ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

  

نێپۆتیزم، لە زمانی لاتینیدا ئەچیتەوە سەر ووشەی نێپۆس Nepos، واتە (کوڕە زا، کچەزا، برازا، خوشکەزا...). لە زمانی کوردیدا ووشەی بەرامبەری نیە، بەڵام ئەتوانین بڵێین مەبەست لە  پشتگیری کردن و کارئاسانکردنە لە لایەن کەسانی بە دەسەڵاتە بۆ کەس و کار و خزم و دۆست و هاوڕێکانی خۆیان...

ئەم ڕەفتارە نێگەتیڤەی مرۆڤ لە هەزاران ساڵەوە سەری هەڵداوە و تا ئێستاش هەر بەردەوامە، بێگومان ئەوەش زیانێکی زۆر دەگەێنێت بەو کۆمەڵانەی کە لەسەر بنچینەکانی دیموکراسی پێکهاتوون.

پلاتون (ئەفلاتوون بە زمانی عەرەبی) فەیلەسوفی گەورەی یۆنانی کۆن ڕەنگدانەوەی نێگەتیڤیی نێپۆتیزمی باش دەزانی ، بۆیە ئەو پێی وابوو کە حوکمەتی کۆماری دەبێ ڕێگری بکات لە چینی سیاسی کە هاوسەرێتی بکەن و ببنە خاوەنی موڵك. هەروەها دەنووسێ کە سیاسیەکان دەبێ دوو تایبەتمەندییان هەبێت، ئازایی و چاونەترسی لە لایەك، هەبوونی زانیاری و کولتور لەلایەکی دی. چونکە ئەوان گەر خێزانیان هەبێت بێ شك پشتگیری لە خێزانەکانیان دەکەن پێش پشتگیریکردن لە بەرژەوەندی هاووڵاتیان بە گشتی. لە هەمان کاتدا سیاسیەکان بەرژەوەندی خۆیان لە ڕێی موڵک و سامانەکانیانەوە  دەخەنە پێش بەرژەوەندی گشتیەوە.

ڕاستە، ئەو بۆچوونەی پلاتون بە کارێکی مەحاڵ دێتە پێش چاو، بەڵام لە ڕاستیەوە دوور نیە. ئەمڕۆ  وەکو دوێنێ زۆربەی میللەتانی جیهان کڵۆڵی ئەو جۆرە هەڵس و کەوتەی دەستەی دەسەڵاتداری ووڵاتەکانیانن.  

لە سەردەمی سەدەکانی ناوەڕاستدا، هەندێك لە پاپا کاسۆلیکیەکان و دەسەڵاتدارانی خوار خۆیان، هەرچەندە بڕیاری نەکردنی هاوسەرێتیان دابوو لەگەڵ ئافرەتاندا (ئەمڕؤش هێشتا هەر ئەو بڕیارە لە ئاینی کریستیانی کاسۆلیکیدا هەر بەردەوامە)،  لەگەڵ ئەوەشدا بە نهێنی پەیوەندیان دروست دەکرد و وەچەیان لێ دەبووەوە،  پاپاکان و ئەوانی دی ئەو وەچانەیان دەگرتە خۆیان و بە ناوی برازاوە (Nepos) بەخێویان دەکردن. بێگومان پلەو پایەیان پێ دەبەخشین  و بەرزیان دەکردنەوە. هەندێك لەوانە لە پاشاندا بوون بە پاپا و کاردینالی بە ناوبانگ. ئەو ڕەفتارەیپاپاکان و پلە بەرزەکانی کاسۆلیکەکان بە نێپۆتیزم باس دەکرا لە نێوان خەڵکدا.

لە جهیانی سیاسەتیشدا، نێپۆتیزم زۆر بە ئاشکرا دەبینرێت. لە پلە بەرزەکانی سیاسەتدا وەکو سەرۆك کۆمارەکان، خێزانی کەنەدی لە ئەمەریکا، خێزانی بووش، کلینتۆن یان ترامپ نموونەی زۆر زەقن لەو بارەیەوە. لە جیهانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا نێپۆتیزم زۆر بێ شەرمانە ڕەچاو دەکرێت و دەسەپێنرێت بەسەر کۆمەڵدا بێ سڵ کردنەوە لە کەس.

نێپۆتیزم تەنها لە بواری دەسەڵاتی سیاسیدا نیە، بەڵکو هەموو بوارەکانی ژیانی میللەتێک دەگرێتەوە و دەبێتە کولتورێکی سەپێنراو و خۆفرۆشیەکی زۆریشی لێدەکەوێتەوە، بە ئاشکرا لە هەموو بوارەکانی کار و پیشە و دەسەڵاتی سەربازی و ئابووری و...دا دەبینرێت.

ئەوە بیر نەکەین کە لە هەرچی ووڵاتێکدا نێپۆتیزم پێ بگرێت، ئەوا سیستەمی دیموکراسی دەکەوێتە مەترسیەوە و دەسەڵات دەچێتە دەستی کۆمەڵێك ئۆلیگارکی. ئەوان هەموو هەوڵێك دەدەن کە بەهۆی خزم و کەس و هاوڕێکانیانەوە زیاتر دەسەڵاتیان فراوانتر بکەن و هەوڵ بدەن هەر لە دەسەڵاتدا بمێننەوە بۆ بەرەوپێشبردنی بەرژەوەندیە تایبەتیەکانی خۆیان. نێپۆتیزم کەسانی بێ توانا لە جێگای گرنگی دەسەڵاتدا دەسەپێنێت، گەر ئەو جێگایانە دەبێت بە کەسانی پێشکەوتوو و شارەزا و دڵسۆز پڕ بکرێنەوە بۆ ئەوەی کە بتوانن  بە هۆی توانایانەوە تۆوی گۆڕانکاری و پێشکەوتن لە ووڵاتەکانیاندا بچێنن.

میللەتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، گەر چاوەڕێی هێزێکی یەزدانی یان سروشتی بکەن بۆ ئەوەی کە حوکمەتی ووڵاتەکانیان بەرەو پێشکەوتن و دیموکراسی بەرێت و ڕزگاریان بکات لەدەستی ئەو سیاسیانەی کە پشتیان بە نێپۆتیزم بەستووە، ئەوا دەبێت هەر چاوەڕوان بن کە ئەو هێزە سەردانیان بکات، چونکە تەنها کەسانێك کە گۆڕانکاریان بۆ ئەنجام بدات و ڕزگاریان بکات لە دەستی دەسەڵاتی بەرژەوەند پەرست، تەنها خۆیانن. 

      

  • 1