش بۆ مێردی ببات! ئەگەر ژن چی برینی کێم و جەراعەتاویی جەستەی مێردەکەی هەن، بیانلێسێتەوە، هێشتا هەقی تەواوی پێ نەداوە، ئاخر ژن ئەگەر مێردی لێی ڕازی نەبێت، ڕێی ناکەویتە بەهەشت. ئەگەر مێردەکەی حەزی لە جووتبوون بوو، دەبێت ژن دەستبەجێ بەدەم داواکەیەوە بچێت، با بە سواری حوشتریشەوە بێت، ئەگەرنا بەر نەفرەت دەکەوێت. ژن ڤیزەی بەهەشتی پێ نادرێت، ئەگەر گوێڕایەڵی مێرد نەبێت، بەچاوپۆشین لەوەی مێردەکەی چاکە یان خراپ.) ژنێک لای شەرعی تاڵیبان پەسەندە لە ماڵ نەچێتە دەرەوە، تەنانەت بۆ نوێژیش! لای عومەری کوڕی خەتتاب، پیاو نە بۆ ئەوەی لە ژنەکەی دەدات، نە بۆ ئەوەی ژنی بەسەردا دەهێنێت، لێپرسینەوەی لەگەڵدا ناکرێت، بەڵام ئەگەر چێژی لە ژن بینی، پێویستە کرێی ئەو چێژوەرگرتنە بدات، ئەگەرنا گوناهبار دەبێت. تاڵیبان وەها دلۆڤانانە هەڵسوکەوت لەگەڵ ژندا دەکات، بۆیە کۆمەڵ و بزووتنەوە ناهەقیان نییە بە گەڕانەوەی خۆشحاڵ دەبن!

 گوێم لە ئیسلامییەکی تاڵیبانعەقڵ بوو، دەیگوت: ئیسلام ڕێزێکی زۆری لە ژن گرتووە، ئەوە نییە ناوی (ژنان)ی لە سوورەتێک ناوە! لە بیری چووبوو، سوورەت هەیە ناوی: مێروولەیە، سوورەت هەیە ناوی جاڵجاڵۆکەیە، سوورەت هەیە ناوی مانگایە، تەنانەت سوورەتێک هەیە ناوی: مونافیقەکانە! مونافیق کەسێکە، بە پراکتیک چی سووکایەتی هەیە بە ژنی بکات و بە تیۆریی بڵێت: بەهەشت لەژێر پێی دایکاندایە.

*

(*) نورا محمد، إهانة الإسلام للمرأة.

 

  • 1