ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

نووسینی: بروفیسور محمود سریع القلم

وه‌رگێڕان: هه‌ژار هه‌ورامی

 

ئایا زمان لووسی (ماستاوکردن، ماستاوچییەتی) لە سروشت و گەوهەری مرۆڤدایە؟ لێکۆڵینەوە لە وڵاتانی کۆریای باشوور، دانیمارک، سەنگافوور و سوئیس گۆمان لەوەدا ناهێڵێتەوە کە مرۆڤ فێرە زمان لووسی دەبێت. ڕەنگە زمان لووسی لەگەڵ درۆ، فریو، زیادەبێژی، ترس و تووڕەبوون جیاوازی ئەوتۆی نەبێت، چونکه‌ مرۆڤەکان بە درێژایی ژیانی و بە گوێرەی ئەو کۆمەڵگەیەی کە تێیدا دەژین ئەم تایبەتمەندیانە فێردەبن و چەشەخۆرە دەکرێن، عادەتی پێدەکەن ولە ناوشیاریاندا جێدەگرێت و بەشێوەی نەخوازراو چالاک دەبنەوە و لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی دیکە دەگوازرێتەوە. بۆیە ئەگەر بمانهەوێت پێکهاتەی زمان لووسی وکلکەسووتێ لێکبدەینەوە پێویستە لەو ژینگەیە بکۆڵینەوە کە مرۆڤەکان تێیدا پەروەردە و مەزن بوونەوە و ئەو خوو وخەدانەیان پەستاوتووەتە ناوشیار ودەروونیانەوە.

پێناسەی ستانداردی زمان لووسی و ماستاوکردن (sycophancy) بریتییە لە: گەورە نیشاندان، بە ناوازە و تایبەت و سەرکەوتوو ناساندنی کەسێکی بەرپرسی حکومەتی و دەستڕۆیشتوو وخاوەن پلە وپایەی حزبی وحکومەتی، بە مەبەستی بەدەستهێنانی ئمتیاز و دەسکەوتی ماددی وپۆست و پلەی سیاسی و ئیداری و ئابووری. هەرچەندە ئمتیاز دەتوانێت بابەتی زۆر لە خۆ بگرێت، بەڵام ئامانجی سەرەکی و کۆتایی زمان لووسی و ماستاوکردن، بەدەستخستنی دراو وداراییە.

ئەگەر ئامانجی سەرەتایی زمان لووسی وماستاوکردن گەیشتن بە دەسەڵات و پلە و پۆست بێت، خودی ئەم دەسەڵات و پلە و پۆستەش دەگات بە پارە ودراو و دارایی زۆرتر و زیاتر. وا پێ دەچێت بکرێت زمان لووسی و ماستاوکردن لەم دوو هۆکارەی خوارەوە شێ بکەینەوە:

أ): پێکهاتەی ئابووری وڵات. زۆربەی وڵاتانی جیهانی سێهەم ئابوورییەکەیان دەوڵەتییە (حکومەتییە)، بەو مانایە کە هەلی دەوڵەمەندبوون، خستنەگەڕی سەرمایە، بەدەستهێنانی دەرفەت و توانای ئابووری و دابینکردنی مووچە و بژێوی ژیان بە جۆرێک لە جۆرەکان پەیوەستە بە دامودەزگای حکومەتییەوە (حزبی وحکومییەوە). لە وڵاتانی نەرویژ، ئەڵمانیا، یابان و کۆریای باشوورکە بە وڵاتی پێشکەوتوو ناسراون، ئەگەر کەسێک بیهەوێت دەوڵەمەند ببێت یان دەستی بگات بە توانای ماددی و مووچەی مسۆگەر، پێویستە خۆی کارێکی ئابووری رێک بخات و سەرپەرشتی بکات. حکومەت ودەسەڵات لەم وڵاتانە دانەر و ڕیکخەرو چاودێری یاسان و سه‌روەت و سامان دابەش ناکەن. ئەمە لە حاڵێکدایە لە وڵاتانی جیهانی سێهەم وەک نیجریە، ئۆردن وبۆلیڤی و(ئێراق، ئێران، سعوودییە،.....) سه‌روەت و سامانی وڵات بە دەست حکومەت و بەرپرسانی حکومییەوەیە.

