ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

کۆتایی سەربەخۆیی کورد

ڕووخاندنی میرنشینە کوردییەکان لە ئیمپراتۆرییەتی عوسمانیدا

 

 

 

سەبری ئەتەش*

لەئینگلیزییەوە: محەمەد حەمەساڵح تۆفیق

 

بەشی پێنجەم

 

هەرچەندە شەڕ و پێکدادان ڕووبەرێکی جوگرافیی فراوانی گرتووەتەوە بەڵام وەک دەگوترێ مانگەشەو سەر لە ئێوارە دیارە، بۆیە بەدرخان شوێنکەوتووانی ئازاد کرد لەو سوێندی ملکەچی و دڵسۆزییە کە خواردبوویان. لە دوادوایی تەمووزدا، لەگەڵ نزیکەی ٥٠٠ کەس لە شوێنکەوتووانی کشانەوە بۆ قەڵای ئێروێکس (ئۆراک)، کە لەوێ خێزانەکەی بەدڵنیاییەوە لە ئەماندا دەبێت. فرەی نەبرد خۆبەدەستەوەدانی دوو برازای بەدوادا هات. هەرەسهێنانی کۆمەڵەی کەسایەتییە دەسەڵاتدارەکانی کورد ورەی بەرگریکارانی لە واندا ڕووخاند. کاتێ هێزەکانی ئەرزڕووم گەیشتن، دوو لە براکانی خان مەحموود، کە ئەوێیان بەجێهێشتبوو بۆ بەرگری کردن لە شارەکە، خۆیان ڕادەستی فەریق عومەر پاشا کرد٣٣. هێنری ئە. لایارد تێبینیی ئەوەی کردووە کەوا هێزەکانی سوڵتان بە هاوکاری و یارمەتیی بە سەربازگرتنی زۆرەملێی کوردە یەزیدییەکان، بۆ دواجار شکستیان بە خان مەحموود هێنا لە تیللە، لەکاتێکدا کە لەگەڵ خێڵەکانی وان و هەکاریدا پێشڕەویی کردبوو بۆ یارمەتیدانی بەدرخان. بەهەرحاڵ، بە گەیشتنی هەواڵی خۆبەدەستەوەدانی بەدرخان، خان مەحموودیش کەوتە دانوستان کردن لەپێناوی خۆڕادەستکردنی خۆی و هاوپەیمانییەکەیدا (لەنێویشیاندا میکردیچ و ماریک ئەفەندیی هاوپەیمانە ئەرمەنەکانی). بەم جۆرە ماوەی چل ڕۆژی شەڕ و پێکدادان لە نێوان هێزەکانی عوسمانی و کورددا هاتە کۆتایی. خان مەحموود لە ٤ی تەمووزی ١٨٤٧دا لە تاتڤان خۆی بەدەستەوەدا و دواتر دوورخرایەوە بۆ ڕوسچوک، هەفتەی دواتریش، هێزەکانی حکوومەت توانییان قەڵای وان بگرن (دۆغان، ٢٠١١: ١٥٦ - ١٥٧؛ کاردام، ٢٠١١: ٣٤٣، ٣٦١ - ٣٦٢).

