ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

بۆچى دەبێ کتێب بخوێنینەوە؟ . کتێبێک و چەند پەڕە کاغەزێک بۆچى ئەوەندە گرنگە ببێتە جێى سەرنج و بایەخمان و بیانخوێننینەوە؟

گەلانى دنیا بۆچى ئەوەندە بە بایەخەوە تەماشاى پڕۆسەى کتێب و کتێب خوێندنەوە دەکەن؟

بێگومان کتێب و کتێب خوێندنەوە دەیان و سەدان کەڵکى هەیە، بیر و هۆشت زیاتر وریا دەکاتەوە و دەتخاتە سەر ڕاستە هێڵێک کە زیاتر و وردتر بیر بکەیتەوە و لەشتەکانى دەوروبەرت ورد ببیتەوە!.

بەداخەوە، لە فەزاى گشتى ئێمەدا، تواناى لێکدانەوە و شڕۆڤەیەکى واقیع بینانەى ئەو شتانەمان نییە کە لەدنیاى دەوروبەرماندا ڕوو دەدەن و دەیان بینین!.

ئەگەر لێکدانەوەشیان بۆ بکەین، بێگومان لە ئاستێکى سادە و سەرەتایى دا ئەو کارە دەکەین.

کتێب و کتێب خوێندنەوە ئەو شتە بەکەڵک و بەنرخەیە کە فێرمان دەکات واقیع بینانە سەیرى ڕووداو و پێشهاتەکانى دەوروبەرمان بکەین.

کتێب فێرمان دەکات هەموو شتێک بە ئاسانى ڕەد نەکەینەوە یان وەرنەگرین. کتێب خوێندنەوە فێرمان دەکات لەکات و شوێنى خۆیدا بڕیارى ڕاست و دروست بدەین.

کتێب خوێندنەوە دەبێتە کۆڵەکە و پایەیەکى گرنگ بۆ هۆشیارى کۆمەڵگا. ڕێژیمە سیاسییەکان هەمیشە بۆ مانەوەیان لە دەسەڵاتدا کەڵک لە ناهۆشیارى خەڵک وەردەگرن!.

ئەزموونى مێژوویى گەلانى دنیا ئەوەى سەلماندووە، گەلى هۆشیار و پێشکەوتوو، دەسەڵاتێکى هۆشیار و خزمەتگوزار دادەمەزرێنێت. بەپێچەوانەشەوە، چەندە ئاستى هۆشیارى خەڵک لە خوارەوە بێت، ئەوەندەش دەسەڵات و حکوومەتێکى زاڵم و ستەمکار لەکایەى سیاسى دا باڵادەست دەبێت!.

گەلێک ناهۆشیار بێت ناتوانێ هیچ شتێک لە واقیعى سیاسى، کۆمەڵایەتى و ئابووری خۆى بگۆڕێت و بەردەوام خەریکى هەراوهۆریا و قیژە قیژى بێ هودەیە!.

ئەزموونى گەلانى دنیا پێمان دەڵێت، کتێب و کتێب خوێندنەوە چەکێکى بەهێزە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەى ناهۆشیارى و دانانى بەردى بناغەیەکى بەهێز بۆ کۆمەڵگایەکى هۆشیار کە لە بیرکردنەوە و بڕیاردانى تەندرووستدا بژین.

لەواقیعى ئێستا کوردستاندا، ئاسانترین شت کە بتەوێ بەدەستى بێنیت، بێگوومان کتێبە!. پەیداکردنى کتێب هیچ ئاستەنگ و بەربەست و لەمپەرێکى لەبەردەمدا نییە!.

وەرن با کتێب و کتێب خوێندنەوە بکەینە ژەمێکى سەرەکى ژیانى ڕۆژانەمان، هاوشێوەى خواردن و خواردنەوە و نووستن!.

ئەمن هەمیشە دەڵێم:

"ئەگەر کتێب نەدەبوو، مێشکم وەکوو زێراب کرمی ھەڵدەھێنا و بۆگەنی دەکرد!"..

17ى سێپتامبەرى 2021

قەڵادزێ

  • 1