ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

هەر حزب و لایەنێک کە ئەچێتە کۆڕى هەڵبژاردنى پەرلەمانەوە. بەتەمایە کە بونێکى لەبەر چاوى لەو دەسگا دەستوریە گرنگەدا هەبێ. کە بێجگە لەوەى دانەر و بڕیاردەرى یاسایە, چاودێرى ئەرک و چالاکیەکانى حکومەتى داهاتوە لەلایەکەوە و لێپرسەرەوەى سیاسەت و ڕەوتى حکومەتەیەکە پێش ئەمانەیش. بۆ ئەوەیە ڕۆڵى هەبێ لە پێک هێنانى حکومەتى ئایندەدا متمانە پێ کردنى.

لەم ڕوانگەیەوە ئەبێ ئەو پارتە یان ئەو هاوپەیمانیەتیە کە دێتە کۆڕەکەوە خاوەنى بەرنامەیەک بێ کە کێشە و گرفت و خواستەکانى جەماوەرى دەنگدەر تیادا ڕەنگ بداتەوە و تەعبیر لە واقعى پێداویستیەکانى زۆرینەى دانیشتوان بکات ( کار, بژێوى, خزمەتگوزاریەکان, ئازادیە دیموکراسیەکان ... هتد).

واتە ئەو لایەنە لەسەریەتى کە بە هەر شێوەیەک بۆى هەڵئەسوڕێ وردەکارى ئەو بەرنامەیەى بگەیەنێت بە فراوانترین کۆمەڵانى خەڵکى وڵات. چونکە دەنگدەر ئەگەر چەواشە نەکرابێ. دەنگ بە بەرنامە ئەدات. نەک بە کەسێک خۆى پۆشـتە و پەرداخ کردبێ بە وێنەى ڕەنگاوڕەنک خۆى بنوێنێ!!؟

دەنگ بە سەما و گۆرانى و قسەى بۆش و بەتاڵ نادات! حزبى سیاسی ئەگەر مەبەستى ئازادى و سەربەخۆیى گەل و وڵاتەکەى بێ. ئەبێ بە وردى کێشە و پێداویستیە جۆراوجۆەکانى جەماوەرە برسى و بێکارەکەى دیارى بکات و لە ئاستى ئەو واقعەوە بەرنامەى پێویست بۆ چارەسەرکردن و بەدیهێنایان دابڕێژێ, کە لە پەرلەمان و حکومەتى ئایندەدا ئەگەر دەنگ و سەنگى هەبو کاریان بۆ بکات. ئەگەر دەنگ و سەنگى پێویست/ یشى نەبو وەک بەرهەڵستکارێکى چالاک, وەک نوێنەرى جەماوەرە دەنگدەرەکەى بەو پەڕى تواناوە داکۆکى لە مافەکانیان بکات کە لە بەرنامەکەى دا هاتوە.

ئەوەى جێگەى داخە ئەم دیاردە گرنگە لە ڕەوتى پڕۆپاگەندەى ئەم حزبانەدا بەدى ناکرێ کە دابەزیون بۆ کۆڕى هەڵبژاردن!! بەڵام شاشەى تەلەفزیۆنەکان پڕکاوە لە وێنەى ڕەنگاوڕەنگى پاڵێوراوەکان بە سەما و چەپڵە و گۆرانیەوە!!

لەلایەکى ترەوە ئەوى سەرنج ڕائەکێشێ, ماوەى پڕۆوپاگەندەکە کراوە بە لۆمە و ڕەخنە و تانەى نەگونجاو ناوەختى نێوان هەندێک لەو حزبانە!! واتە کورد واتەنى (کاى کۆن بە بائەکەن) و کولاندنەوەى برینى کۆن. کە لەلایەکەوە ئەبێ بە هۆى بزواندنى ڕق و کینەى کۆن کە کاریگەرى خراپى هەیە بۆ پرۆسەى دەنگدان. لەلایەکى ترەوە ئەبێ بە مایەى نۆێکردنەوە و گەرم کردنى ناکۆکى و دوبەرەکیە مێژوییەکەى نێوان ئەو حزبانە. لە لایەکى تریشەوە بیانەوێ و نەیانەوێ, بە جەماوەر ئەڵێن ئێمە هەر بەردەوامین و سورین لەسەر هەڵوێستى ڕابوردوى خۆمان بەرانبەر بە یەکتر!!

گومان لەوە دا نیە کە ئەم کردەوە و ڕەفتارانە ئەم پڕۆپاگەندە چەواشەکاریە جەماوەرەکە زیاتر نائومێد و بێزار ئەکات لە بریتى ئەوى هانى بدات و بەکێشى بکات بۆ دەنگدان یان هیچ هیوا و ئومیدێکى نەبێ و بەو پەرلەمانە و بەو حکومەتەى کە لە ئەنجامى ئەم جۆرە ڕەفتار و مامەڵەکردنانە دێتە کایەوە؟!

 

  • 1