بەپێی برانتی کونسوڵ، وا باس بووە کە دەکرا بەدرخان سەرکەوتوو بێت لە بەرپاکردنی ڕاپەڕینێکی گشتیی کورددا٣٤. بەهەرحاڵ، ئەو لەپاش چەندین ڕۆژی بەرگری کردن لەدژی هێزەکانی عوسمانی لە ئێرویکس، لە ٤ی تەمووزی ١٨٤٧دا، خۆی ڕادەستی پاشاکانی عوسمانی کرد (کاردام، ٢٠١١: ٣٥٨). وادیارە لەم کاتەشدا (مایسی ١٨٤٧)، نووروڵڵا بەگی هەکاری، کە لە شۆڕشەکەدا بەشداریی نەکرد و خۆی بەدوور گرتبوو، قەناعەتی پێکرابوو کە واز لە دڵسۆزی و ملکەچیی بەدرخان بێنێت٣٥. لەپاش گرتنی بەدرخان، "تەنها چەند مانگێکی کەم تێپەڕیبوو بە سەر گرتنی بەگەکانی بەدلیسدا، کە درێژترین ماوە بەرگریی هێزی چەکداری تورکییان کردبوو. بۆچوون وایە کە لەگەڵ ئەواندا یاخیبوونەکە لەو کاتەدا لە کوردستان دامرکێنرایەوە (لایارد، ١٨٥٢: ١٠). تا مانگی ئاب نزیکەی هەموو سەرۆکە گرنگە کوردەکان خۆیان بەدەستەوەدا و چاوەڕیی دوورخستنەوەیان بوو بۆ ناوچەکانی ڕۆژئاوای ئیمپراتۆرییەت٣٦. وەک هەمیشە عادەت وابووە کە خیانەت تەنها ئاسوودەییەکی کاتی دەستەبەر دەکات بۆ خیانەتکاران، ئەو سەرۆکانەی کە هاوکاری و هەماهەنگییان کرد لەگەڵ عوسمانییەکاندا، وەک شەریف بەبی مووش و براکانی بۆ ماوەیەک لە پێگە و پۆستەکانیان مانەوە بەڵام بۆ سەرەتای ساڵی ١٨٥٠ ئەوانیش لە ناوچەکە دوورخرانەوە. سەرباری زوو جیابوونەوەشی عەبداڵ خانیشیان خستە پاڵ کاروانی دوورخراوەکان.

بەهەمان شێوە، هاوکاری نەکردن لەگەڵ بەدرخان - خان مەحموود و پێدانی نیشانێکی ئیمپراتۆرییش نووروڵلا بەگی هەکاریی ڕزگار نەکرد. ئەستەمبووڵ بەهانەیەکی پێگرت کەو هەوڵی داوە ناوچەکانی هەکاری بخاتە سەر ئێران و عوسمانییەکان بەگومان بوون لە نووروڵڵا چونکە یەکێک لە ژنەکانی خوشکی یەحیا خانی سەڵماس بوو، کەوا خوشکێکی تری ژنی محەمەد شای ئێران بوو. عوسمانییەکان بە داواکاری ئەوەی کە تاران ڕێگە نەدات لە سنوور بپەڕێتەوە لە ٩ی دیسەمبەری ١٨٤٨دا هێزەکانیان بردە ناو جوولەمێرگەوە. نووروڵڵا بەگ لە ترسی باڵادەستیی ئەم هێزە هەڵهات بۆ قەڵای بەردەڕەش و لەوێ عەلی ئەشرەف خانی حاکمی ئێرانی بە ٣٠٠ سوارەوە فریایکەوت و ڕزگاری کرد. ئەمەش قەیرانێکی نێودەوڵەتیی بچووکی لێکەوتەوە و کاتێ داوای گێڕانەوەی کرد لە تارانەوە، دەسەڵاتە ناوخۆییەکان و تەنانەت کونسوڵەکانی بەریتانیا و ڕووسیا لە تەبرێز لای خۆیانەوە هانی ئێرانییەکانیان دەدا کەوا نووروڵڵا ڕادەستی دەسەڵاتدارانی عوسمانی بکەن و بەڵێنی پاراستنی ژیان و کەرامەت و مڵک و ماڵیان دا. ئەوجا نووروڵڵا لە ژێر ئەم چەشنە فشارەدا ناچار بوو بگەڕیتەوە بۆ بەری عوسمانییەکان و پەنا بباتە بەر سەید تەهای هەکاری، کە شێخێکی نەقشی - قادریی ڕێزلێگیراو بوو (هاکان، ٢٠٠٧: ٢٦٦ - ٢٧١). بەهەرحاڵ، هەر زوو نێردرا بۆ ئەستەمبووڵ و لەوێشەوە بۆ تاراوگە. داڵدەدانی نووروڵڵا لە لایەن سەید تەهاوە ساتەوەختێکی سیمبۆڵی بوو لە مێژووی کوردستاندا. لەکاتێکدا کەوا کەسایەتی و دەسەڵاتدارە کۆنەکان بەرەو لاوازی و کزی دەجوون، چینێکی نوێی چینیکی نوێی خەڵکی ناوەند لە نێوان دەوڵەت و کۆمەڵگەدا، سەرکردە و ڕابەرانی چەسپاوی تۆڕە ئاینییەکان، بەرەوە شانۆی ڕووداوەکان دەچوونە پێشەوە و عەبای سەرکردایەتییان دەدا بە شاندا.

