لە بیرەوەرییەکانی موسا عەنتەر ، باس لە زاڵی باوکی رۆستەم دەکات کاتێ بە تەمەندا دەچێت و دوژمنەکانی سوود لەو دەرفەتە دەبینن ، دێن هەرچی مەڕوماڵات هەیە دەیدزن ، زاڵ ئاگادار دەکرێتەوە دەڵێ هیچ کێشە نییە ، ئەمجارەیان تەواوی گوریسی چادرەکان دەبڕن ، زاڵ ئەمجارەشیان دەڵێ هیچ کێشە نییە ، ئێمەش زۆرمان دەست بەسەر مەڕوماڵاتیان داگرتووە و چادرەکانی ئەوانمان پارچە پارچە کردووە ، دوژمن ئەمجارەیان دەستدرێژی دەکەنە سەر کچ و ژنەکانیان ، کاتێ زاڵ بەو رووداوە ئاگادار دەکرێتەوە هار دەبێ و دەڵێ : نامووس ها.
دەروێش عەبدیش لە سەروبەندی فرمانە تراژیدیا تۆقێنەرەکانی سەر ئێزدییەکان ، رووداوێکی ناخهەژێن بەرجەستە دەکات ، کاتێ کۆمەڵە سوارێك بە قەراغی کانیاوی ژنان تێپەڕ دەبن ، ژنەکان کۆشیان هەڵدەدەنەوە ، سوارەکان لێیان دێنە گۆ و بەسەریاندا هاواردەکەن و دەڵێن : شەرم ناکەن ؟ ژنەکانێش لە وەڵامدا دەڵێن : ما پیاو ماوە !
کۆمەڵگای ئێزدیەکان لە دیرۆکدا و بە درێژایی چەندین سەدە ، هیچ سەردەمێك تێپەڕ نەبوە تووشی فرمانی کوشتن و قڕکردن نەبن لەسەر دەستی داگیرکەران و دەسەڵاتدارە کۆنەپەرستەکانی دژە مرۆڤایەتی و دڕندە و تاریکپەرستانی عەرەب و تورك ، وەك چۆن دڕندە برسییەکانی دارستانەکانی ساڤانای ئەفریقیای رەشتاڵە دەکەونە سەر نێچیرەکانیان .
لە ٣ی ئابی ٢٠١٤ حەفتا و دووەمین فرمان ( ئەنفال ) ی رەش دەرگەی لێگرتن و کەوتنە بەر تیغی داعش و لە هەموولایەك گەمارۆدران ، هەزاران رەشەکوژکران و رفێندران ، کچان و ژنان بە سەبایا کران ، بە هەزارانیش چارەنووسیان نادیار بوو ، ئەمەش لەبەرچاوی هەموو دنیا و لە ئەنجامی هەڵهاتنی هێزی پڕچەکی کوردی پتر لە بیست هەزار پێشمەرگە و فەرماندەی باڵای سەربازی ، بە بێ ئەوەی فیشەکێك بتەقێنن ، بریندارێك یا شەهیدێکیان هەبێت لە بەرەی شەڕ پاشە کشەیانکرد ، ئەو کۆمەڵکوژییە ناخهەژێنەی لێکەوتەوە و فەرماندە سەربازییەکانیش پاداشت و خەڵاتکران !
لەشکر کێشییەکەی ئەمجارەی ئۆپەراسیۆنەکانی مووسڵی سوپای عێراق بۆ سنۆنێ ، کۆمەڵگای دووگرێ ، خانە سۆر ، لەلای گوندی تریکاوەی سەر بە رەبیعە و لەلای حەردانیشەوە ، هاوکات بوو لەگەڵ هێڕشە داگیرکارییەکەی چنگی قوفڵی ١٧ ی نیسان ٢٠٢٢ ی تورکی داگیرکەر بۆسەر باشوور لە حەفتانین و ئاڤاشین ومەتینا .
شەنگال لەبەر هەڵکەوتەی جوگرافیای سەر لێواری سێگۆشەی عێراق و تورکیا ، وەك پشتێنەیەکیش بۆ بەستنەوەی باکووری عێراق بە سوریاوە و سوودمەندبوونی ئێرانیش لەو رێڕەوە ؛ یارییەکی قێزەون و مەترسیداری ژێر بەژێری نهێنی لەسەر ئەو پانتاییە جوگرافییایە بەڕێوەدەچێت .
