ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

لە مامۆستا تێکۆشەرەکانی کوردستان

مامۆستاو رۆژنامەنووس (خالید بەکر ئەیوب)

ئامادەکردنی: مەغدید حاجی

ــ لە ساڵی 1948 لە هەولێر لە دایکبووە. دەگەڕێنەوە سەر خێڵی شکاک.

ــ لە ساڵی 1955 چۆتە قوتابخانەو قۆناغی سەرەتایی لە قوتابخانەی (ئەربیل ئولا) تەواوکردووە.

ــ لە ساڵی ۱۹٦۲دا چۆتە قوتابخانەی ناوەندی و بە سەرکەوتوویی تەواوی کردووە.

ــ لە ساڵی 1965 لە خانەی مامۆستایانی هەولێر وەرگیراوەو لە ساڵی خوێندنی (1967-1968) تەواوی کردووەو بۆ یەکەمجار لە قوتابخانەی گوندی قازیخانەی دەشتی هەولێر دامەزراوە.

ــ نزیکەی 15 ساڵ لە قوتابخانەکانی دێهاتەکانی هەولێر وەکو مامۆستا خزمەتی پرۆسەی پەروەردەو فێرکردنی کردووە...

ـ لە هەشتاکان لە قوتابخانەی خالیدی کوڕی وەلید لە هەولێر وانەی عەرەبی وتۆتەوە.

ــ لە سەرەتای نەوەتەکاندا، لە قوتابخانەی سامان لە گەڕەکی تەیراوە یاریدەدەری بەڕێوەبەر بوو.

ــ لە ساڵی 1993، بە سەرپەرشتیاری پەروەردەیی دامەزراوە.

ــ لە ساڵی 2011، وەک سەرپەرشتیاری پەروەردەیی خانەنشین کراوە.

٭ مامۆستا خالید وەک نووسەرو رۆژنامەنووس:

ــ یەکەم نووسینی بۆ ساڵی 1969 دەگەڕێتەوە، بریتییە لە وەرگێڕانی شیعرێکی شاعیری ناودار محەمەد ساڵح دیلان لە کوردییەوە بۆ عەرەبی.لە رۆژنامەی (النور)کە لە بەغدا دەردەچوو، بڵاوکراوەتەوە.

پێشەکی بۆ دیوانی (دوڵبەرودڵداری) شاعیری میللی حەبیب مەنمی میرانی نووسیوە. هەروەها لە رۆژنامەی ئەوکاتی (هاوکاری) نووسینی بڵاو دەکردەوە..

ــ هەر لە کۆتایی شەستەکاندا،تێکەڵ بە بواری ڕۆشنبیری و سیاسەت بووە..لە بواری سیاسەتدا چەپێکی سەربەخۆ بوو.. سەرەڕای خەمە گەورەکەی، کە نەتەوەکەی چەوسێنراوەتەوە و زوڵملێکراوە و بێ قەوارەیەکی سیاسی و نەتەوەیی سەربەخۆیە؛ هەردەم لە بەرەی چینی هەژاروچەوساوەکان بووەو بۆ مافە نەتەوەیی و چینایەتییەکانی گەلەکەی خەباتی کردووە.

ـ لە دوای راپەڕینی 1991، وەکو ڕۆژنامەنووسێکی کاراو بەتوانا هاتۆتە مەیدان،زیاتر نووسین و وتارەکانی بە عەرەبی دەنووسی و بڵاوی دەکردنەوە..

ــ لە ڕۆژنامەی (الاتحاد) ئۆرگانی عەرەبی (ی. ن .ک) وەکو نووسەر کاری دەکرد،بەرپرسی نووسینگەی ئەم هەفتەنامەیە بوو لە هەولێر .هەروەها نووسینەکانی بە هەردوو زمانی کوردی و عەرەبی لە گۆڤارو رۆژنامەکانی:( کوردستانی نوێ،برایەتی،ڕێگای رزگاری،رێگای کوردستان، پەیامی مامۆستا، پانیپال) بڵاو کردوونەتەوە..

هەروەها لە ساڵی 1999 لە بەشی ڕاگەیاندنی کۆمەڵەی هیوای عیراقی کاری کردووەو بڵاوکراوەیەکی وەرزی بە ناوو نیشانی (پەیامی هیوا)بە هەردوو زمانی کوردی و عەرەبی و بە کۆششی تاکە کەسی دەرکردووە.

٭ لە بواری سەندیکایی:

ــ دوای یەکگرتنەوەی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی هەولێرو یەکێتی ڕۆژنامەنووسانی سلێمانی،لە ساڵی 2004 دا، وەکو ئەندامی ئەنجومەن هەڵبژێردراو لێپرسراوێتی بەشی ڕۆشنبیری پێ سپێردرا،هەروەها کرایە سکرتێری نووسین ی گۆڤاری (ڕۆژنامەنووس). دواتر بۆتە جێگری سەرنووسەر.

لە 2011 دا ئەرکی سکرتێری نووسینی گۆڤاری(الصحفي) پێ سپێردرا..

ــ پاش کۆچی دوایی، سەندیکای ڕۆژنامەنووسان هەڵسا بە چاپکردنی کتێبێک بە ناوی (اكلیل) کە کۆی وتارەکانیەتی کە لە گۆڤاری (الصحفي) مانگانە بڵاوی دەکردنەوە.

٭ باری کۆمەڵایەتی:

ــ مامۆستا خالید، خاوەنی 8 برایە بە ناوەکانی:( فەرید زامدار، وەلید، سدیق ــ کە هەرسێکیان کۆچی دواییان کردووە.ــ، سادق، رەفیق، ماجید، وەفیق، خاڵس) و خاوەنی پێنج خوشکە:( نەجات، شادیە؛ هەردوویان کۆچی دواییان کردووە، نادیە، نەدوە، نەجاح، ئەفراح)

ــ مامۆستا خێزاندار بوو، خێزانەکەی ناوی (ئەنیسە رەئوف ئیسماعیل)ە، پیشەی مامۆستابوو. خاوەنی چوار منداڵن؛ سێ کوڕو یەک کچ. کوڕە گەورەکەی د. دیار، پزیشکی ددانە، یاریدەدەری پرۆفیسۆرە، لە زانکۆی پزیشکی هەولێر، یاریدەدەری راگرە لە کۆلێژی پزیشکی ددان..

کچەکەشی بنار مامۆستای زانکۆیە لە کۆلێژی زانست. بەیار کارمەندی دەرمانخانەیە. ژیاریش کاسبە و هونەر دۆستە،کە لە بەشێک لە فیلم و دراما کوردیەکان وەکو ئەکتەر بەشداری کردووە.

٭ لە رۆژی 12-4-2019 پاش تووشبوون بە نەخۆشییەکی کوشندە دڵە گەورەکەی مامۆستاو نووسەری بەڕێزو خۆشەویست خالید بەکر ئەیوب لە لێدان کەوت.

هەزار دروود بۆ گیانی پاکی و یادی بەخێر.

زۆر سوپاس بۆ کاک بەیار خالد کە زانیاری دەوڵەمەندی دەربارەی ژیاننامەی باوکی بۆ ئامادەکردم، بۆ من بوو بە سەرچاوەی سەرەکی.

وێنە كة مامۆستا خالید بەکر ئەیوبة، کە لە گوندی قازیخانە مامۆستا بووە، لە 15-2-1975 گیراوە .سوپاس بۆ خاوەنی واری شاعیری خۆشەویست فەرید زامدار کە ئەم وێنەیەی بۆ ناردم.

  • 1