 زمان لووسی و کلکەسووتێ و ماستاوچییەتی بەرهەمی ڕاستەوخۆی ئابووری دەوڵەتی و هێز و توانای سیاسی و ئابووری حکومەتییە لە بەکارهێنان و دابەشکردنی ئەو سەروەت و سامان و هێز و دەسەڵاتەدا. بەهەڵکەوت دەوڵەتانی جیهانی سێهەم چاک لەوە تێگەیشتوون کە ئبراهام ماسلۆ ڕاستی گوتووە کە یەکەمین و بەلەزترین پێداویستی مرۆڤەکان پارە، کار، خانوو و خواردنە. ئەگەر حکومەتێک دەستی بەسەر ئەم پێداویستییانەدا گرتبێت و خۆی دابەشیان بکات و چەند و چۆنی دابەشکردنی ئەم پێداویستیانە لە دەست دامودوزگا حکومەتییەکاندا بێت، بە ئاسانی و بە خێرایی کۆمەڵگە و تاکەکانی کونتڕۆل دەکات بە خواستی خۆی هەڵیان دەسووڕێنێت.

هەڵبەت ئەوەی کە لە وڵاتانی پێشکەوتووی پیشەیی بەشی هەرە زۆری ئابووری لە لایەن کەرتی تایبەت و ناحکومییەوە هەڵدەسوڕێت بەو مانایە نییە کە لەو وڵاتانە زمان لووسی و ماستاوچییەتی هەبوونی نییە، بەڵکۆ کەلتوور و کرداری باو و زاڵ نییە، خەڵکێکی زۆر فێری ئەوە دەبن لە ناوشیاریاندا جێگەدەگرێت کە بژێوی و هەلی ژیان، دەرئەنجامی کارکردن، رەنجکێشان و ڕکابەری هزری و داهێنانە. چارەنووسی گەلان بەستراوە بە کەلتوور و خوو و خەدە و بیروهزری زۆرینەوە. لە زۆربەی وڵاتان ساختەکار، فێڵەباز، گەندەڵ، ماستاوچی، درۆزن، پێشێلکاری یاسا، ناجوامێر و بێ پرنسیپ دەژین، بەڵام پرسیار ئەوەیە کە ئایا ئەو کەسانە 80% کۆمەڵگە پێک دێنن یان 10% کۆمەڵگە؟ بێ گومان ئەگەر ئەو ڕێژەیە سەدی هەشتا بێت، ناتوانیت بە هیوای کۆمەڵگەیەکی ساغ وتەندروست بێت.

ب): هەل و دەرفەتی ناوبانگ و بەدەستهێنانی متمانە و ڕێز. ئەگەرهەلی بەدەستهێنانی ناوبانگ و رێز و متمانە لە هونەر، زانست، نووسین، ئەدبیات و هەرجۆرە چالاکییەکی کۆمەڵایەتی و مەدنی تێکەڵ کرا بێت بە چاودێری دەسەڵات و سەرچاوەی ماددی و قۆرخکاری دامەزراوە حکومەتییەکانەوە بە شێوەی نەخوازراو ڕێژەیەک پێداهەڵگووتنی بێ بنەما و زمان لووسی و ماستاوکردنی لەگەڵ دەبێت.

بەهای جیهانی و نیشتمانی فەیلەسووفی ئەڵمانی یۆرگن هابرماس، پەیوەندی بە دەوڵەتی ئەڵمانەوە نییە. تۆماس فریدمن ناوبانگ و بایەخی خۆی لە دەوڵەتی ئەمریکاوە وەرنەگرتووە. دەوڵەتی به‌ریتانیا هیچ ڕۆڵێکی نییە لە شان و شەوکەتی مێژوویی ئەڵفرد هیچکاک دا.

