ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

  

ئەوەی کە ئاشکرایە سەرکەوتووترین ئیدارە ئەوەیە کە بۆ هەموو گرفتێک چارەسەری گونجاوی پێیە، بەپێی توانای ئیدارە و کۆمەڵگە، بۆ هەر یاسایەکیش زەمینەیەکی گونجاو و لەبار دەڕەخسێنێت بۆ جێبەجێکردنی یاسایەکە، بۆ هەر فەرمانێکیش بەرژەوەندی زۆرینەی گەل دێنێتە بەرچاوی خۆی، نەک تەنها بەرژەوەندی تەسکی لایەنێک یان گروپێک یان چەند کەسانێک...

لێرەدا نامەوێت بچمە ناو بواری سیاسەت، بە تایبەتی لەو بارودۆخەی ئێستا کە هەڵاوهۆریایەکی گەرمی هەڵبژاردنە، سەرەڕای گەرمی هاوینی تاقەتبەر! با هەر لایەنێک و کەسانێک لەنێو ئەو لایەنانە، بە هەوەسی خۆیان پلیتی لایەنگیریم بۆ نەبڕنەوە بۆ لایەنێک و حزبێک! بە دژی خۆیانم تێنەگەن یان بە دژکاری لایەنێکی دیکە، چونکە ئەوە زۆر باوە لە نێو ئەو کۆمەڵگە داماوەی خۆمان، کە کەس ناوێرێت قسەیەکی رەوا بکات، یان بیروڕای خۆی دەرببڕێت، هەر زوو خەڵکانێکی خۆڕەپێشخەری نێو حیزبەکان تۆمەتی بەسەردا دەبارێنن، و دەیکەنە لایەنگر و سیخوڕی سەر بە حزبێک و گروپێک و زۆرجاریش بە وڵاتێکی ئیقلیمی و جیهانی!!

نامەوێت بڵێم ئەمە نیشانەی چیە، ئەوە بۆ برادەران و خوێنەران بەجێدەهێڵم، ئەوان حوکمی دادوەرانەی خۆیان بدەن لەسەر ئەم دیاردەیە!!

ئەو چەند رۆژە هەستی خۆم چڕکردەوە لەسەر قسەی کاندیدەکانی حزبەکان و بەرنامەکانیان بۆ کۆمەڵگاکەمان، دیاربوو کە بەرنامەکانیان زۆر گشتگیربوو و لە دوو سێ خاڵی پوخت چڕنەکراوەتەوە، بەداخەوە ئەوەش نیشانەی جێبەجێنەکردنیەتی، دڵنیاشم لەوەی کە بە تەنیا هیچیان پێناکرێت، ئەگەر حزبەکانیان بڕیار لەسەر شتێک نەدەن، ئەوا بە کاندیدەکان هیچ ناکرێت، تەنها موچەیەکی باش و پشوویەکی وەرزیی باش و سەفرە و ئیفاد و گەشتوگوزاریش هەر مەپرسە، خانەنشینیەکانیشیان دێتە سەر هەموو خەمان!!

ئەوەی لێرەدا مەبەستمە ئەوەیە، کە بڕیارێکی زۆر دەرچوو بۆ هێنانی ئوتومبێڵ (نایەینە سەر هۆی زۆریی هێنانی ئوتومبێڵ!)، بەبێ ئەوەی حیساب بۆ شوێن بکرێت بۆ ئەو زۆریی و بۆرییەی ئوتومبێڵ لە شەقام و کۆڵان و لە هەمووشیان گرنگتر گەراج و پارک بۆ وەستانی ئەو سوپا زەبەلاحەی ئوتومبێڵەکان!! ئەگەر باسی هەولێر بکەین وەک پایتەخی کوردستان و پایتەختی گەشتیاریی ساڵی 2014، کە چۆن شارێکی بێ گەراج و پارکی شایستەیە، ئەوا شارەکانی دیکە زۆر داماوترن لەم بارەیەوە، نازانم چۆن بەرپرسەکانمان تا ئێستا بیریان لەم کێشە گرنگە نەکردۆتەوە کە رۆژانە خەڵکی تووشی چەندین گیروگرفت دەکات!

پێشنیاری ئەوە دەکەم کە بۆئەوەی چیتر شەقامەکان نەبنە گەراجی هۆتێل و چێشتخانە(گەس) و دۆندرمەفرۆش و یاریگا و مۆڵ و فەرمانگە هتد، چۆن وا بە ئاسانی رەزامەندی لەسەر دامەزراندن و بونیاتنانی میوانخانە و چێشتخانە و کۆمەڵگە گەشتیاریی دەفەرموون، وا بە ئاسانیش مەرج لەسەر خاوەن ئەو پڕۆژانە دابنێن، کە دەبێ قاتێک یان دوو قات لە باڵاخانەکانیان بکەن بە پارک بۆ وەستانی ئوتومبێڵەکانی میوانەکانیان، نەک چەندین دۆنم زەوی ببەخشنە ئەو سەرمایەدارانە بۆ ئەوەی بیکەن بە گەراج!! هەروەها سەرمایەدارانیش و ئەوانەی کە گەراجیان هەیە هان بدەن، کە گەراج و پارکی باڵاخانەیی دروست بکەن، کە شوێنیش کەم دەگرێت و ئوتومبێڵی زۆرتریش لە خۆ دەگرێت. ئەو کاندیدەی پشتگیریی لەم پێشنیار و بەرنامەیە دەکات دەنگی من و زۆرێک لە خەڵکی مسۆگەر دەکات.

  • 1