ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

پاش کۆتایی هاتنی جەنگی یەکەمی جیهانی، ووڵاتانی دەستەی هاوپەیمان (بەریتانیا، فەرەنسا، سیربیا، ئیمپراتۆریەتی ڕووسیا، ئیتالیا، یۆنان پۆرتوگال، ڕۆمانیا و ئەمەریکا) بە پێی پەیمانی ڤێرسایل لەفەرەنسا لە ساڵی ١٩١٩دا، ئەڵمانیایان زۆرلێکرد کە مەبلەغی ٢٢ ملیار ستێرلین بدات بە هاوپەیمانان لە بری ئەو جەنگی جیهانی یەکەم کە گوایە ئەڵمانیا تێوەی گلاندبوون. لەو ساڵانەدا ئەو مەبلەغە ئێجگار زۆر بوو و ئەڵمانیای خستبووە کێشەی زۆر گەورەی  ئابووری و هەژاریەوە. لە هەمان کاتدا سوپای هاوپەیمان دەستدرێژی زۆریشیان بە ناهەق دەکردە سەر هاوڵاتیە ئەڵمانیەکان و ملکەچیان دەکردن بە بێ هیچ هۆیەك کاتێک بە سوپاوە بە شەقامەکاندا دەڕۆیشتن. لە ڕاستیدا، ووڵاتانی ڕۆژئاوا بە شێوەیەکی گشتی لەگەرمەی شۆڕشی پیشەسازیدا بوون و هەریەك لەوان چاوەڕێی بیانوویەکی دەکرد کە بە هۆیەوە بتوانێت هێزی خۆی تیا بنوێنێت هەوڵی پەرەساندن بدات بۆ بەدەستهێنانی بازاڕی نوێ (بە ئاشتی یان بە شەڕ) و پەرەپێدانی بەرژەوەندیەکانیان کە بە جیهاندا بڵاوبوو بۆوە. ئەو سەردەمە پلەی پیشەسازی ئەڵمانیا بەرزتر بوو لە چاو ووڵاتانی دی ئەوروپا بە گشتی.   

ئەڵمانیا هەرچەندە ناڕەزا بوو بەڵام  بەردەوام ئەو قەرزەی دەدایەوە، هەتا ئەو کاتەی کە هیتلەر لە پاش ساڵی ١٩٣٣ وە دەسەڵاتی ئەو ووڵاتەی گرتە خۆ، ئەو چی دی ئامادەنەبوو مل کەچی ئەو پەیمانە بێت و قەرزدانەوەکەی ڕاگرت. دەزانین جەنگی دووهەمی جیهانی چۆن کۆتایی هات و هیتلەر چۆن لەناو چوو.  بۆیە ئەڵمانیا دیسان لە ساڵی ١٩٥٢ وە دەستیکردەوە بە دانەوەی قەرزە کۆنەکەی جەنگ.

جێی سەرسوڕمانە، پەیمانی ڤێرسایل بە کاتی پێنجی بەیانی واژۆ کرا و دەبوایە بە کاتی یانزەی بەیانی کاریگەر بکرایە. ووڵاتانی هاوپەیمان لە ماوەی ئەو کاتە کەمەشدا نەوەستان و هەریەکەیان هەوڵی دەدا خاکی زیاتر داگیربکات و بیخاتە سەر خاکی ووڵاتەکەی خۆی. بۆ نموونە، بەشێك لە خاکی نەمسا کە هاوپەیمانی ئەڵمانیا بوو وەکو ناوچەی بۆلسانۆ لە لایەن ئیتالیاوە داگیر کرا و خرایە سەر خاکی ووڵاتی داگیرکەر. دانیشتوانی بۆلسانۆ نەمساوین وبە زمانی ئەڵمانی دەدوێن، تا ئێستاش زمانی زگماکی خۆیان بەکاردەهێنن. دواهەمین گولەی تۆپ لە جەنگی یەکەمی جیهانیدا لەلایەن تۆپەکانی ژێر سەرکردایەتی هاری ترومانی ئەمەریکیەوە تەقێنرا بە کاتی ١٠:٤٥ بەیانی، واتە پاش واژۆکردنی پەیمانی ئاشتی. پاش سی ساڵ ترومان بووە سەرۆکی ئەمەریکا و لە بواری جەنگی دووهەمی جیهانیدا ئەو بۆمبە ئەتۆمیانەی کە ئاراستەی شارەکانی ووڵاتی ژاپۆن کران بە بڕیاری ئەو بوون.   