ئەگەر لە زەینی ناوشیاری کۆمەڵگەی هونەرمەندان، نووسەران، مامۆستایانی زانکۆ و پیشەکانی دیکەدا دزەی کردبێت کە لە ڕێگەی په‌یوەندی حکومەتییەوە دەگەیت بە سەروەت و پلەو پۆست، لەخۆڕاو خۆبەخۆ پێداهەڵگووتن و پاساو هێنانەوەی نەگونجاو، بەسەرکەوتوو زانینی بەرپرسانی نەشیاو و ناکارامەی حکومەتی، نادیدەگرتنی بەڵگەو ڕاستییەکان، دەستوەردان لە ئامارو ژمارەکان و ڕێزگرتنی درۆزنانەو پشتگیریکردنی بێ بنەمای بەرپرسانی حکومەتی دەبێت بە کەلتووری گشتی، تاکەکان فێر دەبن کە لە ڕێگای زمان لووسی و کلکەسووتێ و ماستاوکردن و لە ڕێگای بەکارهێنانی دەستەواژەی پڕکەبکەبە و بە دەبدەبەو دوور لە ڕاستی و لە ڕێگای خۆچەماندنەوە لە بەردەم بەرپرساندا، دەکرێت بە ئاسانی و بە خێرایی بگەیت بەو دەستکەوتانە وا بە تەمای بوون.

لە وڵاتانی جیهانی سێهەم کە دامەزراوەی حکومەتی زاڵ و چاودێرە بە سەر هەموو سەرکەوتن وبنکەوتنێکدا، ئەم کەلتوورە بەرەبەرە گشتگیر دەبێت و هاووڵاتیان بە خۆپارێزی و فشەو گاڵتەو حەنکەحەنک بە سەریدا بازدەدەن. لەو دامەزراوە حکومەتی و وەزارەتانە کە سەرچاوەی دارایی باشی تێیدایەو دراوی بیانی لە بەردەستیاندایە، پیشەی زمان لووسی و ماستاوکردن ئالۆزو پێشکەوتووترەو ڕێژەی پێداهڵگوتن و زێدەگۆیی سەیرو سمەڕەیە. بۆ نموونە زمان لووسی ماستاوچی بە بەڕێوەبەر دەڵێ تۆم لەخەودا بینیوە و کۆمەڵێک سەرکەوتنت بەدەستهێناوە، ئەمە لەکاتێکدایە، کە هیچ بنمایەکی ڕاستەقینەی نەبووە. دوای ماوەیەک زمان لووس و ماستاوچی و وەرگری ماستاو و پێداهەڵگوترانەکە دەکەونە ناو بەحری خەیاڵاتەوه‌.. ئەمە لە کاتێکدایە خاتوو مێرکەل لە ئەڵمانیا لەسەرەخۆو بە بەرنامە لە هەل و مەرجی قەیرانی سیاسی و ئابووری ئەوروپادا وڵات بەڕێوە دەبات و هیچکات ڕووبەڕووی ئەو چەشنە پێداهەڵگوتن و زمان لووسی و کلکە سووتێانە نابێتەوە و کەس خەوی پێوە نابینێت. خەڵکی ئەڵمان بە گوێرەی ئەرکە یاساییەکان، کارو کرداری خاتوو مێرکەل هەڵدەسەنگێنن و بەگشتی لە وڵاتێکی وەک ئەڵمان زمان لووس جێگەی نابێتەوە و ڕکیان لێدەبێتەوە و دوور دەخرێتەوە.

تێبینی: زمان لووسی و ماستاوکردن بەرهەمی پێکهاتەی ناکارامەو ناوەندیخوازە. بەو ئەندازە کە لە کۆمەڵگەیەک سەرچاوەکانی داهات، دەرفەت، ئمتیازو تواناکان لە لای حکومەت بێت، بە هەمان ئەندازە دەبێت چاوەڕوانی زمان لووسی و کلکەسووتێ بیت لە لای خەڵک و دەبێت چاوەڕوانی ئەوە بکەیت کە ئەو بابەتە ببێت بە کەلتووری گشتی. ناوەندیخوازی لە هەناوی خۆیدا هەڵگری نایەکسانی و نادادپەروەرییە، جا ئەم ناوەنیدخوازییە چ لە لایەن حکومەتەوە بێت یان چڕکردنەوەی سەروەت و سامان بێت لە لایەن سەدی یەکی کۆمەڵگەوە. لەم ڕووەوە بۆ هەڵسەنگاندن و تێگەیشتن لە ڕێژەی زمان لووسی و ماستاو چییەتی، تێگەیشتن لە پێکهاتەی ئابووری کۆمەڵگە، هەنگاوی یەکەمی تێگەیشتنە. زمان لووس و ماستاوچی بە هیوایەک زمان لووسی و ماستاوچییەتی دەکات:

