ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

لە مامۆستا تێکۆشەرەکانی کوردستان

ئامادەکردنی: مەغدید حاجی

 

ــ ناوی تەواوی: عوسمان موحسین عوسمان قەساب. باوکی لەناو بازاڕی هولێر قەساب بووە، بۆیە قەساب بۆتە لەقەبی بنەماڵەکەیان، بەڵام خۆی هەر لە منداڵییەوە هاوشانی خوێندن فێری بەرگدروویی بووە و بە گەورەییش بۆتە خەیات، بۆیە عوسمان خەیاتیشی پێدەگوترا.

ــ لە ساڵی ١٩٥٧ لە گەڕەکی عارەبان، شاری هەولێر لە دایک بووە (هەر زوو چەند ماڵە عارەبێکی کەم لەم گەڕەکە نیشتەجێ بووینە بۆیە ناوی گەڕەکەکەش بۆتە کۆڵانی عارەبان و گەڕەکی عارەبان، ڕژێمەکانی بەغداش حەزیان کردووە ئەم ناوە بچەسپێت)!!

ــ خوێندنی سەرەتایی لە قوتابخانەی خەبات تەواوکردووە، ناوەندیش لە دواناوەندی سەڵاحەدین و ئامادەییشی لە دواناوەندی (اربیل) تەواو کردووە.

ــ لە ساڵی خوێندنی (١٩٧٧-١٩٧٨) پەیمانگای پێگەیاندنی مامۆستایانی هەولێر، بەشی کۆمەڵایەتی تەواو کردووە.

ــ لە٥-١٠-١٩٧٨ لە دەڤەری بادینان لە قوتابخانەی گوندی باژێرەی ژۆری سەر بە قەزای ئاکرێ بە مامۆستا دامەزراوە و دەست بەکار بووە.

ــ لە ٨-١١-١٩٧٩ بە بڕیارکی تایبەتی وەزیری حوکمی محەلی لە مامۆستایی لەگەڵ زیاتر لە ١٠٠ مامۆستای تر فەسڵکراون بۆ ماوەی ٦ مانگ، چونکە ئامادەنەبووینە بچنە ڕێزەکانی حیزبی بەعس.

ــ  لە ماوەی ١٩٨٧-١٩٨٨ ماڵی گواستۆتەوە بۆ ئاکرێ، بەهۆی نەچوونی بۆ سەربازی بە موتەخەلیفی خۆی لە ئاکرێ حەشارداوە. لە ١٩٨٩ گەڕێنراوەتەوە بۆ سەر پیشەی مامۆستایی..

ــ لە دوای ڕاپەڕینی بەهاری ١٩٩١ گوازراوەتەوە بۆ شاری هەولێر، تاکو خانەنشینبوونی لە ١-٧-٢٠٢٠ لە قوتابخانەکانی ناو شاری هەولێر: (باداوەی تێکەڵاو، ئیبن خەلکان، سیروانی ئێواران، نەمرانی ئێواران) ئەرکی پیرۆزی مامۆستایی بەجێهێناوە .

ــ مامۆستا عوسمان هەر لە منداڵییەوە، شان بە شانی خوێندن فێری پیشەی خەیاتیش بووە، بۆیە کە دەگوازرێتەوە بۆ هەولێر دوکانی خەیاتی لە سەنتەری شار دادەنێت  و دوای دەوامی قوتابخانە خەریکی بەرگدروویی دەبوو، دوکانەکەشی مەکۆیەکی ڕۆشنبیری بوو، هاوڕێیانی هەمیشە سەردانیان دەکرد و لە دەوری کۆدەبوونەوە و گفتوگۆ گەرم دەبوو.

٭ مامۆستا عوسمان جگە لە بەجێگەیاندنی ئەرکی پەروەردە و فێرکردن بۆ ماوەی (٤٢) ساڵ. لە هەمان کات کەسایەتییەکی کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیرێکی پێشکەوتنخواز بوو.

هەر لە تەمەنی زووی لاویەوە ئارەزووی لە بابەتی سیاسی و ئەدەبی و ئابووری هەبوو، زۆرجار لەگەڵ برادەرەکانی، لەگەڵ مامۆستایان گفتوگۆی دەکرد و سەرنج و تێڕوانینی خۆی دەخستنە ڕوو.

مامۆستا عوسمان لە ساڵی ١٩٧٦ لە تەمەنی ١٨ ساڵی پەیوەندی بەڕیزەکانی حزبی شیوعی عێراق کردووە، لە هاوڕێ دێرینەکانی بەرایی لەناو حزبی شیوعی: شەهید بەختیار ئەکرەم و سالار ئەنوەر سلێمان بوون.

