ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

محەمەد چاوشین/ قەڵادزێ

ڕوون ئاشکرایە، لەکاتی بانگەشەی ھەڵبژاردنەکاندا، بەریەککەوتن و تۆمەت بەخشینەوە و یەکتر ناشیرینکردنیش دێتە پێشەوە، بەڵام گرنگ ئەوەیە ھەمیشە ئەوەمان لەبەرچاو بێت کە لەرز و تای ھەڵبژاردن کۆتایی دێت و دواتر قۆناغێکی دیکە دێتە پێشەوە، قۆناغی کاری ھاوبەش و بەیەکەوە کارکردن بۆ خزمەتی خاک و خەڵک.

شیوعییەکان بەو ھەموو مێژووە کۆن و پڕ ئەزموونەوە، ھەمیشە بە وریاییەوە دەچنە ناو پڕۆسەی بانگەشەی ھەڵبژاردنەکانەوە.

کارێک ناکەن لێک ترازانی کۆمەڵایەتی و ئاشتی کۆمەڵایەتی و بەیەکەوە ژیانی کۆمەڵگا بەسەر یەکدا بڕوخێت!.

ئێمە بەرلەوەی بیر لە کۆکردنەوەی دەنگی خەڵک بۆ ھەڵبژاردنەکان بکەینەوە، بیر لەوە دەکەینەوە کە بازنەی ئاشتی و پێکەوە ژیان نەپچڕێت و درز و کەلێن لەناو چین و توێژەکاندا دروست نەبێت.

شیوعییەکان ئەزموون و مێژوویەکی دور و درێژیان لە ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی کۆمەڵگای عێراقی و کوردستانی دا ھەیە، ھەر پاڵپشت بەو ئەزموون و مێژوە دەوڵەمەندەوە ھەمیشە ھەوڵ و ھەنگاوەکانمان بۆ پێکەوە ژیانی ئاشتیانە و دوور لە بارگژی و ھەر چەشنە پێکدادانێکە.

ئەگەر خەڵکانێکیش بەشێوەی مەبەست دار بخوازن پەلامارمان بدەن و تۆمەت و قسە و قسەڵۆکی پووچ و بێ بنەمامان بۆ ھەڵبەستن، بێگوومان لەونێوەدا دوور لە ھەڵچوون و دەست و پێ گومکردنێک، بەزمانێکی خاوێن و لۆژیکیانە وەڵام دەدەینەوە.

شیوعیەکان ھیچ کات لەپێناوی خۆ جوانکردنی ڕووخساری خۆیان، خەڵکانی دیکە ناشیرین ناکەن و تۆمەتی بێ بنەما بەسەر کەسدا نابەخشنەوە!.

شیوعییەکان واقیع بینانە لەگەڵ بارودۆخەکاندا مامەڵە دەکەن، لە دەربڕینی ھەڵوێستەکانیشیاندا شەرم لەکەس ناکەن!. ھەر قسەیەکیشیان ھەبێت، بێگوومان بێ دوودڵی و سڵەمینەوە دەری دەبڕن و ترس و باکیشیان لەکەس نییە!.

شیوعییەکان ژینگەی زمان و بیرکردنەوەکانیان پاک و خاوێنە، کەس بە بچووک نابینن، کەسیش لەخۆیان بە گەورەتر نازانن، ئەو دەرسەش لە مێژوویەکی کۆن پڕ لە ھەوراز و نشێوەوە فێر بوون.

دواجار، ئەو قسانەی منیش بەو مانایە نایەت کە ھەر ئێمە پاک و خاوێنین و خەڵکیش پیس و پۆخڵ!.

ئێمە خەڵک ھاندەدەین ئارام بگرن، دان بەخۆیاندا بگرن، کۆنتڕۆڵی ھەستەکانی خۆیان بکەن و نەھێڵن تووشی ھەڵچوون ببن.

جوگرافیای کوردستان پانتاییەکی بەرفراوانە و جێگای ھەموومانی تێدا دەبێتەوە، تکایە بازنەی بیرکردنەوەکانتان فراوانتر بێت، تەسک بین مەبن، ڕێگە بدەن پانتایی یەکتر قەبوڵکردن بەرفراوانتر بێت نەک بە پێچەوانەوە!.

  • 1