ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

لەهەر شوێنێک باسی شاخ و شاخەوانیی بکرێت، بێگومان ناوی گەورە شاخەوانی کۆچکردووی کورد(محەمەد هەوراز)دێت.

محەمەد هەوراز ناوێکی گەورە و درەوشاوەیە لەناو دیرۆکی شاخەوانیی دا.

توانا جەستەیی و دەروونییەکانی ئەو شاخەوانە کورد لە ئاستێکدا بوو کە چەندین لوتکە شاخی سەروی هەشت هەزار مەتری بەبێ بەکارهێنانی ئۆکسجین بڕیوە.

محەمەد هەوراز یەکەم کەسە لەئاستی کوردستانی گەورەدا بتوانێ پێ بنێتە سەر بەرزترین لوتکە چیای جیهان(ئێڤێرێست).

هەروەها یەکەم شاخەوانیی تیمی هەڵبژاردەی نیشتیمانی ئێرانە کە چۆتە سەر لوتکە شاخی ئێڤێرێست.

محەمەد هەوراز ساڵی(16/ 9/ 1969) لە شاری (نەغەدە)ی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەدایک بووە.

ناوبراو لە کۆتاییەکانی ساڵانی هەشتاکانی زایینی، (گرووپی شاخەوانی قەندیل)لە شاری نەغەدە پێک هێناوە.

پاشانیش لەناو (گرووپی شاخەوانی سامڕەند)دا کاری کردووە.

دواتر لە ساڵی 1994، لەگەڵ پۆلێک لە هاوڕێ شاخەوانەکانی خۆی، (ناوەندی شاخەوانانی نەغەدە)یان پێک هێناوە و ئەمەش بە سەرەتای دەست پێکی ژیانی وەرزشی پیشەیی محەمەد هەوراز دادەنرێت.

لە ساڵی 1997، دوای ئەوەی بانگهێشتی تیمی هەڵبژاردەی نیشتیمانی کۆماری ئیسلامی ئێران دەکرێت ، لەگەڵ تیمی هەڵبژاردەی ئێراندا بۆ سەرکەوتن بەسەر هەر دوو لوتکە چیای(گاشەرپڕۆم2 - بەرزی لەڕووی دەریاوە 8034 مەتر) و هەروەها لوتکە شاخی(راکاپوشی – بەرزی لەڕووی دەریاوە 7788 مەتر) کە هەردوو ئەو لوتکە شاخە کەوتوونەتە سنووری وڵاتی پاکستانەوە، ڕەوانەی ئەو ئەرکە قورسە دەکرێت و خۆشبەختانەش هەردوو لوتکەکە بە سەرکەوتوویی دەبڕێت و بەسەلامەتی دەگەڕێنەوە.

ساڵی 1998، دەکرێ وەکوو خاڵی وەرچەرخان و دەستکەوتی گەورەی وەرزشی لە ژیانی محەمەد هەوراز دا ئەژمار بکرێت. چونکە لەو ساڵەدا توانێ بەبێ بەکارهێنانی ئۆکسجینی دەستکرد بۆیەکەم جار و وەکوو یەکەم کورد و یەکەم شاخەوانیی ئێرانی پێ بنێتە سەر لوتکە شاخی ئێڤێرێست بەرزترین لوتکە چیای جیهان.

ناوبراو لە کاروانی وەرزشی شاخەوانیی خۆیدا ئەو گەشتانەی لە دەرەوەی وڵاتەکەی ئەنجام داون کە هەموویان دەستکەوتی بەنرخ و مێژوویین.

• ساڵی 1997 سەرکەوتن بۆسەر لوتکەی ڕاکاپوشی (7788)مەتر لە وڵاتی پاکستان.

• 1998 سەرکەوتن بۆسەر لوتکە شاخی ئێڤێرێست، بەرزترین لوتکە شاخی جیهان(8848)مەتر لە وڵاتی نیپاڵ.

• ساڵی 2000 سەرکەوتن بۆسەر لوتکە شاخی (جوایو)ی وڵاتی تەبت لە چین. بەرزی (8201)مەتر. شەشەم بەرزترین لوتکە شاخی جیهان و بەبێ بەکارهێنانی ئۆکسجینی دەستکرد.

• ساڵی 2000 سەرکەوتن بۆسەر لوتکە شاخی (شیشاپانگما)، بەرزی(8036)مەتر لە وڵاتی تەبتی چین. بێ بەکارهێنانی ئۆکسجینی دەستکرد.

• 2001 چۆتە سەر لوتکە شاخی(ماکالو) بەرزی(8463 مەتر. وڵاتی نیپاڵ. بێ بەکارهێنانی ئۆکسجینی دەستکرد.

• 2001 لوتکە شاخی (ئارارات)ی لە باکوری کوردستان بڕیوە. بەرزی(5165)مەتر.

• 2002 چۆتە سەر لوتکە شاخی (لۆتسێ)، بەرزی (8511)مەتر، وڵاتی نیپاڵ، بێ بەکارهێنانی ئۆکسجینی دەستکرد.

• ساڵی(6/9/2003) لەگەڵ تیمێکی شاخەوانیی بەرەو لوتکە شاخی(گاشەرپروم1)لە وڵاتی پاکستان بەڕێ دەکەون. هاوڕێ لەگەڵ ئەو تیمەدا تاکوو بەرزایی 7900 مەتری شاخەکە سەردەکەون.

بەڵام بەداخەوە بەرلەوەی بە لوتکە شاخەکە بگەن، لەگەڵ(موقبیل هونەر پژۆ)ی هاوڕێی دا، دەکەونە ژێر ڕنووی بەفر و هەڵدەدێرێن.

ئەگەرچی تیمەکە زۆری نەمابوو بە لوتکە شاخەکە بگات، بەڵام بۆ ڕزگارکردنی گیانی ئەو دوو شاخەوانە تیمەکە دەگەڕێنەوە. موقبیل هونەر پژۆ ڕزگاری دەبێت، بەڵام محەمەد هەوراز دوای ئەوەی لەژێر بەفرەکە دەردەهێنرێتەوە، دەگەیەندرێتە نەخۆشخانەی(شیفا) لە وڵاتی پاکستان. دوای نزیکەی 20 ڕۆژ بەداخەوە گیانی لەدەست دا.

• بۆ ڕێزگرتن لە گیانی ئەو شاخەوانە مەزنەی کوردستان و ئێران، لە کۆمەڵێک شار و شارۆچکەی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا، کۆمەڵێک پەیکەر و بازاڕ و شوێنی بەناوەوە کراوە.

بەرز و بەڕێز بێت یاد و بیرەوەری ئەو شاخەوانە مەزنەی گەلەکەمان کە بەهۆی ئەوەوە ڕەوتی شاخەوانیی لە ئێران و کوردستاندا چەندین هەنگاوی مەزن چووەتە پێش و دەورێکی کاریگەری هەبوو لە پەرەپێدان و بڵاوکردنەوەی فەرهەنگی وەرزشی شاخەوانیی لە تەواوی ئێران و ناوچەکەشدا.

سەرچاوە: بەشێکی ئەو نووسینەم لە ویکی پیدیای فارسی و بەشەکانی دیکەشم لە هەندێک لە کەسە نزیکەکانی محەمەد هەوراز وەرگرتووە.

  • 1