ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

لە جوغزی سەربەخۆییدا

لە میانەی دروشم و گوتارە سیاسییەکان لە کوردستانی باشوردا کە لە ماوەی پرۆپاگندەی هەڵبژاردن بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێڕاق دەخرێتە ڕوو، کۆمەڵێک بابەتی هەمەجۆر باس دەکرێت لەوانە: جیبەجێکردنی ماددەی 140، و چارەسەرکردنی گرفتەکانی نێوان بەغدا و هەولێر، و وەدەسهێنانی موچە و سەقامگیری و بابەتی نەوت و گاز.. هتد کە تێکڕای ئەو بابەتانە دەکرێ نوێنەرانی کوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە ئایندەدا لە گەڵ حکومەتی ناوەند و لە پەرلەمانی عێڕاقدا بە ئاراستەی جیاواز مامەڵەی لە گەڵدا بکەن. ئاراستەیەک کە پێی وا بێت واقیعبینی وا دەخوازیت کە هەموو چارەسەرەکان هەر لە بەغدا دەبێت و پێویستە ئیرادەی سیاسی گەلی کوردستان لە چوارچێوەی ئەو ڕەوشەی ئێستا لە عێڕاقدا هاتۆتەکایەوە تێنەپەرێت، و گەلی کوردستان لە باشوردا خۆی بگونجێنێت، و بە واقیعی ئێستا قایل بێت. هەڵبەتە زۆر ئاساییە کە ئاراستەی پێچەوانەی خولیایی ئامادەیی بۆ ئەم جۆرە سازش بوونەش درووست دەبێت کە ئەمەش لۆجیکی تێکۆشانە و سەرجەم ئەزموونی مێژووی بزوتنەوەی رزگاریخوازی نیشتمانی گەلی کوردستان ئاماژە بۆ گرتنەبەری ڕێبازی تێکۆشان و بەرەنگاربوونەوە و قایل نەبوون بە ڕەوشی سەپێنراو بە سەر گەلی کوردستان بووە.

فاکتەری بابەتی بۆ درووست بوونی ئاراستەی دووەم خۆی لە چەندین هۆکار دەبینیتەوە لەوانە: بەردەوامبوونی قەیرانی مێژووی دەوڵەت لە عێڕاقدا، و شکستی هەڵبژاردە و ئاراستەی دیموکراتی توافقی کە چەمکێکی هاوردەی سەنتڕالیزمی ئۆروپایی بوو و لە گەڵ بنەماکانی ڕەوشی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری پێکهاتەی دەوڵەت لە عێڕاقدا نەدەگونجا، و نموونەکەشی لە کۆتایهاتنی ئەو پرۆسە سیاسییەی کە لە دووای 2003 وە بە ناوی درووستکردنی عێڕاقی نوێ دەستی پێکرد، بەرجەست بوو، و قەیرانەکانیش لە بواری دەوڵەتدا نەمایەوە و گەیشتە قەیرانی نێوان ئەو کۆمەڵگایانەی کە بە زۆر لە چوارچێوەی دەوڵەتێک کۆکرایەوە کە بە دەوڵەتی نەتەوە و تایفەی باڵادەست مایەوە، و نەبوو بە دەوڵەتی هاووڵاتی و لە نێو ئەم دەوڵەتەشدا سێ کۆمەڵگای جیاواز (شیعە و سوننە و کوردستانی) لە ئارادایە.

کاتێک کە باس لە سەنگەری بەرەنگاربوونەوە بۆ داکۆکیکردن لە مافەکانی گەلی کوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێڕاق دەکەین مانای بازدان و نەخوێندنەوەی واقیعی ئێستای گەلی کوردستان لە ناوخۆ و ململانێکانی لە گەڵ دەوڵەتی ناوەند نییە. بەڵام خوێندنەوەی ئەو واقیعەی ئێستا مانای قایل بوون پێی، نییە.

خوێندنەوەی هێڵە سەرەکییەکانی ئەم واقیعە بریتییە لە خوێندنەوەی بەرامبەر و ئەو هێزە سیاسی و کۆمەڵایەتییەی کە لە ئاکامی زۆربەی چەندایەتییەوە هەژموونی دەسەڵاتی هەیە، و توانیوێتی بانگەشە بۆ گوتارێکی سیاسی لە نێو نەتەوە و تایفەی زۆربە بکات کە بنەماکانی بریتییە لەوەی هەر گەشەسەندن و پەرەسەندنێک لە کوردستان هەبێت لە سەر حسابی ناوەڕاست و باشوری عێڕاقە، و فیدڕالیزم هەڕەشەیە لە یەکێتی خاک و دەوڵەتی عێڕاق، و ماددەی 140 ئێکسپایر بووە، و دەبێ دەستووری عێڕاق هەموار بکرێتەوە، و دەسەڵاتەکانی هەرێمی کوردستان سنوور دار بکرێت.

