ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

لە جوغزی سەربەخۆییدا

لە گوتاری سیاسی هاوچەرخدا و لە بواری زانستە كۆمەڵایەتییەكان بە گشتی بەتایبەتی لە بواری سیاسەت و سۆسیۆلۆجیا و ئابوریدا دەستەواژەی دیالۆگ بە فراوانی بەكار دێت، و هەر بۆ نموونە زۆر جار گوێمان لە بابەتی "دیالۆگی باكور باشور", و"دیالۆگی شارستانییەكان" و "دیالۆگی عەرەبی ـ ئیسرائیلی"، و "دیالۆگی ئیسلامی ـ مەسیحی" دەبێت، هەرچەندە دەستەواژەی "دیالۆگ" تا ئێستا نەبۆتە دەستەواژەیەكی بەكارهاتوو لە بواری یاسای نێودەوڵەتی و بەڵگەنامە نێودەوڵەتییەكان.

دیالۆك سەرەتایەكی گرنگە بۆ ئاڵوگۆركردنی هەڵوێستەكان و نزیككردنەوەیان لە یەكتر و كاتێكیش لە لایەن دوو ئاراستەی ناكۆك یان لە ڕەوشی بوونی ململانی نێوانیان پەیڕەو دەكرێ ئەوا دەبێتە زەمینەیەك یان سەرەتایەك بۆ رێگاخۆش كردن بۆ دانوستان كە بنەماكانی جیاوازە لە بنەمای دیالۆگ.

لە چوارچێوەی باسكردنی چەمكی دیالۆگ نێوان لایەنی جیاواز بیرۆكەی "دیالۆگی كوردی ـ عەرەبی" لە كۆتاییەكانی سەدەی ڕابووردوو هاتەكایەوە، و لەم بوارەشدا چەند دەسپێشخەریك كرا كە لە هەموویان بەرچاوتر "دیالۆگی عەرەبی ـ كوردی" لە قاهیرە بوو، و دوواتریش چەندین چالاكی دیكە نێوان ڕۆشنبیران و كەسایەتی سیاسی و كۆمەڵایەتی كورد و عەرەب و نەتەوە و پێكهاتەكانی دیكە بە دەستپێشخەری هەندێ ڕێكخراوی كۆمەڵگای مەدەنی و بە هاوكاری رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان بەتایبەتی دووای ساڵی 2003 لە كوردستانی باشوردا كرا، و بابەتی سەركی ئەو چالاكییانەش كاركردن بۆ درووست بوونی زەمینەی بەیەكەوە ژیان و بەیەكتر قایلبوون لە عێڕاقدا بوو.

ڕەوشی سیاسی و كۆمەڵایەتی لە دەوڵەتی عێراق و بوون و بەردەوامبوونی سیاسەتی پەراوێزخستن لە لایەن نەتەوەی سەردەستەوە و ئێستاش لە لایەن تایفە و مەزهەبی سەردەستەوە و كەڵەكەبوونی قەیرانی دەوڵەت و تێكەڵبوونی گوتاری ڕق و قینەی عەقلیەتی زۆربە لە دەوڵەتدا لە گەڵ گوتاری پۆپۆلیستی و مانەوەی دەیان كێشە كە هەڕەشە لە سەقامگیری سیاسی و بەیەكەوژیان دەكات و بوونی پێكهاتەیەك دەخاتە بەر مەترسییەوە، و لەمپەری گەورە لە بەردەم گەشەپیدان و ئاشتی لە سەرجەم ناوچەی ڕۆژهەلاتدا درووست دەكات، گرنگی و پێداویستی بوونی دیالۆگ وەك رێگاخۆشكەرێك بۆ گویگرتن و لەیەكتر تێگەیشتن و هەستكردن بە گرفت و خەمی بەرامبەر كە لە ئاكامی نابەرامەریدا درووست بووە، دەخاتە ڕوو، و زەمینەیەكی كۆمەڵایەتی لەبار بۆ نزیكبوونەوەی هەڵوێستەكان لە دانوستانەكاندا واڵا دەكات.

گەلی كوردستان لە نیشتمانە دابەشكراوەكەیدا پێویستی بە دیالۆگ هەیە وەك شێوازێكی تێكۆشان كە لەگەڵ سەرجەم شێوازەكانی دیكەی تێكۆشانی ڕەوای خۆی ناكۆك نییە، و دیالۆگیش بەشێكی گرنگە بۆ خستنەڕووی داواكاری گەلی كوردستان و بانگەشەكردن بۆ دۆزە ڕەواكەی و سەرنج راكێشانی ڕای گشتی جیهان بۆ ڕەوابوونی دۆزی گەلێك كە بە درێژایی مێژوو لەڵایەن داگیركەرانەوە چەوساوەتەوە و كۆمەڵگای نێودەوڵەتیش زوڵمێكی مێژووی لێكردوە.

لەم ڕوانگەیەوە نەك تەنها دیالۆگی كوردی ـ عەرەبی، بە نیسبەت گەلەكەمان و هێزە سیاسییەكانی لە كوردستانی باشور كارێكی پێویستە، بەڵكو گرنگە كە كار بۆ دیالۆگی كوردی ، فارسی، و كوردی ـ توركی بكرێت.

