ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

لەوەتەی مرۆڤ بەتەکامولی عەقڵی گەیشتوە خواست و پاوانخوازی ڕۆژ دوای ڕۆژ زیاتر بوە لەهەندێ کاتدا، ئەم خواستە مرۆڤی بەوە گەیاندوە کەسەری خۆی تێدابچوێنێ.

فریدیک ئەنگلس دەڵێ .مرۆڤ کە دەستەڵاتی بەسەر ژینگەدا پەیداکرد، بەجۆرێک غرور گەیشت کەهەرئەو غرورەی دەبێتە هۆی لەناوبردنی خۆی وژینگەو ژیان .

ئەگەر ئاوڕێک لە مرۆڤایەتی بەگشتی و مرۆڤی کورد بدەینەوە، دەگەینە ئەو باوەڕەی کە لەئێستادا سەرەڕای هەبونی ئامرازی پێشکەوتو زۆرو زەوند بۆژیان کردن، کەچی تاک لەنێو ڕەوشێکی بێ هیوایی و کەڵێنێکی گەورەی ڕۆحیدا دەژی. ئۆباڵی ئەم ڕەوشە بێ ئومێدیە دەکەوێتە ئەستۆی ئەو کێبڕکێ وێرانکەرانەی کە سیستەمی سەرمایەداری تەواوی بەها ئاینی و کۆمەڵایەتی ئابوریەکانی لەناوخۆدا کۆکردۆتەوە بەجۆرێکیتر و، جیاوازتردەر خواردی کۆمەڵگای دەداتەوە کە ئەمە وایکردوە مرۆڤ هەموو کات لەنێو حاڵەتێکی بەریەککەوتنی فکری و کۆمەڵایەتیدا بژی .

پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکان لەوڵاتانی جیهانی سێیەم بریتی بوون لە بەیەکەو ژیانی بەکۆمەڵ کەچی ئەم سیستەمە بەبیانوی پڕۆژەی تاکگەرایی مرۆڤی لە کۆمەڵگا کردۆتەوەو بەرەو تەنیایەکێ سامناکی ئاراستە کردوە، ئەمە وایکردوە کە ئەم مرۆڤە فرە پەیوەندیە بەتەنیا بمێنێتەوە وتوشی دەیان گرفتی کۆمەڵایەتی و دەرونی ببێ، تا لەئەنجامدایان سەری خۆی هەڵبگرێ و ڕێگای مەرگ هەڵبژێرێ وڕیسکێکی گەورە بەڕۆحی خۆی بکات، یان بەکارەساتێک کۆتایی بەژیانی خۆی بێنێ .

ئەگەر پێشوتر ئاین هێزێکی کاریگەری مەعنەوی بوو بۆ ڕێکخستنی ژیانی کۆمەڵگا، لەئێستادا ئەم کاریگەریەی نەماوە، بەڵکو بۆتە هۆی ئەوەی کە ڕق وکینە لەنێو مرۆڤەکان بڵاوبکاتەوە، ئەمەش لەئەنجامی ئەم تێکەڵ کردنەی ئاینە بەسیاسەتدا و دروست بون و سەرهەڵدانی دەیان ڕەوت و فیکری جیاوازو دژ بەیەک لەئایندا کە ئەمەش بۆتە هۆی کەمکردنەوەی ئەم ڕۆڵە کاریگەرەیە کەئاین هەیبوو.

جاران ئاینداریێتی لە خانۆچکەیەکی خۆڵ دابوو، بەڵام فاکتەرێکی گەورەو بەهێز بوو بۆ ڕێکخستنی کۆمەڵگا و پێشگرتنی مرۆڤ لەوکاتانەی کە دەیویست بەرەوە خراپە بچێ وەهەرئەم ئاینەش هێزێکی مەعنەوی گەورە بوو کە مرۆڤ بۆ ژیانی ڕۆژانەی پێی دەژیا کەچی لەئێستادا و لەسەردەمی مۆدێرنەتەی سەرمایەداری مزگەوت و کەنیسەو شوێنەکانی خواپەرستی تری ڕازاوە هەن کەلێی دەچیە ژورێ هەرخۆی بەهەشتێکە، بەڵام ئەم باڵەخانانەی کەبەو جوانیە ڕازاوەتەوە نەیتوانیوە ئیمانێکی ڕاستەقینە بەمرۆڤەکان بدەن و هیچ نەبێ ئاشتی کۆمەڵایەیەتی بۆ مرۆڤ دەستەبەربکەن، هەموو ئەمانە لەهەناوی ئەم سیستەمەی مۆدێرنە لەدایک بون تەنها لەپێناوخواست و سەپاندنی هەژمونی خۆی کۆمەڵگا، لەئێستادا وەک پێویستیێکی ڕۆحی لەپێناو ژیانکردنێکی ئارام بەکەرامەت پێویستی بەو ڕۆڵە هەیە کەچەپەکان پێویستە بیگێڕن .

بۆچی چەپەکان ؟

چەپەکان لەژیانی کۆمەڵایەتیدا کار لەسەر بەیەکەوەبوون و کاری هەرەوەزی دەکەن . ئەوەی گرفت نەبێ لەلایان ئاینە، لای خەڵکی چەپ هیچ کەسێک لەسەرجیاوازی ئاینی کەسێکیتر نەک ناکوژێ بەڵکو نایبوغزێنێ و لەکاتی پێویستیدا هاوکاری دەکا، لەلایەکی ترەوە چەپەکان خاوەن پاشخانێکی فیکری دەوڵەمەندن هەرئەمەش وادەکا بەرچاو ڕونیان هەبێ لەوگۆڕانکاریانەی کە ڕووئەدەن و توشی هیچ بەریەککەوتنێکی فیکری کۆمەڵایەتی نەبن، وە ئەم بەرچاو ڕونیەو خوێندنەوە فکریانە وا دەکەن کە تاکی چەپگەر هەمیشە باوەڕی بەوە هەبێ هیچ شتێک و سەردەم و ڕوداوێک بەو جۆرە کە هەیە نامێنێتەوە و دەگۆڕێ . بۆیە ئەم باوەڕە بەگۆڕانکاریە وادەکات کە مرۆڤ خۆی ئامادە بکا بۆ ژین لەنێو سەردەمێکی تازەی ئەزمون نەکراو کەمرۆڤایەتی هەموو کات هەوڵی ئەزمون کردنی جۆرەژیانێکی جیاوازو شێوازێکیتر لەژیان کردن دەدا، بۆیە لەئێستادا ئەرکی ئیمەی چەپە بەبەرنامە کارلەسەر عەقڵ و ڕوئیای کۆمەڵگا بکەین لەپێناو ئاشتیێکی کۆمەڵایەتی و ئارامی ڕۆحیدا گەڕانەوە بۆ هیوا بون بەژیان .

  • 1