ئەم گوتارە تەنها گوتاری تاقمێک یان حزبێک و گروپێکی سیاسیی نەتەوە و تایفەی زۆربە نییە. ئەمە گوتارێکی باوە کە لە سایەی گەشەدان بە گوتاری ڕق و کینە و گرتنەبەری ڕێبازی پۆپۆلیستی لە نێو هێزی کۆمەڵایەتی زۆربە، وەک بنەمایەکی سیاسی پشتگیری دەکرێت، و بەرژەوەندی وڵاتە هەرێمایەتییەکان وا دەخوازێت، و لەم ڕوانگەیەوە شاڵاوەکانی تەعریب و ناردنی فرۆکەی درۆن و سنووردارکردنی کاری سیاسی بۆ هێزە کوردستانییەکان لە ناوچە دابڕینڕاوەکان لە کوردستان پیادە دەکرێت، و لە لایەکی دیکەوە داگیرکاری هێزی تورکیا و هەڕەشەی بەردەوامی ئێران و درووستکردنی پێگەی سەربازی نوێ و بۆردومانکردنی خاکی کوردستانی باشور دیوێکی دیکەی کارکردنە بۆ ئابلوقەدان و سنووردانان بۆ داواکارییە ڕەواکانی گەلی کوردستان.

بیرکردنەوە لە دەربازبوونی گڕی کوێرەی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی ناوەند بابەتێک نییە کە لە ڕوانگەی تەنها حزبێکی سیاسییەوە تەماشا بکرێت. ئەم بابەتە پەیوەندی بە مافی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی گەلێکەوە هەیە. بابەتێکە پەیوەندی بە مێژوو و جوگرافی سیاسی و شوناسەوە هەیە. بابەتێکە پەیوەندی بە تێکۆشان بۆ ڕاستکردنەوەی تاوانێکە کە وڵاتە ئیمپریالیستەکان لە دووای یەکەمین شەڕی جیهانیدا دەرهەق بە گەلی کوردستانیان کردویانە و بێ ڕەزامەندی ئەم گەلە خاکەکەیان بە دەوڵەتێکی دیکەوە لکاندوە، و تا ئێستاش بە هۆی بەرژەوەندییەکانیان لە ڕێگای دەستێوەردانیان لە ڕەوشی دەوڵەتی عێڕاق ڕێگاگرن لە ڕاستکردنەوەی ئەو تاوانە مێژووییەی کە کردویانە، و کۆسپ لە بەردەم هەنگاوەکانی مافی چارەنووسی گەلەی کوردستان لە باشوردا دادەنێن.

لەم هەلومەرجەدا تێکۆشانی گەلی کوردستان بۆ وەدەسهێنانی مافە ڕەواکانی ناکرێت تەنها لە ڕوناگەی کاری پەرلەمانی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێڕاقدا تەماشا بکرێت بەتایبەتی شوناسی ئەو ئەنجومەنە دیارە کە شوناسی نەتەوە و تایفەی زۆربەیە و ئەگەر بە شێوەیکی پراکتیکی بڕوانینە توانا و ئەگەرەکانی کارکردنی نوێنەرانی کوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێڕاقدا ئەوا تواناکان تەنها لەوەدا خۆی دەبینێتەوە کە لەوێ و بە پشتگیری گەلی کوردستان ماوە نەدەن دەستووری ئێستای دەوڵەتی عێڕاق سەرەڕای کێشە و گرفتەکانی هەموار بکرێت چونکە هەر هەموارکردنێک کێشە و گرفتەکانی دەستوور چارەسەر ناکات بەڵکو مەبەست لە هەر هەموارکردنێک کەمکردنەوە و سنور دانانە بۆ دەسەڵاتەکانی هەرێمی کوردستان و لابردنی شەرعیەتی دەستووری بوونی هەرێم و دەسەڵاتەکانی.

لەم هەلومەرجەدا چاوەرێ ناکرێت لە خولی ئایندەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێڕاق ماددەی 140 جیبەجێ بکرێت، یان بەغدا بە رێکی و پێکی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بنێرێت، و شاڵاوی تەعریب و ھەڕەشەی جۆراجۆر کۆتایی بێت

بوونی نوێنەرانی کوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێڕاق پێویستە بە مەرجێک ڕادەی نزمی بەرنامەی هاوبەش نێوان نوێنەران و لاینە سیاسییەکان هەبێت کە بەرنامەیەکی نیشتمانی کوردستانی کۆێان بکاتەوە، و لە هەمان کاتدا ناکرێ شێوازەکانی دیکەی تێکۆشانی مەدەنی و ئاشتیانی جەماوەریی بە تێکۆشانی چەکدارییەوە لە کاتی پێویست و هەڕەشە لە بوونی کوردستان و دەستکەوتەکانی فەرامۆش بکرێت، و پێویستە ئەمەش هاوکات بێت لە گەڵ پەیڕەوەکردنی نموونەیەی حوکمرانی باش و دەوڵەتی دامەزراوەکان و وەدیهێنانی ژیانی ئاسوودە و پڕ کەرامەت بۆ خەڵکی کوردستان و پێشکەشکردنی نموونەیەکی دیموکراسیانە لە حوکمرانی گەل بێت.

ئەمە ڕێگای بەرەنگاربوونەوەیە ..ڕێگای تێکۆشان بۆ مافی بریاردانی چارەنووس و دامەزراندنی دەوڵەتی نیشتمانی کوردستانی.

  • 1