پرەنسیپی سەرەکی دەوڵەتی تورك و ئەردوغان نکوڵیکردن و شەڕکردنە دژی گەلی کورد ، پێداگرییەکانیشی لەسەر پڕۆژە داگیرکارییەکەی بە بێ سڵەمینەوە ، بەهۆی قۆستنەوەی ئەو بار و دۆخە جیهانییەی شەڕی رووسیا و ئۆکرانیا هاتۆتە پێشەوە ، دۆخە چەقبەستوووەکەی پێکهێنانی حکومەتی عێراق ، ناسەقامگیری پەیوەندی سیاسی لایەنەکانی عێراق ، پەرتەوازەی شەقامی کوردی ، کەواسووری بەرلەشکر و دووڕوویی سیاسییەکانی کورد ، هاوکاری بەشێك لە هێزە سوننییەکان ، پرسی گاز و ....... ،دەرفەتێکی زێڕینە نایەوێ لە دەستیبدات بۆ هەڵبژاردنی ساڵی ٢٠٢٣ ، خنکاندنی رۆژئاوا ، فشار خستنە سەر باشوور و تەنگپێهەڵچنینی و بچووککردنەوەی قەوارەکەی ، بەتایبەتیش هەستکردن بە نەبوونی ئیڕادە بۆ بەڕەنگاربوونەوە دژی داگیرکاری ، دەستبەسەراگرتن و چاودێریکردنی سنوورەکانی باکوور - باشوور و رۆژئاوا - باشوور ، ئاودیوکردنی کێشەکانی ناوخۆ بۆ ئەودیوی سنوور .
کاتێ نیشتیمان تووشی خوێنبەربوون دەبێ ، تاریکی ئاسمان دادەپۆشێ ، خاك داگیردەکرێ ، خۆشەویستی نیشتیمان زیندەبەچاڵدەکرێ و مرۆڤ لەمرۆڤبوون دەکەوێ ، هەوڵی دڕندە و چەپەڵ و نەگریسەکان ، بەکرێگیراو و زۆڵەکان ، عارەب و تورکەکان و هەزاران بوومەلەرزە ، بڵێسەی لالش وەك دەیان سەدە ، بە شەو و بە رۆژ دەبریسکێتەوە و دڕ بە شەوەزەنگی تاریکی دەدا .
ئەمڕۆ جڤاکی ئێزدییەکان و دانیشتوانی شەنگال ، دوای جینۆسایدی ٣ ی ئابی ٢٠١٤ و قڕکردنەکەیان و کارەساتە کوشندەکە پەندیان وەرگرت ، خۆیان رێکخستەوە و بوون بە خاوەن هێزێکی کاریگەر ، لە دەوری ئەنجوومەنی گەل کۆبوونەوە ، دیارترین وەچەرخانی مێژووییان نیشانی جیهاندا لە بنیاتنانی دیموکراسی ، پێکەوەژیان ، تەبایی ، ئازادی و وشیاری کۆمەڵگە و ..... ، مافی خۆیانە بە ئاشتی و ئازادی بژین و بەردەوامی بە خۆسەرێتی خۆیانبدەن و بەرخودانبکەن دژی ژێر دەستەیی و مانەوەی خۆیان ، کە شەمشەمە کوێرەکانی میراتگرەکانی داعش لێیدەترسێن ببێتە بەردی بناغەی گۆڕانکاری لە کۆمەڵگە نەك تەنها لە عێراق بەڵکو لە تەواوی رۆژهەڵاتی ناوین ، بۆیەش رێککەوتنە خیانەتکاری و پیلانگێڕییەکەی ٩ ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٠ یان لە گۆڕنا ، ئۆپەراسیۆنە داگیرکارییەکەی چنگی قفڵ ، قفڵ کرد و کلۆمیاندا ، ئازایانە و چاو نەترسانە لەبەردەم لەشکرکێشییەکەی سوپای عێراق لەژێر فشاری تورکیا ، فرۆشتنی شەنگال بۆ تێپەڕاندنی غاز و داخستنی رۆژئاوا وو وەستانەوە .
پێویستبوو UN ، رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ ، ناتۆ ، یەکێتی ئەوروپا ، ئەنجوومەنی ئەوروپا ، کۆمکاری عەرەبی ، رێکخراوە نێو دەوڵەتییەکان و ....... هەڵوێست وەرگرن و بێدەنگی بشکێنن بەرامبەر ئەو لەشکرکێشییە کە ئیرادەی گەلانی عێراق دەخاتە بەردەم چارەنووسێکی ترسناك و تونێڵێکی داخراو .
پارتە سیاسییەکانی باشوور دەبێ هەڵوێست وەرگرن بەرامبەر دەستدرێژییەکان بوەستنەوە و درك بە بەرپرسیارێتی مێژوویی ئەو دۆخە هەستیارە لە رێگەی گفتوگۆ چارەسەر بکرێ .