ئەنجام

 

 

گەلێ لە باسوخواسەکانی ئۆتۆنۆمیی کورد بەوە دەستیان پێکرد کە ئیدریسی بەدلیسی زۆربەی میرە کوردەکانی هێنایە ناو خانەی عوسمانییەوە. بەهەرحاڵ، وەک پێشتر باس کرا، سوڵتان سەلیمی یەکەم ئیمارەتە کوردییەکانی دروست نەکرد، بەڵکوو بە نێوەندگیریی بەدلیسی دەسپێشخەریی هاوپەیمانییەکی کرد لەگەڵ چینی کەسایەتی و دەسەڵاتدارانی کورددا. ڕاستییەکەی دانوستان کردنی ئەو لەگەڵیان و ئیمتیازی تایبەت پێدانیان بەڵگەیەکە بۆ بوون و دەسەڵاتیان لەپێش سترۆکتوور و پێکهاتەکانی عوسمانیدا و ئەمان - واتە عوسمانییەکان - وەک چۆن لە بەش و پارچەکانی تری ئیمپراتۆرییەتی ئیمپرتۆرییەتدا کردیان، زیرەکانە تێکەڵ بە جەستەی سیاسیی ئیمپراتۆرییتیان کردن. کەسایەتی و دەسەڵاتدارە ناوخۆییەکان لە زۆر بەشی ئیمپراتۆرییەتدا بۆ چەندین پشت هێز و دەسەلاتی خۆیان هێشتەوە. لە حاڵەتی کوردستاندا، لە ڕێگەی هاوپەیمانییەکی دژە سەفەوی و سوودبەخش بۆ هەردوو لا، ژمارەیەکی بەرچاوی بنەماڵە دەسەڵاتدارەکانی کورد ڕازی بوون بچنە ژێر ڕکێفی سوڵتانی عوسمانییەوە، لەبەرانبەر پاراستنی سەربەخۆییاندا. ئەوان هەر هەموویان لە ناوچەکان سنووردا نەبوون. ئەوان سەرباری هەڵکشان و داکشانی دۆخی باش و پڕ ئیمتیاز یان ئۆتۆنۆمییان، لەگەڵ ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵ و ژمارەی ڕوو لە کزییان کە تا ناوەڕاستی سەدەی نۆزدە بەردەوام دەبێت. بە بێگومان، دانپیانانی سوڵتان بە دەسەڵاتیاندا "یارمەتیدەر بوو بۆ جێگیر کردن و پتەوکردنی هێز و دەسەڵاتیان" (ئوێزئۆغڵوو، ١٩٩٦: ٢٤)، هەروەها "پێگەی ئەم 'میرانەی' چەسپاند و پتەوی کرد لەبەرانبەر ڕکابەر و ڕەعییەتەکاندا" (هۆستۆن، 2007: 409)، لەکاتێکدا کە ڕووبەری گەورەی زەوی و خاکی خستە ژێر دەسەڵاتی ئەستەمبوولەوە. لەگەڵ ئەوەشدا، هەڵەیە ئەگەر خوێندنەوە بۆ مێژووی میرنشینە کوردییەکان بکرێت وەک کاردانەوە بۆ سیاسەتەکانی سەفەوی و عوسمانییەکان، یان مانەوەیان لەئەنجامی لاوەکیی ڕکابەریی ئیمپراتۆری یان وەک بەشێک لە سازش و چارەسەری کێشەی ناوچە سنوورییەکان. ئەم چەشنە کورتکردنەوە و بەناوەندی کردنەی تورکی و ئێرانییە لە خوێندنەوەی مێژوودا بۆ گرووپگەلێکی وەکوو کورد، وەک هەندێ لە توێژەران سەرنجیان داوە لە حاڵەتی تردا، تەنها "هاوکێشە و گونجاندنە و دروستکردن و بەگەڕخستن و دەستپێشخەری کردن یان کۆنترۆڵ کردن نیە" و مامەڵەی کاڵا و شمەکیان لەگەڵ کردوون نەک بابەت یان تەنها وەک داشی دامەی گەمەکردنی ئیمپراتۆری مامەڵەی لەگەڵ کردوون. ئەم چەشنە دید و تێڕوانینە نەک هەر نکووڵی بریکاریی کورد دەکات لە دروستکردنی مێژووی خۆیاندا، بەڵکوو بێدەنگ کردنی ئەم بریکارییەش پەراوێزکەوتنی مێژوویان و "ڕۆلیان وەک بریکارانی ئەقڵانیی کاریگەر" دیاری دەکات (ووندەر و هامالاینن، ١٩٩٩: ١٢٣٢ - ١٢٣٣).