بابەتی سەرەكی لە كاركردن بۆ ئەنجامدانی دیالۆگێكی سەركەوتوو تەنها بە لایەنێكەوە بەند نییە، چونكە دیالۆگ بەو شێوازەی كە باسمان كرد دوو لایەن دەگرێتەوە، و بەڵام ئەوەی كە پەیوەندی بە لایەنی گەلی خۆمانەوە هەیە كاركردنە كە ئەو دیالۆگە تەنها بە ناوی كوردوە وەك نەتەوە نەبێت بەتایەتی لە كوردستانی باشوردا كە گرنگە باس لە دیالۆگی كوردستانی ـ عەرەبی بكەین، و لایەنی كوردستانی لە سەرجەم نەتەوە و ئاین و ئاینزاكانی كوردستانی باشور پێكبێت و دەڕبڕی دیالۆگی نیشتمانێك بێت نەك نەتەوەیەكی ئەو نیشتمانە كە نەتەوەی سەردەست لە عێڕاقدا و لایەنی بەرامبەر تەنانەت ئەگەر پێشكەوتنخوازیش بێت زیاتر دەیەوەێ مامەڵە لە گەڵ مەسەلەی دیالۆك لە گەڵ كورد وەك نەتەوەیك و لە بازنەی مافی نەتەوایەتی بكات نەك دیالۆگ لە گەڵ گەلی كوردستان كە خاوەنی نیشتمانێكە.

یەكێك لە خاڵە گرنگەكان بە نیسبەت لایەنی گەلی كوردستانەوە بوونی ئیرادەی سیاسییە بۆ دیالۆگ كە گرنگە ژینگەیەكی فراوانی بۆ واڵا بكرێت و سوود لە رێكخراوەكانی كۆمەڵگای مەدەنی و دەزگاكانی توێژینەوە و ڕاگەیاندن و میدیا و تەنانەت تۆڕەكانی پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكان بۆ ئەم ئەركە وەربگیرێت.

ئامادەكردنی ژینگەی لەبار بۆ سەرخستنی دیالۆگ بەندە بە كاركردن بۆ چارەسەركردنی ئاڵنگارییەكان كە بەشێكیان پەیوەندی بۆ بۆچونی پێشوەختی بەرامبەرەوە هەیە تەنانەت ئەو لایەنانەی كە ئامادەی خۆیان بۆ دیالۆگ دەڕدەبڕن. یەكێك لەو گرفتانە مەبەستی بەرامبەرە لە دیالۆگ كە لە هەڵوێست و لە مەبەستی لایەنی عەرەبی لەو دیالۆگانە دەركەوتووە ئەویش كە مەبستیان لەو دیالۆگانە قەناعەت كردنە بە كورد كە لە سایەی دەوڵەتی عێڕاق بمێننەوە، و تەنانەت ئەگەر یەكیك لە بەشداربووانی لایەنی بەرامبەر باسی مافی بریاردانی چارەنووسی گەلی كوردستانی كردبێت ئەوا تەنها وەك مافێك ئاماژەی پێكردوە كە ئێستا و لە ئایندەدا كاتی نییە، یان فیدڕاڵی بە مافی بڕیاڕدانی چارەنووس دادەنێت!

بەشێك لە ئامادەكردنی ژینگەی لەبار بۆ لایەنی كوردستانی لەو دیالۆگانە ئەوەیە بەهێز بێت و بە ڵاوازی دەرنەكەوێت، و گەورەترین لاوازیش بریتییە لە نەبوونی هەڵوێستێكی یەكگرتووی كوردستانییانە و مامەڵەكردنی لایەنە سیاسییەكان لە گەڵ ڕەوشی سیاسی و پێشهاتەكانە لە ڕوانگەی بەرژەوەندی بەرتەسكی حزبایەتی و ململانیی ناوخۆیی، و قایلبوونی پێشوەخت بە فەرزبوونی ئەمری واقیع لە سەر كوردستان و بەمەش سیفەتی شۆرشگیری لە دەست دەدرێت و هاوسەنگی لە دیالۆگیش مسۆگەر ناكرێت، و دیالۆگێك بە لاوازی بكرێت نەكردنی باشترە. بوونی ئەم ڕەوشەش گرنگی دیالۆگی ناوخویی كوردستانی دەخاتە ڕوو.

هاوكات گرنگە كار بۆ هەندێ خاڵی دیكە بكرێت لەوانە:

ـ پاراستنی یەكێتی گەلی كوردستان بە سەرجەم نەتەوە و پێكهاتەكانییەوە، و دابینكردنی سەقامگیری سیاسی و ئاسایشی كۆمەڵایەتی و پێشكەشكردنی نموونەیەكی ئەرێنی لە بواری بەیەكەوەژیانی ناوخۆیی لە كوردستان و نەهێشتنی پەراوێزخستن.

ـ قایل نەبوون بە دانانی هێڵی سوور لە لایەن بەرامبەرەوە بۆ دانیشتنەكانی هەر پرۆسەیەكی دیالۆگ.

ـ پشتبەستن بە ڕاستیی مێژووییەكان و بەڵگە و لۆجیكی گفتوگۆ لە چوارچێوەی رێزگرتن لە بەرامبەر، و دوور كەوتنەوە لە هەڵچوون.

ـ كرانەوە لەسەر ڕای گشتی جیهان و ناوچكە و گەیاندنی گەلتوری دیالۆگ وەك پەیامێكی بزوتنەوەی رزگاریخوازی گەلی كوردستان بۆ جیهان.

ـ جەختكردن كە مەبەست لە گوتاری كوردستانی لە هەر دیالۆگێك بانگەشەكردن بۆ عەقلیەتی گۆشەگیری و رەفزكردنی بەرامبەر نییە، بەڵكو دانانی رێگاچارە و نەخشە و پلانە بۆ زەمینە خۆشكردن بۆ بیكەوە ژیان و ئاشتی بەردەوام و ئەنجامدانی گەشەپێدانێك كە لە برژەوەندی گەلانی ناوچەكە بێت، و ئەمەش لە رێگای جێبەجێكردنی مافی بڕیاردانی چارەنووسی گەلی كوردستانەوە جێبەجێ دەكرێت.

  • 1