ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

لە سەرەتاى سەرهەڵدانى دەسەڵاتى خۆنەتەوەییەوە لەم هەرێمەدا. کاروبارى (ئیدارەکە) حکومەت لە دەستى دو حزبە سەرەکیە دایە, پارتى و یەکێتى..

هەر لەو کاتەیشەوە حکومەتى هەرێم و هەمو بەرژەوەندیەکانى گەل, کراوە بە قوربانى بەرژەوەندى حزبایەتى و سوتاوى ئاگرى دوبەرەکى و دوژمنایەتى ئەم دو حزبەیە!!

       ئەوانەى چاودێرى ڕەوتى حکومەتى هەرێم ئەکەن. بۆیان دەرکەوتوە و ئەزانن کە ئەو جاروبارەى کە ئەنجومەنى وەزیران ـ حکومەت, لەسەر ئەنجام دانى ئەرکێک, پڕۆژەیک پێک دێن یەکێک لەو دو حزبە لە دەرەوەى ئەنجومەن, گلەیى لەو پێکهاتنە ئەکات. و بەکردەوە ئەبێتە کۆسپ لە ڕێى جێبەجێکردنى دا. بۆ نمونە کە ئەبێ بە بڕیار هەمو داهاتەکان بگەڕێنەوە بۆ وەزارەتى دارایى هەرێم. یەکێک لە دو حزبە کە ئەو بڕیارە بە تەواوى جێبەجێ ناکات ... هتد !!

       ئەمەیش ئەوە ئەگەیەنێت کە هەرچەندە بە ڕواڵەت یەک حکومەت لە هەرێم دا هەیە. بەڵام بە کردەوە هەر یەک لە حزبەکانى دەسەڵات حکومەتێکە بۆ خۆى. بەرنامەى تایبەتى خۆى هەیە لە هەمو بوارەکان دا و کارى بۆ ئەکات بە تاک لایەنى و ئەیەوێ دام و دەسگاکانى حکومەت لە خزمەتى ئەو بەرنامەیەدا بێ..

پێم وایە ئەمڕۆ لە هەمو کاتێکى ڕابوردوى تر ئەم دیاردەیە لە ڕەوتى حکومەت دا بەدى ئەکرێ!! کورد واتەنى(( هەتا ئەم بایە لەم کونەوە بێت, هەرێم حاڵى لە ئێستا باشتر نابێ)).

لە دور دەوڵەتانى ئەم سەردەمەدا, حکومەت بە دو شێوە پێک دێ ـ حکومەتى تاکە حزب , حکومەتى بەرنامەیەکى هاوبەش..

لەم هەرێم/ ە لە ماوەى ٣٠ ساڵى ڕابوردودا هیچ کام لەم شێوەیەى حکومەت پیڕەونەکراوە!!

لە زەمانى حکومەتى (٥٠ بە ٥٠) ەوە ئەم دو حزبە هەرچەندە پێکەوە لە حکومەت دان. بەڵام بەردەوام ناکۆکن و هەریەکەیان حکومەتێکە بۆ خۆى.

هێزى پێشمەرگە, پۆلیس, یان پاسەوانى سنور, ئاسایش, هێزى تایبەت, دارایى کۆمەڵ و رێکخراوە پیشەیى و کۆمەڵایەتیەکان تا ئەگاتە فەڕاش دابەشکراون لە بەینینان دا!

پێم وایە ئەم دیاردەیە دەرهاویشتەى واقعى کۆمەڵایەتى و چینایەتى کۆمەڵگەی ئەم بەشەى کوردوستانە کە ئەمیش پەیوەستە بە قۆناغە ئابوریەکەوە دەرەبەگایەتى و بورجوازى کە نەیارى یەکترین!!

ئەم بارودۆخەیش تێکڕا هەرگیز بەدەر نیە لە کاریگەرى دەست تێوەردانى دەرەکى, دەوروبەر یان زلهێزەکان!!

گومان لەوەدا نیە کە هەمو لایەک, خۆیى و دەرەکى هەستیان کردوە کە نابێ ئیدارەکردن ـ هەڵسوڕاندنى ئەم هەرێم/ ە لەمە زیاتر لەم وەزعە شپرزەیەدا گیربخوا. ئەو هەوڵ و دەنگ و باسەیش کە سەبارەت بە چاکسازى لە ئارادایە هەر لەو واقعەوە هاتوە ـ بەڵام ئاخۆ لە سایەى ئەم دو بەرەکیەدا ئەم دو فاقیەدا ئەتوانرێ چاکسازى بکرێ ؟ بێگومان نەخێر!!

کەواتە ئەبێ, حکومەتێکى تاکە حزبى دەسەڵاتدار لە کایە دابێ کە ئەم شێوەیە بۆ ئەم هەرێم/ ە ناگونجێ, یان حکومەتێکى بەرەیى خاوەن بەرنامەیەکى هاوبەشى هاوچەرخانە. کە هەمو دام دەسگاکانى دەوڵەت و حزبە هاوپەیمانەکان بە جدى هەوڵى جێبەجێکردنى بدەن لەکاتى دیاریکراودا.

واتە نە وەزیر, پارێزگار ئەفسەرى سوپا و پۆلیس و ئاسایش بەڕیوەبەرى دائیرەکان, کارمەندى حزب بن. بەڵکو کارمەندى حکومەتە بەرەییەکە بن بەبێ چەندو چون...

ئەمەیش ئەوە ئەگەینێت کە نابێ حزب و لایەنى بەرهەڵستکار نەبێ ـ بەڵکو ئەم دیاردەیە شێوازێکى دیموکراسیانەیە

خۆلاسە ـ ئەمڕۆ هەرێم/ ى کوردوستان پێویستى بە حکومەتێکى بەرەیى هاوچەرخى خاوەن بەرنامەیەکى واقعى هەڵ هێنجراو لە ناخى ژیانى ئابورى و کۆمەڵایەتى و سیاسى کۆمەڵگاوە, ئەگینا گۆڕانکاریەکى نەخوازراو فەرز ئەکرێ بە سەرمان دا!!

 

                                                            

 

  • 1