گەورەترین بەڵگەش بۆ ئەم ڕۆڵە مانەوەی بنەماڵە دەسەڵاتدار و حوکمڕانە کوردەکانە، سەرەڕای هەوڵ و کۆششە سەرومـڕەکانی دەسەڵاتدارە عوسمانییەکان بۆ کۆتایی هێنان بە حوکمیان بەدرێژایی چەندین سەدە. بەرگری کردنیان بۆ هەوڵی عوسمانییەکان بۆ کۆتایی هێنان بە دۆخی میراتگرییان تەنها هەر کاردانەوەیەک نەبوو بۆ تەنزیمات، وەک چۆن مێژووناسیی عوسمانیی ئاسایی دەخوازێت باوەڕی پێبهێنین، بەڵام بەرهەڵستییەک بۆ پاشا عوسمانییەکان دەیەوێت ئەم ڕۆڵە و ئۆتۆنۆمیی کورد کۆتایی پێبهێنێ. بەم پێیە، یەک لە دەرنجامە هەرە گرنگەکانی هەڵوەشانەوەی میرنشینە کوردییەکان دیارنەمانی ئەم ڕۆڵەیە کەوا بریکاری کورد لە ماوەیەکی درێژ و بەرچاودا مێژووی خۆیان دروست بکەن.

کاتێ کەوا حوکمیان کۆتایی هات، ئەریستۆکراتییەتی کوردی بە شێوەی جۆراوجۆر تێکەڵ بە سترۆکتوور و پێکهاتەی سیستەمی کارگێڕیی عوسمانی بوون. زۆرێک لە ئەریستۆکراتە پلە خوارترەکان کوردستانیان جێهێشت و تێکەڵ بە سیستەمی کارگێڕیی عوسمانی بوون. بۆ نموونە، عەبدوڵڵا بەگی حاکمی پاڵوو ناونیشانگەلی چەشنی ڕیکابی هومایۆنیی قاپیچی باشی (واتە فەرمانبەری 'یان ئەفسەری' کۆشکی ئیمپراتۆریی) پێدرابوو لەگەڵ عەسکەریی ڕەدیف بینباشیسی (مێجەری هێزەکانی یەدەکی سەربازی). کاتێکیش کە حکوومەتی ناوەندی پێگەی میراتگرییەکەی هەڵوەشاندەوە بە مودیری ناحیەی پاڵوو دایمەزراند و دواتر کردی بە قایمقامی قەزای حوسنی مەنسوور (گویندۆغان، ٢٠١٤: ١٦٥). ئەم چەشنە دامەزراندنانە ڕێگەی کردەوە بۆ ئەوەی کە ناوی لێنرا "سیاسەتی کەسایەتییەکان"، کە دواتر وا کەوتەوە کە باڵ بکێشێت بە سەر سیاسەتی حکوومەتە یەک لە دوای یەکەکانی ساڵانی دواتری پاش عوسمانیدا. بەهەرحاڵ، ئەمە ئاماژەش بوو بۆ ئەریستۆکراتەکان کە تەنها ڕێگە بۆ دەستەبەر کردنی هەندێ فۆرمی هێز و دەسەڵات هەماهەنگی و هاوکاری بوو لەگەڵ دەوڵەت یان بەشێکی.

