ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

(85)

سەروەری یاسا پێویستە بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێكی دیموكراسی. سەروەری یاساش بەبێ سەربەخۆیی دادوەر و دادگاكان وەدی نایەت. خودی یاسا و بڕیارەكانی دادگاكانیش بەبێ هەبوونی یاسا و بڕیاری هاوچەرخ و دەستووری تۆكمە ئەستەمە. تەنیا ئەوەندەش بەس نییە، بەڵكو سەروەری یاسا و سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری پێویستی بە دامەزراوەی جێبەجێكردنی كارا هەیە. كە هەموو ئەو كۆڵەگانە هەبوون بێگومان سیستەمی دادوەریی سیستەمێكی تۆكمە دەبێت و گرنگە هەموو یاسا و بڕیارەكان وەكو خۆیان پابەندیی بكرێن. بەڵام كاتێك نیوەچڵی لەو سیستەمە هەبێ و پڕۆسەكە ناتەواو بێت، بڕیارەكانی دادگا و سیستەمی دادوەری تێوەدەگلێت بە خواست و ئەجیندای سیاسی و لەبری سەپاندنی یاسا، یاساشكێنی بەرهەم دێت، لەبری وەدیهێنانی دادوەریی ستەم بەرهەم دێت، لەبری بەرقەراركردنی ئاشتی كۆمەڵایەتی پشێوی لێدەكەوێتەوە.

 

(86)

یاساكان رێككەوتنی نێوان زۆرینەی دەسەڵاتدارەكانن بۆ پاراستن و بەدیهێنانی ئامانج و خواستەكانیان. ئەم تەفسیرە چەپانە بۆ یاسا بەشێكی زۆری راستی لە هەناویدا هەیە. بەنموونە پرسی نەوت و گاز لە عێراق و هەرێم بەپێی دەستووری عێراق  لەنێوان مادەی 111 و 112 بەرژەوەندی عێراق و هەرێمی پاراستووە لە نەوتی پێش دەرچوونی دەستوور و پاش دەرچوونی دەستوور، هەر بۆیە پەشیمانبوونەوەی دەسەڵاتدارانی عێراق پەشیمان بوونەوەیە لە كۆی بەرژەوەندی هاوبەش لە نێوان هەرێم و بەغدا یەكلایەنە. چونكە لە 16ی ئوكتۆبەر بەزەبری هێز بەشی گەورەی ناوچەكانی مادەی 140ی خستە ژێر دەسەڵاتی خۆی و ئێستاش لەرێگەی بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵییەوە دەیەوێت پرسی نەوت بخاتە ژێر دەسەڵاتی خۆی. كۆی پڕۆسەكەش لەو كاتەی نادەستوورییە بەپێی خوودی دەستووری عێراق.

كاركردن بۆ گۆڕینی دەستوور و یاساكانە، كارێكی ڕەوایە و هەموو لایەك مافی ئەوەیان هەیە ئەو دروشمە بەرزبكەنەوە. چونكە دواجار یاسا ئەو چەترەیە كە لە ڕێگەیەوە بەرژەوەندی دەسەڵاتداران دەپارێزێت. بۆیە كاركردن بۆ ئەوەی دەستوور و یاساكان بەرژەوەندی زۆرینەی هەموو پێكهاتەكان بپارێزێت كارێكی پێویستە، هەر خودی دەستووری عێراق ئامانجێكی وای هەبوو، هەر بۆیە گەڕانەوە بۆ رۆحی دەستوور و جێبەجێكردنی بەندەكانی پێویستە. بەنموونە پێش ڕاگرتنی یاسای نەوت و گازی كوردستان دادگای باڵای فیدراڵی دەبوو بڕیاربدات یاسای نەوت و گازی عێراقی دەربكرێت، دەبوو  جەختی لە جێبەجێكردنی بڕیاری ژمارە 71ی ساڵی  2019ی  دادگاكە بكردبووایەوە بۆ جێبەجێكردنی مادەی 140ی دەستوور.