ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

 بەشی  چوارەم

 پاش دامەزراندنی حزبی شیوعی عێراق و گرنگی دانی بە مەسەلەی یەکسانی نێوان هەردوو ڕەگەزەکە، بە شێوەیەکی بەرچاو تیشک خرایە سەر دۆزی ژنان و لە بڵاوکراوە و ڕۆژنامەکانیاندا ئەم مەسەلە دەخرایە بەرباس و لێکۆڵینەوە.

 دیارە لە سەرەتاوە ژمارەی ژنان لە ناو ڕێکخراوەکانی حزب کەمبوون،  ئەمەش هۆکاری زۆری هەبوو، لەوانە:

ـ ڕێژەیەکی بەرزی ژنان نەخوێندەوابوون، زۆربەیان لە چوارچێوەی ماڵەوە کاریان دەکرد و بواری کارکردن و تێکەڵبوونیان لەگەڵ تەواوی کۆمەڵگادا نەبوو.

ـ حزبە سیاسییەکان ئەزموونێکی دەوڵەمەندییان نەبوو لە چۆنیەتی کارکردن لەناو توێژی ژنان و هۆشیارکردنەوەیان و پەروەردە و گۆش کردنیان لە ناو ڕیزەکانی حزبدا.

ـ سەرچاوە و نووسراو و لێکۆڵینەوە لەسەر گرنگی و بەشداری ئافرەتان نەبوو کە وەک سەرچاوەیەک بۆ هۆشیارکردنەوەی ئەندامانی خۆیان بەکاری بهێنن.

ـ خەباتی سیاسی شێوەی نهێنی هەبوو،  بەشێوەیەکی دیموکراتی و ئازادانە کار بۆ ئەم مەسەلەیە نەدەکرا.

ـ زاڵبوونی هزری باوکسالاری  و دابونەرێتی کۆمەڵایەتی چوارچێویەکی تەسکی بۆ بزووتنی ژنان دروستکردبوو.

لەگەڵ گەلێ  تەنگەژە  و لەمپەر، مەسەلەی ژنان بەرەو پێشەوە هەنگاوی دەنا، چەند پاڵنەرێک هەیە کە ئەم مەسەلەیەی بەرەو پێشەوەبرد: 

 ـ ئەزموونی یەکێتی سۆڤیەت لەبواری چەسپاندنی یەکسانی ڕەگەزەکان کاریگەری ئەرێنی هەبوو لەسەر فیکری یەکسانی و خەبات بۆ بەدیهێنانی مافەکانی ئافرەت لە کۆمەڵدا. هەروا لە کۆتایی پەنجاکاندا هەندێ سەرچاوەی گرنگ کرا بە زمانی عەرەبی.

ـ دیارە وەک هەنگاوێک بۆ نزیکبوونەوەی ژنان لە کایەی و سیاسی و ڕێکخراوەیی، حزبی شیوعی کۆمەڵەی ئافرەتانی عێراقی دامەزراند، دامەزراندنی ئەم ڕێکخراوەیە کاریگەری هەبوو لەسەر هۆشیارکردنەوەی ژنان و هاندانیان بۆ هاتنە ناو ڕیکخراوەکانی حزب و کاری سیاسی.

ـ  کاریگەری خێزانەکان لە سەر ئافرەتان زۆربوو. زۆریان لە ڕێگەی باوک، برا و کوڕەوە تێکەڵ بە خەباتی سیاسی بوون.

ـ نەهێشتنی نەخوێندەواری لە ڕیزی ژناندا، بەتایبەتی پاش شۆرشی چواردەی تەمووز، ئەمە جگە لەوەی بواری زیاتر بۆ ئافرەتان کرایە کە لە زانکۆ و ئامۆژگاکان بخوێنن.

زۆر لەو ژنانەی ڕۆڵی کاریگەریان هەبوو لە بزووتنەوەی سیاسی و کاری حزبایەتی، ئەندامی حزبی شیوعی نەبوون. لە سەرەتاوە وەک دڵسۆزی و خۆشەویستییەک بۆ ئەندامانی خێزانەکانیان تێکەڵ بەکاری حزبی دەبوون، پاشان لەگەڵ ڕەوتی خەبات و ئامانجەکانی ئەو حزبە تێکەڵ دەبوون و زۆربەیان دەبوونە ئەندامی کۆمەڵە یان حزب. بە چاوخشانێکی خێرا بە لاپەڕەکانی مێژووی تێکۆشانی ئەم حزبە،  بۆمان دەردەکەوێت هیچ ڕێکخراوێکی حزبی بێ بەشداری چالاکی ئەندامانی ئافرەت  کارەکانیان مەیسەر نەدەبوون. لە زۆربەی قوناغەکاندا پۆست گەیاندن، چاپ و بڵاوکردنەوەی بەیاننامە و بڵاوکراوەکانی حزب، کاری رێکخراوەیی، و کردنەوەی ماڵەکانیان وەک قەڵایەک بۆ پاراستنی کادیر و ئەندامانی ئەو حزبە ژنان ئەنجامیان داوە. زۆر لەو ئافرەتانە ڕووبەڕووی گرتن و ئەشکەنجە و ڕاوەدوونان بوونەتەوە و و وەک پۆڵا خۆڕاگربوون، نموونەشمان گەلێ زۆرە.  لە چەند گفتوگۆیەک لەگەڵ کۆمەڵێک هاوڕێیانی ئافرەتی ناو حزبی شیوعی گەیشتمە ئەو ڕاستییەی کە هاوڕێیانی ژن بە تایبەتی لە کۆتایی هەفتاکاندا تا سەرەتایی نەوەدەکان ڕۆڵێکی سەرەکیان بینیووە لە کاری نهێنی ڕێکخراوەکاندا و دەتوانم بڵێم کۆڵەکەی بنچینەیی کاری ڕێکخراوەکان بوون، باسکردنی ڕۆڵی کاریگەر و بڕیاردەری ژنان پێویستی بە لێتوێژینەوەیەکی قوڵ هەیە . ئەمە جگە لە بەشداری ژنان لە بزووتنەوەی پێشمەرگایەتی.