بێجگە لە ئاوێتە کردنی کەسایەتییە ئاست خوارترەکان، کەسایەتییە دەسەڵاتدار و حوکمڕانەکانی کوردستان، وەک ئەندامانی بنەماڵەکانی بابان، بۆتان، هەکاری و سۆران دوورخرانەوە بۆ تاراوگە و لە خاک و وڵاتی خۆیان دابڕان. ئەمە پێشینەیەکی داڕشت کە دواتر لە سەردەمی کۆماریشدا دووبارە دەبووەوە. هەڵبەت دوورخستنەوەکانیان بۆ تاراوگە بە شێوەیەکی بنەبڕ کۆتایی بە حوکمی میراتگریی کورد هێنا لەو خاک و ناوچانەی کە حوکمیان دەکرد. بەڵام ئەوە وای نەدەگەیاند کە دۆخی دەستەبژێرییان تەواو ببێت. حاڵەتە باوەکانی بابانەکان و بەدرخانییەکان لەم ڕووەوە تێڕوانینێکی تەواو دەاتە دەستەوە. لەدوای گەڕانەوەی بەدرخان لە تاراوگەوە، بەدرخانییەکان، بۆ نموونە، کەوتنە ئەوەی کە زۆر لێزانانە خۆیان تێکەڵی دەستەبژێری عوسمانی بکەن و ئەمەش ژمارەیەک ئیداریی بەرز و مامناوەندی لێ بەرهەمهات. بە هەمان شێوە بابانەکانیش بوون بە بەشێک دەستەبژێری عوسمانی و دواتریش کۆماری. خودی بەدرخان بەگ خۆی، پێکەوە لەگەڵ خێزانە فراوانەکەی، نێڕدران بۆ کاندیا لە دوورگەی کرێت. لە پاش ماوەیەکی سەخت و ناڕەحەتی، مووچەیەکیان بۆ بڕییەوە و لە ساڵی ١٨٤٨دا بە هۆی خزمەتکردنیەوە لە دوورگەی کرێت بانگهێشت کرا بۆ کرێت و نیشانێکی مەجیدیی پلە چوار و پایەی میری میرانی پێبەخشرا، کە پلەیەکی مەدەنییە و هاوتای پلەی فەریقی سەربازییە (سورەییا، ١٩٩٦: ٢/٣٦٠). ئەوجا لە پاش دە ساڵ نیشتەجێ لە ئەستەمبووڵ لە ژێر چاودێریدا گواسترایەوە بۆ دیمەشق و لە ساڵی ١٨٦٧دا لەوێ کۆچی دوایی کرد و لە دوای خۆی بیست و دوو کوڕ و بیست و یەک کچی بەجێهێشت. ئیدارەی عوسمانی زۆر جەختی لەسەر ئەوە دەکردەوە کە نەوەی بەدرخان هیچ پەیوەندییەکیان نەمێنێت بە زەوی و خاکی باوباپیرانیانەوە و نەتوانن تێیدا دەرکەون وەک خاڵێکی کۆبوونەوەی کوردان٣٧. بێجگە لە ژمارەیەکی کەمی بەدرخانییەکان کە دواتر ڕۆڵی بەرچاویان لە بزووتنەوەی نەتەوەیی کورددا، زۆربەی ئەندامانی بنەماڵەکە یان بێدەنگ کران و تێکەڵی بنەماڵە ئەریستۆکراتە جۆراوجۆرەکانی تر بوون لە هەموو لایەکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا یان توانەوە لە ناو دەستەبژێرە دەرکەوتووەکانی کۆماری یان ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا٣٨.