یان دەیهەوێت بگات بە پۆست و پلە و پایە و دەسەڵات.

یان لە کۆتاییدا بگات بە پارە وهەل و دەرفەت و سەروەت و سەرچاوەی دراوی بیانی و خەرجی ڕاسپاردە (مافی وه‌زیفی، حه‌قی مه‌ئموریه‌ت).

لە هەردوو حاڵدا، ماستاوچی دەیهەوێت بگات بە پێداویستییەکانی و لەوانەش گەیشتن بە هەل و دەرفەتی زیاتر بۆ دەستکەوتی زیاترو دەسەڵاتی زیاتر.

جگە لەمە، لە وڵاتانی جیهانی سێهەم کە قۆرخکردن و چڕکردنەوەی دەسەڵات و دارایی هەبوونی هەیە. ڕووداوێکی دیکە ڕوودەدات: زۆرینەیەکی لاوازو لەرزۆک کە متمانەی بە خۆ نییە سەر هەڵدەدات. زمان لووس و ماستاوچی لە هەمان کاتدا کە تەماحی هەیەو موحتاج وئاتاجە، کەسایەتییەکی نزم و لاوازی هەیە. ئامادەیە هەر کارێک بکات بە مەبەستی ڕاگرتن و پاراستنی پلەو پۆستەکەی و گەیشتن بە پلە و پۆستی بەرزتر. زمان لووس وماستاوچی بە زانایی درۆ دەکات و فێڵ وفریو بەکار دێنێت. ئەوەی  ماستاو چییەتی دەکات و ئەو کەسەی لە ماساتاو و پێداهەڵگوتنەکە بەهرەمەند دەبێت، هەردووکیان بەرهەمی پێکهاتەی ناتەندروست وپەککەوتەی ئابووری و کەلتووری کۆمەڵگەن. سیستەمی ئابووری ساغ و سلامەت، هاووڵاتی ساغ و سه‌لامەت دەخوڵقێنێت. ئابووری تەندروست، سەقامگیری سیاسی بە دوای خۆیدا دێنیت. یەکسانی و دادی کۆمەڵایەتی لە سێبەری ئابووری تەندروستدا لە دایک دەبێت. تا ئەو کاتەی کە وڵاتانی جیهانی سێهەم، سیستەمی حوکمڕانیان لە سەر بناغەی ناوەندیخوازی و قۆرخکردن و چڕکردنەوەی سەروەت و دەسەڵات وڕانت (مشەخۆری) بونیات ناوە، نە تەنیا ناتوانرێت چاوەڕوانی هاووڵاتیانی مەدەنی و تێگەیشتوو لە ئەرک و ماف بین، بەڵکو ئامانجگەلی وەک ئازادی هزر و دیموکراسیش تەنیا خەون و خەیاڵن و نابن بە هێمای ڕاستەقینەی ژیان. کار و ئەرکی پێویست لە وڵاتانی جیهانی سێهەم ئەوەیە کە زمان لووسی، ماستاوچییەتی و هەلپەرەستی لە کەلتووری گشتی دوور بخرێتەوە و ببێزرێت، بەڵام چارەسەری سەرەکی بۆ نەخۆشی زمان لووسی و ماستاوچییەتی، پاککردنەوە و پاڵاوتنی پێکهاتەی ئابوورییە لە لایەک و لە لایەکی دیکەوە بەدەستهێنانەوە متمانە بەخۆکردنی تاکەکانە لە ڕێگە هەوڵ و تەقەلای خۆیانەوەیە.

  • 1