لێرەدا پرسیارێک ڕووبەڕوومان دەبێتەوە، لەگەڵ ئەو پێگە و ڕۆڵە گرنگەی ژنان هەیانبووە لە خەباتدا، بۆچ ئێستا ژمارەی ژنان لە سەرکردایەتی ئەم حزبە و لە سەرکردایەتی ڕێکخراوەکانیدا بە پەنجەکانی دەست دەژمێردرێن، لە کاتێکدا حزبی شیوعی عێراقی حزبێکی چەپی مارکسیزمە و بەپێی بەرنامەکەیان دەبێت هەموو ئەندامانی ئەم حزبە بڕوایان بە یەکسانی هەردوو ڕەگەزەکە هەبێت و ئەندامانیان بەو بیروباوەڕە گۆشکرابن. لێرەدا بە کورتی چەند خاڵێک دەستنیشان دەکەین تا ببێتە هۆکاری هەڵوێستەیەک لە لایەن هەر ئەندامێکی ئەو حزبە و تەواوی سەرکردایەتی ئەو حزبە.

مشتێک لە خەروارێک

1. کاریگەری دابونەرێتی پاشکەوتووی ژێر کاریگەری ئیسلامی سیاسی و هزری باوکسالاری لەناو ئەندامانی ئەم حزبە. ئەم کاریەگەریەش دەتوانم بڵێم لەم سی ساڵەی دواییدا زیاتر ڕوون و کاریگەرە. لە کاتێکدا دەبووایە ئەندامانی ئەم حزبە خەباتیان بکردایە بۆکاڵکردنەوەی ئەم بیرویۆچوونە نێرزالییە  لە ناو کۆمەڵگەدا نەک ئەوان بکەونە ژێر کاریگەری بیروباوەڕی نامرۆیانەی کۆمەڵگەی ئێستەمان. ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ لایەنی فیکری و ڕۆشنبیری ئەندامانی ئەم حزبە بە پیاو و ژنەوە.

2. نەبوونی بڕوا بە تواناکانی ژن لە ناو حزبدا. ئەم نەبوونی بڕوایە ژن و پیاوی ئەم حزبە دەگرێتەوە. لەلایەک ژن بڕوای بە تواناکانی خۆی نییە و هەوڵی گەشە و خۆ پەروەردەکردن نادا، لەلایەکی تر پیاوان ڕێگە نادەن ئەو ژنانەی کە بڕوایان بەخۆیان هەیە و چالاکن  بێنە پێشەوە و پێگەی بڕیاردەر وەرگرن .

3. پلان و بەدواچوونی بەردەوام نییە بۆ تواناسازی ئەندامانی ئافرەتی ناو ئەم حزبە. لەگەڵ ئەوەی ژمارەیەکی باشی ژنانی خەباتگێڕو خۆبەخش هەن بەڵام بەداخەوە دەبێت بە کۆتا شوێنی خۆیان لە سەرکردایەتی و نوێنەرایەتی مسۆگەر بکەن.

4. سەرقاڵبوونی ئافرەتانی کۆمەڵگە بە کاری ناوماڵ و کاری دەرەوە، بوارێکی هێندە بۆ ژنان ناخوڵقێنێت کە کات و توانایان هەبێت بۆ گەشەدان و خۆ ڕوشنبیرکردن. لە کۆمەڵگەی ئێمەدا ئەرکی ماڵ و پەروەردەی منداڵ بە ئەرکی بنچینەیی دایکان دادەنرێت نەک ئەرکی هاوبەشی دایکوبابان. ئەم ئەرکە هیچ کاتێک کاریگەری نەبووە بۆ سەر چالاکی پیاوان.

5. نەبوونی هەستی دەستەی خوشکایەتی لەنێوان ژنانی ئەندامانی ئەم حزبە. بۆ نموونە لە وڵاتی سوێد کەڵک لەم لایەنە وەرگیراوە بۆ یارمەتیدان و پشتگیری کردنی یەکتر بۆ چوونە پێشەوەی ژنان و کەڵک وەرگرتن لە ئەزموونی یەکتر لە هەموو بوارەکانی بەشداری و کاری ژنان

  • 1