لە ١٩٧٨ کە ڕژێمی بەعسی فاشی دەستی بە هەڵمەتێکی دڕندانە کرد بەرانبەر بە حزبی شیوعی، مامۆستا عوسمان ئاشکرا نەبوو، نەگیرا، دوای ئەوەی کە حزبی شیوعی کەوتە حالەتی کاری نهێنی ئەو پەیوەندی لەگەڵ هێڵی ڕێکخستنی هاوڕێ فەتاح تۆفیق هەبووە، دواتر کە بە مامۆستا دادەمەزرێت لە دەوروبەری ئاکرێ لە گوندی باژێرە، لەوێ پەیوەندی بە هاوڕێیان کردووە، یارمەتی مەفرەزەکانی حزبی داوە، خواردن و هاوکاری پێویستی پێشکەش کردوون.

لە ٨-١١-١٩٧٩ بە بڕیارێکی وەزیری حوکمی محەلی بەغدا، بۆ ماوی شەش مانگ لە مامۆستایی فەسڵکراوە، چونکە ئامادە نەبووە، بچێتە ڕیزەکانی حزبی بەعس.

مامۆستا لە هەشتاکانیش بەردەوام بووە لە یارمەتیدانی هاوڕێیانی و مەفرەزەکانی حزبی شیوعی، هاوڕێ دکتۆر سەباح ئەلقوشی ناسراو بە (ابو لیلی) هەر دوو هەفتە جارێک سەردانی کردووە و ئەرکی حزبیان ڕاپەڕاندووە. لە ماڵەکەی خۆی لەگەڵ هاوڕێیانی لەگەڵ پێشمەرگەکانی حزب کۆبۆتەوە. بەردەوام بووە لەسەر هەڵوێستە بوێرەکانی تاکو ڕاپەڕینی ١٩٩١ کە دەگوازرێتەوە بۆ هەولێر، پەیوەندی لەگەڵ ڕێکخراوی پیشەیی مامۆستایان و لیستی پیشەیی دروست دەکات و دەبێتە ئەندامی لیستی پیشەیی لە هەڵبژاردنی گشتی مامۆستایاندا.

لە هەمان کاتدا کە دوکانی بەرگدروویی دادەنێت، بەناوی کوڕی گەورەی (سۆران) بەردەوام هاوڕێیانی، کەسایەتی ڕۆشنبیر لە دوکانەکەی سەردانیان دەکرد، گفتوگۆی سیاسی و ڕۆشنبیری گەرم دەبوو. مامۆستا عوسمان ڕێزی لە هەموو لایەک، لە هەموو بیروباوەڕێک دەگرت. خوێنەرێکی چاک بوو، کتێبی باشی دەخوێندەوە، زیاتر کتێبی سیاسی و مێژوویی دەخوێندەوە. هەمیشە ئامۆژگاری منداڵەکانی کردووە تا ببنە هاوڕێی کتێب و نووسین، بۆیە لە تەمەنی منداڵیانەوە کتێب و گۆڤاری منداڵانی بۆ دەبردنەوە.

مامۆستا عوسمان، کەسێکی لێبووردە بوو، خاوەن دڵێکی زۆر پاک بوو، هەمیشە هەوڵی داوە یارمەتی خەڵک بدات، هەمیشە بە گەشبینی باسی ژیانی دەکرد. هەمیشە ڕەخنەی لە نادادپەروەری و گەندەڵی دەگرت.

مامۆستا عوسمان لە ساڵی ١٩٨١ ژیانی هاوسەرگیری لەگەڵ خاتوو عسمەت عەلی کتۆ پێکهێناوە، کە لە بنەماڵەیەکی خانەدانی ناوچەی بادینان بوو، پێنج منداڵیان بووە: ١-سۆران، دبلۆم لە تەکنەلۆژیای زانیاری ٢- سۆزان، دبلۆم لە پەیمانگای پێگەیاندنی مامۆستایان ٣- ریڤان، ئەندازیاری شارستانی ٤- بارزان، بەداخەوە لە پۆلی دوازدەی ئامادەیی بوو، تەزووی کارەبا لێی دا و بۆتە خاوەن پێداویستی تایبەت ٥-ئاڤان، بەکالۆریۆس لە ژمێریاری ٦- شکاک، پەیمانگا بەشی I T.

زۆر بەداخەوە مامۆستا عوسمان خەیات ڕۆژی ٦-٢-٢٠٢٢ دڵە گەورەکەی کتوپڕ لە لێدان وەستا و دواماڵئاوایی لە هاوژین و منداڵەکانی و کەسوکار و هاوڕێیانی کرد. هەزار دروود بۆ رۆحی پاکی.

 

  • 1