ئەڵمانیا هەرچۆنێك بێت پا بەند بوو بە پەیمانی ڤێرسایلەوە و لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠١٠ دا دوا قیستی ئەو قەرزەی دایەوە کە بڕی ٧٠ ملیۆن ئێورۆ بوو. ئەمڕۆ ئەڵمانیا لە یەکێتی ئەوروپادا بەهێزترین پلەی ئابووی و پیشەسازیەکی پێشکەتووی ئەنجام داوە.

ئەمڕۆ هەندێك لە مێژوو نووسەران پێیان وایە کە ئەو قەرزە زۆرەی خرایە پاڵ ئەڵمانیا تا ڕادەیەك ناهەق بوو. ئاشکرایە کە خواستی ووڵاتانی هاوپەیمان کە لە جەنگی یەکەمدا سەرکەوتوو بوون لاوازکردنی ئەڵمانیا بوو لە ڕووی سیاسی و ئابووری و پیشەسازیەوە.

ئامانجی ئەم ووتارە ڕوونکردنەوەی مێژووی جەنگی یەکەم و دووهەمی جیهانی نیە. بەڵکو کردنەوەی پەنجەرەیەکە لەسەر ڕەفتاری سیاسی ووڵاتانی ڕۆژئاوا  بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان، بێ گوێدانە ماف و خاك و دوا ڕۆژی میللەتانی دی جیهان. ووڵاتانی هاوپەیمان کە جەنگی یەکەمی جیهانیان بردەوە و خۆیان بە زوڵم لێکراو پیشان دەدا، بۆیە بە مافی خۆیان دەزانی قەرزێکی زۆر لە ئەڵمانیا داوابکەنەوە لە بری ئەو زەرەرانەی لێیان کەوتووە. بەڵام ئایا هەر ئەو ووڵاتانە هەمان ڕەفتاریشیان هەیە بەرامبەر بەو میللەتانەی کە ڕاستەوخۆ بەدەستی ئەوان چەوسێنراونەتەوە؟ 

ئێمەی کورد کڵۆڵی ئەو ئەو جۆرە ڕەفتارەی ووڵاتانی ڕۆژئاواین، کە بە خواست و ئارەزوو و بەرژەوەندی ئەوان کوردستان لە ساڵی ١٩٢٣ دا دابەشکرا و کورد بە گشتی خاك و سامانی ووڵاتەکەی لەدەست چوو. هەرگیز ناتوانین ژمارەی کوژراوەکانی کوردستان دیاری بکەین پاش ئەوسیاسەتە. ناتوانین ڕێژەی دارایی و ئابووری و گەشە و پێشکەوتنی کوردستان پاش ئەو کارەساتە دیاری بکەین. پاش ئەو سیاسەتە چەتەگەریەی ووڵاتانی ڕۆژئاوا، ئێمەی کورد لە میللەتێکی سەقامگیرەوە بووین بە میللەتێکی گەڕۆك و سەدان هەزاران کورد ووڵاتی خۆی جێهێشتووە، ئەمەش تەنها ڕەنگدانەوەی نێگەتیڤیی هەیە.

هەبوونی هوشیاری سەبارەت بە مێژووی دوێنێ و ئەمڕۆی کوردستان دەبێت وەکو ئەرکێك ڕەچاوبکرێت بۆ دواڕۆژی نەوەکانی داهاتووی کوردستان. مێژووی دوێنێ نابێت ببێتە چەکێك دژ بە لێپرسراوانی ڕووداوەکانی ڕابووردوو، بەڵام بیرنەچوونەوەی لێپرسراوان وهۆکاری کێشە بێ کۆتاییەکانمان ئەرکی هەموو کوردێکە.  

  • 1