ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

لەبەرئەوەی کورد (تعبیر مجازی) تا ئێستاش (بەداخەوە) لە سیاسەت و حزبایەتیکردن و ململانێی حزبی و کێبڕکێی ڕازیکردنی خەڵک و کێبڕکێی گەیشتن بە دەسەڵات و ... نەگەیشتووە، یان بە هەڵە لێی تێگەیشتووە، رۆژانە شتی سەیروسەمەرە لە کەسایەتییە سیاسییەکان و کادیری حزب و کارمەند و چەکدارانی حزبەکان دەبینین و دەبیستین، ئەمەش لە بنکردە و جەماوەری حزبەکانەوە زیاتر و زەقتر دەردەکەون، تا دەگاتە ڕادەی یەکترکوشتن. ئەوەی لەم رۆژانەی هەڵبژاردنەکانیشەوە دەیبینین و تێبینی دەکەین، هەر زادەی ئەو نەزانین و هەڵە تێگەیشتنەیە، لێرەدا مشتێک لە خەروارێکی ئەم دیاردە ناشیرین و هەڵانە دەخەینە ڕوو.

* حزبێک یەکەم چالاکی خۆی لە یەکەم رۆژی دەستپێکردنی هەڵمەتی پروپاگەندەی هەڵبژاردنەکانەوە، بە دڕاندنی پۆستەری کاندیدی حزبەکانی ترەوە دەستپێکرد، ئەمەش نیشانەی ڕقلێبوونەوە و بە چاوێکی دوژمنانە تەماشاکردنی ڕکابەرەکانە، نەک بەو چاوەی کە ئەوانیش وەک تۆ کوردن و مافی ئەوەیان هەیە خۆیان کاندید بکەن و کێبڕکێ بکەن و ببنە ئەندام پەرلەمان. لەو باوەڕەدام کە ئەوانەی هەڵدەستن بەم کارە، ئەو کەسانە هەر ناناسن کە پۆستەرەکانیان وا دڕندانە دەدەڕێنن!!.

* هەندێک لە دارودەستەی کاندیدی حزبەکان، بەتایبەتی چەند حزبێکی دیارکراو، لەو جێ و شوێنە زۆر و زەوەندەی کە هەیە، دەچن پۆستەری خۆیان لەسەر پۆستەری کاندیدی حزبێکی تر هەڵدەواسن، ئەمەش نیشانەی ڕاهاتنیانە لەسەر خواردنی مافی خەڵکانی دی، جارێ لە پۆستەر هەڵواسین مافی کاندیدێکی دیکە دەخۆن، ئەدی ئەگەر بگەنە پلەوپۆست چی دەکەن، هەر دەمانخۆن!؟.

* حزب هەیە هەر بە زۆری زۆرداریی خەڵکانی خۆی کرد ودەکاتە خاوەن بڕوانامەی باڵا، هەتا پلە و پۆستیان بداتێ، بەداخەوە کە ئەو خاوەن بڕوانامانە هەند زۆربوون، تا ڕادەی بۆریی، هەتا ململانێ و کێبڕکێی حزبەکانی دیکەیان پێ بکات، هەر زووش پێیانەوە دیارە، وەکو هەندێک لەو کاندیدانەی هەڵبژاردنەکان، کە بە پێی یاسا دەبێت، لە پۆستەرەکانیان ناوی چوارینەیان بنووسن، کەچی ئەوان دەنووسن دکتۆر فڵان کوڕی فڵان، خاوەن فڵانە بڕوانامە، مامۆستای زانکۆ، لە فڵانە کۆلیژ، لە فڵانە زانکۆ، کاکە خۆ نەهاتی ژن مارە بکەیت، ئەو بانگەشەی هەڵبژاردنە هەڵبژاردن!!.

  • 1