ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

ئەمجارەش نووسین لەسەر ژیان و تێکۆشانی ئافرەتێکی تێکۆشەر، هاوڕێ (فاتیمەی مەلا ئەمین هەڵەبجەیی) وەک نمونە بڵاودەکەینەوە، تا هاورێیان و دۆستان وئافرەتان لە هاوکاریماندا بەشداربن، بە ناردنی نووسین و وێنەی ئافرەتانی تێکۆشەر. بۆئەوەی لە پەڕاوێکدا کە لەسەر تێۆشانی دەیان ئافرەت ئامادەی دەکەین و، جاروبار لەم لاپەڕەیەشدا بڵاویان بکەینەوە.

 

 

دەتواندرێ بە رێگەی رێکخراوەکانی حیزب لە ناوەوەو دەرەوەی کوردستان، یان ڕاستەوخۆ بەم ئەدرەسانە، کورتەی ژیان و تێکۆشان و وێنەی ئافەتانمان بۆ بنێرن و پێشەکی سوپاستاندەکەین.

عنوان البريد الإلكتروني هذا محمي من روبوتات السبام. يجب عليك تفعيل الجافاسكربت لرؤيته.

Fecebook. Messenger: Jalal Dabagh

 

 

هاوڕێ فاتیمە مەلا ئەمین چایچی

 

هاوڕێ فاتیمە مەلا ئەمین ساڵی ١٩٢٧لە هەڵەبجە لەدایکبووە.

باوکی فاتیمە لە ناوەڕاستی سیەکاندا فاتیمەی کچی ناردۆتە بەرخوێندن، کە ئەوکارە لەو سەردەمەدا کارێکی دژە باوو دژە نەریتی کۆمەڵگابووە. لەدوای ئەو، زۆرێک لە خێزانەکان کچەکانیان دەناردە بەرخوێندن و لەشەرمکردنەوە بووە کارێکی ئاسایی.

فاتیمە بەگەنجێتی ئاشنای هزری چەپ دەبێت، کە لەو سەردەمەدا لەحیزبی شیوعی عێراقیدا بەرجەستە بووبوو. هەر بۆیەش خۆی و یەکێک لە برایەکانی، هاوڕێی کۆچکردو فەرەجی مەلا ئەمین ناسراو بە "فەرەج نەگۆڕ"، لەسەرەتای پەنجاکاندا وەک دوو دۆستی چالاک پەیوەندی بەڕێکخستنەکانی حیزبی شیوعیەوە لەهەڵەبجە دەکەن و دەبن بەئەندامی حیزب. پاش سەرکەوتنی شۆڕشە پیرۆزەکەی ١٤ی تەموزی ١٩٥٨و پێدانی مۆڵەتی ئاشکرا بە (کۆمەڵەی ئافرەتانی عێراق)، هاوڕێ فاتیمە لەگەڵ ژمارەیەک لە ژنە چالاکەکانی هەڵەبجە، لقی هەڵەبجەی ئەو کۆمەڵەیەیان کردە مەڵبەندێکی تێکۆشان، حەوشە بەرفراوانەکەی بارەگای کۆمەڵە، کە لە گەڕەکی [جولەکان] بوو، زۆرجار جمەی دەهات لەکیژی گەنج و ئافرەتان، لەوێ ژمارەیەک ئافرەتی هەڵسوڕاو و چالاک دەهاتن و دەچوون و قسەیان بۆ ئامادەبووان دەکرد. جاروبار لەناو ژنەکاندا هاوڕێ فاتیمەی مەلا ئەمین دەچووە سەر کورسیەکی تەختەو وەک ئافرەتێکی لێهاتو وقسەزان، قسەی بۆ ئامادەبوان دەکردو ئامادەبوانیش بە هێمنی گوێیان ڵێ دەگرت، بە قسەکردن و کۆبوونەوەو سەردانی خێزانی، هزری ژنانی شاڕەکەیان ڕووناک دەکردەوەو بە مافەکانیان ئاشنایان دەکردن، ڕێگای ڕاست و دروستیان پیشاندەدان لەپەروەردەکردنی منداڵ وبەڕێوەبردنی خێزاندا، وێڕای ئەمانە فاتیمەو ژنە چالاکەکانی هاوەڵی، ئافرەتە نەخوێندەوارەکانیان هاندەدا بۆ خوێندن و، کۆمەڵە دەورەی فێربوونی خوێندنیان بۆ هەندێک لەو کچ و ژنانە کردبۆوە.

لە هەموو بارودۆخە سەختەکاندا کە حیزبی شیوعیمانی پێدا تێدەپەڕی، لە قەدەغەکردنی کاری حیزبی، دەستگیرکردنی ئەندامان، دەربەدەری و خۆشاردنەوە، ئازارو ئەشکەنجەو کوشتن و لەسێدارەدان و، کارکردنی نهێنی پڕمەترسی، لە هەموو ئەم بارودۆخانەدا هاوڕێ فاتیمە کۆڵی نەداو لە حیزب و کۆمەڵەی ئافرەتاندا لەسەرخەبات بەردەوام بوو، هاوکات جێگەی ڕێزو خۆشەویستیی ئەو ئافرەتانەبوو کە کاریان لەگەڵدا دەکردو ئەو هاوڕێیانەش کە لەنزیکەوە دەیانناسی.

هاوڕێ فاتیمەی تێکۆشەری شیوعی و چالاکوانی بواری ئافرەتان بە داخەوە، لە ڕێکەوتی ١٢/١١/٢٠٠٠داو لە تەمەنی (٧٣)ساڵیدا ماڵئاوایی لەژیان کردو لەدوای خۆی مێژویەکی پڕ لە تێکۆشان و کۆڵنەدان و پڕ سەروەری و شانازی بۆحیزب و کۆمەڵەی ئافرەتان و خانەوادەو کەسوکاری و خەڵکی تێکۆشەری هەڵەبجە جێهێشت.

دروودو ڕێزو نەمری بۆ یادی هاوڕێ فاتیمەی مەلا ئەمین و هەموو ئەو ژنە تێکۆشەرانەی هەڵەبجە کە لەپێناومافی ئافرەتان و یەکسانیان لەگەڵ پیاوانداو بۆهێنانەدیی دواڕۆژێکی گەشەدارو نیشتیمانێکی ئازادو گەلێکی بەختیار لە پێشەنگی خەباتدابوون.

 

 

  • 1