ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

لە کەرکووکەوە

   بەهەر هۆکارێک بێت پێکەوەژیان  لەنێوان پێکهاتەکانی شاری کەرکووکدا مێژوویەکی دوورو درێژی هەیە،ئەم پێکەوەژیانە ئەگەر سیاسەت دەستێوەردانی تێدا نەکردبا کەرکووک دەبوو بەنمونەیەکی جوانی پێکەوەژیان و دەکرێ بڵێین ناوچەکە ئەزموونی لێ وەردەگرت،لەڕوی کۆمەڵایەتییەوە دەتوانین بڵێین لەڕابردوودا کەمترین کێشە لەنێوان پێکهاتەکانداڕوویداوە،نەک کێشە بەڵکو پەیوەندی نێوانیان بەجۆرێک بووە گەیشتۆتە ئاستی ژوانی خۆشەویستی و ژن و ژنخوازی وتێکەڵبوون و خزمایەتی.

مزگەوتەکان شوێنی کوردو عەرەب و تورکمانی موسڵمان بوونو بەیەکەوە نوێژیان خوێندووە،قوتابخانەکان تا پەیمانگاو زانکۆکان شوێنێ فێربوون و پەروەردەکردن و خوێندنی هەمووان بووە بێ جیاوازی وبێ کێشە،یاریگاکان شوێنی کۆکردنەوەی گەنجان و لاوانی پێکهاتەکان بووە،زۆرجار ماڵی عەرەبێک شوێنی داڵدەدانی کوردێکیا تورکمانێکی لێ قەوماوبووەو بەپێچەوانەشەوە،دراوسێی ماڵ و دراوسێی دوکان و دانشتنی بەکۆمەڵی پێش دەرگاو گفتوگۆی زمانە جیاوازەکان لە زۆربەی گەڕەکەکانی ئەم شارە ئەرشیڤێکە لەیادەوەرییەکانی نەوەکانی ساڵانیڕابردوو،بەڵام ئەوەی دەبوو بەکێشەو کێشەی دروست دەکرد دەسەڵاتدارەکان بوون. هەمیشە هەوڵی شێواندنی پەیوەندی نێوان پێکهاتەکانیان دەداو بەپیلان کاریان لەسەر تێکدانی ئاشتی کۆمەڵایەتی دەکردو بەرنامەیان بۆی دادەڕشت.

حزبی بەعس لەهەموو دەسەڵاتدارەکانی دیکەی بەغدا زیاتر کاری لەسەر چاندنی تۆوی دووبەرەکی و دروستکردنیڕق و کینە دەکرد،بەڵام نەیتوانی کاریگەرییەکی ئەوتۆ لەسەر ئەو پێکەوەژیانە دروست بکات.

لە دوای ساڵی 2003 و ڕووخاندنی حزبی بەعس و ئازادکردنی شاری کەرکووک، دروشمی (برایەتی و پێکەوەژیانی ئاشتییانە) دروشمێکی درۆزنانەیڕۆژانەی سیاسییە نەزانەکانی کەرکووک بوو،بە سیاسییە کوردو عەرەب و تورکمانەکانەوە، لەگەڵگوتنەوەی ئەم دەستەواژەوڕستانەشدا پێکەوەژیانیانبیردەچوو وپەنجەی هەڕەشەیانڕادەشەقاند، هەڕەشەی خۆسەپاندن و تۆڵەسەندنەوەیان دەکرد، هەریەک بەجۆرێک دەمارگیری لای پێکهاتەکەی خۆی بەرانبەر بەپێکهاتەکانی دیکە دروست دەکرد، کورد سوربوو لەسەر ئەوەی کەرکووک کوردستانییە، عەرەب پێداگری دەکرد لەوەی کەرکووک عەرەبی و عێراقییە، تورکمان لەهەردوولا زیاتر پێداگری لەسەر تورکمانی بوونی شاری کەرکووک دەکردەوە.

زۆرجار ئەم لێدوانانە دەبوونە هۆی توڕەکردنی پێکهاتەکان و دروستکردنی دووبەرەکی و ڕزینیڕەگی ئەو پێکەوەژیانەی لەنێوانیاندا هەبووە. ڕۆژانە لەژێر ئەم دروشمەی کە خۆشیان قەناعەتیان پێی نەبوو ئاگری شەڕو لێکترازانیان لەنێوان پێکهاتەکان خۆش دەکرد،چەند جارێکیش شەڕو ئاژاوەو خوێنڕشتن لەنێوانیانڕوویداو زۆرجار دەگەیشتە لێواری تەقینەوەی شارەکەوڕوودانی کارەساتی گەورە.

لێرەوە دەردەکەوێت کە ئەگەر سیاسەت بهێڵێ و حکومڕانەکان ژیرانە هەوڵی چارەسەرکردن و یەکلاییکردنەوەی پرسی کەرکووک بدەن، بێگومان ئەم شارە دەبێت بە نمونەی شاری جوانی وفرەیی و پێکەوەژیان،بەدڵنیاییشەوە هیچ دەسەڵاتدارێک ناتوانێت هیچ کام لەپێکهاتەکانی ئەم شارە دووربخاتەوە و لەشارەکەی خۆی دایبڕێت،چونکە نابێت لەبیرمان بچێت حزبی بەعس هەرچی لەتوانادا هەبوو بۆ سڕینەوەی شوێنەواری کورد لەکەرکووک کردی و درێغی لێ نەکرد، بەڵام نەیتوانی وشکستیهێنا، بۆیە گرنگە هەموو لایەک ئەو پێکەوەژیانەی هەیە قبوڵی بکەن وکار بۆ قوڵکردنەوەی بکەن.