نووروڵڵا بەگی هەکارییش، کە دوورخرایەوە بۆ هەمان دوورگە و بە هەمان شێوە هەموو پەیوەندییەکی لێ قەدەغە کرا بە خاک و وڵاتی ڕەسەنیەوە، پلەی دەرگاهی عالیی قاپیچی باشلغی پێدرا و دواتر لێخۆشبوونی بۆ دەرچوو و زیادەیەکیش خرایە سەر مووچە کەمەکەی٣٩. لە زۆربەی حاڵەتەکاندا، تەنها خێزانی دەسەڵاتداران ڕێگەیان پێدەدرا کەوا چەردەیەکی کەمی داهاتی ئەو زەوییانەیان بۆ بگەڕێتەوە کە لەدەستیان دەرچووبوو٤٠. ئەو کەسیاتی و دەسەڵاتدارانەی کەوا، بەپێچەوانەی نووروڵڵا و بەدرخان، هاوکاری و هەماهەنگییان کردبوو لەگەڵ دەسەڵاتدارانی دەوڵەتدا خۆیان پێ دەرباز نەکرا لە دوورخستنەوە. بۆ نموونە، شەریف بەگی مووش، سەرەڕای جیابوونەوەشی، کەچی دوورخرایەوە بۆ دیمەشق بەڵام دواتر ڕێگەی پێدرا بۆ بەدەستهاتنی داهاتی لە یورتولوک - ئوجاکلکی زەوییەکانی، هەرچەندە دۆخی یاسایی زەوی گۆڕاوە٤١. بە هەمان شێوە، سلێمانی کرا بە سەنجەقێکی ئاسایی ئاسایی و سوپایەکی ئاسایی لە ناوچەکەدا دامەزراوە٤٢. بەڵام ئەوە ڕێگر نەبوو لە بەردەمی ئەوەی کە عوسمانییەکان پێگە و پۆستی کارگێڕیی بەرز بسپێرن بە ئەندامانی بنەماڵەی بابان. بۆ نموونە، ئەحمەد پاشای بابان، لەپاش دوورخستنەوەی ماوەیەکی کورت بۆ ئەستەمبووڵ، کە یەکمجار مووچەیەکی کەمی دەدرایە، لەگەڵ نێردەی عوسمانیدا نێردرا بۆ پاریس و لەوێ ماوەی دوو ساڵ و نیو مایەوە (ئەتماکا، ٢٠١٩: ١١). هەروەها دواتر وەک بەگلەربەگیی (والیی) یەمەن (١٨٥٥ - ١٨٦٤)، موتەسەڕیف (حوکمڕانی) وان (١٨٦٥) دانراوە، لە ئەیلوولی ١٨٦٥یش بەرزکراوەتەوە بۆ پلەی وەزیر و جارێکی تر کراوەتەوە بە والیی یەمەن. دوو ساڵی دامەزراندنیشی لە والێتیی ئەرزڕووم و حەڵەب و ئەدەنەدا بەسەربردووە، کە لەمی دواییاندا ساڵی ١٨٧٥ کۆچی دوایی کردووە. سیجللی عوسمانی ئەوەی تۆمارکردووە کەوا خالید پاشای کوڕی بووە بە باڵیۆزی عوسمانی لە تاران و مستەفا پاشای براشی بووە بە والیی بەسرە (سورەییا، ١٩٩٦: ١/ ٢٠٤). چەندین کەسی تر لە ئەندامانی بنەماڵەی بابان پلە و پایەی بەرز و دیاریان لە دەوڵەتی عوسمانی و تورکیای کۆماریدا پێسپێردراوە، لەکاتێکدا کە هەندێکی تریان بۆ پێگەی دیار بەرزبوونەتەوە لە عێراقدا.